بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی جوونی 2021 گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بوویەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا بەرزدەنرخێنین و سوپاسی پشتگیریی بەردەوامیان بۆ گەلی کوردستان دەکەین، هاوبەشی بەریتانیا 30 ساڵ پێش ئێستا دەستی پێکردووە کاتێک کە لە نیسانی 1991 لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بڕیاری 688ـیان دەرکرد بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام. کە ئەوە سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت پەیوەندییێکی دۆستانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست بکات، لەو کاتەشەوە پەیوەندیمان لەگەڵ بەریتانیا هەمیشە بەردەوام بووە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی داعش رایگەیاند، "هاوشانی بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیان پابەندی خۆمان بە بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسی و هەڕەشەکانی داعش دووپات دەکەینەوە."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان لە ململانێکانی ناوچەکە دەڵێت: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵی زۆر گرنگی هەبووە لە شەڕی دژی داعش، بۆیە من ستایشی رۆڵی پێشمەرگە و رۆڵی میللەتی کورد دەکەم کە زۆر قوربانیان داوە لەم پەیوەندییە ماوەدرێژە".
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش دا، "ئەمڕۆ گفتوگۆیێکی نایابم لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و بەریتانیا پابەند دەبێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری"، هەروەها دەشڵێت، "لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئازادیی خەڵکی هەرێمی کوردستنمان کرد بە تایبەتی لە بواری میدیا و ئازادیی رادەربڕین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دۆخی ئافرەتان دەڵێت، "وڵاتانی جی حەوت 15 ملیۆن دۆلاریان تەرخان کردووە بۆ پشتگیری لە پەرەپێدان بە تواناکانی ئافرەتان و هیوادارین ئەو پاڵپشتییانە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بگرێتەوە".
دۆمینیک راب رایگەیاند، "سەردانەکەی من بۆ گرنگیدانە بە پەیوەندییە درێژخایەنەکەمان و ئێمە زۆر دڵخۆشین بەوەی کە بەردەوامین لە دۆستایەتی کورد".
یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدا بابەتی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا بوو کە بەپێی توێژینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر دەردەکەوێت، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "ئێستا لە هەرێمی کوردستان خەریکە کاریگەرییەکانی دەردەکەوێت و خەریکە وشکەساڵی دەبێتە کێشەیێکی رژدی لەبەردەممان.. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پابەندین بە رێکارە نێودەوڵەتییەکانی خۆگونجاندن و کەم کردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆرانی کەشوهەوا لە جیهان.. هەروەها لە هەرێمی کوردستان پلانمان بۆ کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکانی وەکوو دووانە ئۆکسیدی کاربۆن داناوە."
لە کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بابەتەکانی؛ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا، کێشەکانی بەغدا و هەولێر و هەوڵەکانی چارەسەرکردنیان، مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر"، هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و دۆخی ناوچەکە بەگشتی تاوتوێ کران.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment