تورکیا: بەرپرسی کەمپی مەخمووری پەکەکەمان کوشتووە

بەشی تورکیا- بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) کوشتنی حەسەن ئادر بەرپرسی کەمپی مەخموری پەکەکەی راگەیاندووە. ​

کوردپرێس:

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاوی کردەوە، "دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) حەسەن ئادر بەرپرسی کەمپی مەخمووری پەکەکەی کوشتووە، کە ئەوەش سێیەمین بەرپرسە لەسەر دەستی میت بکوژرێت."

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "حەسەن ئادر نازناوی ساڵی جیزرەیە و لە لیستی داواکراوانی تورکیایە و پێشتر بەرپرسی کەجەکە لقی سلێمانی بووە."

هاوکات، تا ئێستا پەکەکە لەسەر ئەو دەنگۆیانە هیچ روونکردنەوەیەکی بڵاونەکردووەتەوە و کوشتنی حەسەن ئادری پشتڕاستنەکردووەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٥ی ئەم مانگە، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆ سەر کەمپی مەخمور، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

دواتریش، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا سوپاسی ئەو لایەنانەی کرد، کە لە بۆردومانکردنی کەمپی مەخموردا رۆلیان هەبوو و وتووی، سەلمان بۆزقیر کە بە دکتۆر حوسەین ناسراوە و بەرپرسی گشتی پەکەکە بووە لە کەمپی مەخمور کوژراوە.

ئەردۆغان باسی لەوەش کردبوو، "رێگە بە هیچ نەیارێکمان نادەم کەمپی مەخمور وەکو پەناگەیەک بۆ گروپە چەکدارەکان بەکاربهێنن."

کەمپی مەخمور؛ دەکەوێتە نزیک قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێرە، لەساڵی ١٩٩٤ەوە ژمارەیەک خێزانی کوردی باکوری کوردستان لەو کەمپەدا دەژین و ژمارەی دانیشتوانەکەشی بە ١٢ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

دوێنێش، ليندا تۆماس پەیکی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بە روونی بە بەرپرسانى تورکیای وتووە، کە ھەر ھێرشێک ھاوڵاتیانی مەدەنی بکاتە ئامانج لە کەمپی پەنابەرانی مەخموور، پێشێلکرنی مافەکانى مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

News Code 2333

Your Comment

You are replying to: .
captcha