کوردپرێس: بەپێی ئەو راگەیێندراوەی کە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاوە بڵاو کراوەتەوە، لە میانی پەیوەندییەکەدا، تاوتوێی ھەنگاوەکانی پێشخستنی پەیوەندییەکانی تورکیا - یەکێتی ئەورووپا و پرسە ناوچەییەکان کراوە.
ئەردۆغان لە میانی پەیوەندییەکەدا راگەیاندووە کە تورکیا ئەوەی لە ئەستۆ بووە بە زیادەوە ئەنجامی داوە و ئێستا نۆرەی یەکێتیی ئەورووپایە کە ھەنگاوی کرداریی بنێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە "لەمێژە وادەی ئەوە ھاتووە ئەجێندایێکی ئەرێنی لەگەڵ تورکیا جێبەجێ بکرێت."
راگەیێندراوەکە دەڵێت، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە: "پێویستە بە زووترین کات و بەبێ پێش مەرج" دەست بە پێداچوونەوە بە دانوستانەکانی یەکێتیی گومرک بکرێتەوە و ھیوای خواست کە دەست بە کۆبوونەوەکان لەسەر ئاستی باڵا بۆ دیالۆگ لەسەر هاوئاهەنگیی لە بوارەکانی تەندروستیی گشتی، گۆڕانی کەشوھەوا، کاروباری ناوخۆ، پرسی کۆچ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بکرێتەوە.
ئەردۆغان، لە میانی پەیوەندییەکەدا، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە دابین کردنی ئازادیی ڤیزە لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا، ھەنگاوێکە خەڵکی تورکیا ماوەیێکی درێژە چاوەڕوانی دەکەن و جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێويستە لێکتێگەیشتنەکانی 18ـی ئادار بە ھەموو بڕگەکانییەوە بەھێز بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment