کوردپرێس: بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعش لە بەغدا لەژێر سەرپەرشتیی پرۆگرامێکی تایبەتی حکوومەتی عێراقیدان، کە تایبەتە بە ئافرەتانی رزگاربووی دەستی داعش.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، کازمی بایەخدانی حکوومەتەکەی بە دۆسێی ئافرەت و منداڵانی کوردی رفێندراوی ئێزدی دووپات کردەوە و رایگەیاند، دۆخەکە ئاسایی نابێتەوە تاوەکوو هەموو رفێندراوان ئازادنەکرێن و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەرقەرار نەکرێت.
مستەفا کازمی گوتووشیەتی "پێویستە ناوچەی کەسوکارە ئێزدییەکانمان ئاوەدان بکرێتەوە و قەرەبووی ئەو ئازار و مامەڵە دڕندانەیە بکرێتەوە کە تووشیان بوو".
لە سەرەتای مانگی ئاداردا پەرلەمانی عێراق یاسای تایبەت بە ئافرەتانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعشی پەسند کرد، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشوازییێکی بەرچاوی لێکرا و تێیدا دەستەبەری قەرەبووکردنەوەی رزگاربووانی دەستی داعش و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە دەستەبەر دەکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment