پێوەری ئەدەب؛ سیاسەتێک کە کورسی پەرلەمانی تێپەڕاند/ مەنسوور ئەولا

هەندێک سیاستمدار بە کۆتاییهاتنی بەرپرسیاریەتییەکەیان کۆتایییان پێدێت؛ هەندێکی دیکە، تازە دوای کۆتاییهاتنی بەرپرسیاریەتی دەچنە ناو مێژووەوە. جیاوازیی ئەمانە، نە لە ژمارەی ساڵانی ئامادەبوون لە دەسەڵاتدا، بەڵکوو لەو شتەدایە کە لە خۆیان لە بیرەوەریی گشتیدا بەجێی دەهێڵن. بەهائەدین ئەدەب لە دەستەی دووەم بوو.

کوردپرێس- ساڵانێکی زۆر بەسەر کۆچی دوایی ئەو تێپەڕیوە، بەڵام ناوەکەی هێشتا لە بەحس و گفتوگۆی دەربارەی نوێنەرایەتیکردن لە کوردستاندا دووبارە دەبێتەوە. ئەم مانەوەیە ناتوانرێت تەنیا بە سۆز، وابەستەیی نەتەوەیی یان یادەوەریی سەردەمێکی سیاسی روون بكرێتەوە. ئەدەب بۆ بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردستان بووەتە پێوەرێک؛ پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە نوێنەری گەل تا چ ئاستێک توانوێتی لە نێوان سیاست و گەشەپێدان، لە نێوان داخوازییە ناوخۆییەکان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، و لە نێوان دەسەڵات و بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵایەتیدا پەیوەندی دروست بکات.

لە ڕوانگەی ئەمەوە، ساڵیادی کۆچی دوایی ئەدەب زیاتر لەوەی دەرفەتێک بێت بۆ شیننامە، دەرفەتێکە بۆ هێنانەئارای پرسیارێکی سیاسی: نوێنەرایەتیکردن لە ئێراندا چی دەگەیەنێت؟ ئەم پرسیارە، ڕێک لە خودی ئەدەب گرنگترە.

لە مەیدانی ئاوەدانییەوە تا گۆڕەپانی سیاست

ئەدەب پێش ئەوەی بچێتە پەرلەمانەوە، ئەزموونی کار و ئاوەدانکردنەوەی هەبوو. ئەندازیاری ڕێگەوبان و خانوووبەرە بوو، لە چالاکییەکانی ئاوەدانی و ئابووریدا بەشدار بوو و لە نزیکەوە ئاشنای سەختییەکانی وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردن بوو. ئەم پاشخانە، سیاسەتی بۆ ئەو لە ئاستی دروشمەوە بەرەو ئاستی چارەسەرکردنی پرسەکان نزیک دەکردەوە.

ئەو لە خولی پێنجەم و شەشەمدا بووە نوێنەری خەڵکی سنە، دیواندەرە و کامێران؛ بەڵام ئەو وێنەیەی لە نوێنەرایەتیکردن پێشکەشی دەکرد، تەنیا بەرگریکردن نەبوو لە داواکارییەکانی یەک بازنەی هەڵبژاردن. هەوڵی ئەو ئەوە بوو کە پرسەکانی کوردستان لە چوارچێوەی پرسی گەشەپێدانی ئێرانیشدا بهێنێتە ئاراوە. ئەمە جیاوازییەکی گرنگە.

نوێنەری ناوچەیی، داواکارییەکانی بازنەی هەڵبژاردنی خۆی دەگوازێتەوە بۆ ناوەند؛ بەڵام ئەو نوێنەرەی لە تێگەیشتنی گەشەپێدان دەگات، هەوڵ دەدات لۆژیکی گەشەپێدانی ناوچەکەی بکاتە بەشێک لە سیاسەتی نیشتمانی. بێگومان ئەو بە پێچەوانەی هەندێک کەس کە ئەم ڕۆژانە ناوی نوێنەرایەتییان هەڵگرتووە، لە بیری دروستکردنی دەستەودایەرەی دەستکەوتپەرستی ناوچەیی و دەستبەسەرداگرتنی فڵانە دامەزراوەدا نەبوو. ئەو سیاستمدارێکی باڵا و کوردێکی خەمخۆر بوو.

ئەدەب بەم مانیایە، تەنیا لە کوردستانەوە قسەی نەدەکرد؛ دەربارەی پێگەی کوردستان لە ئێرندا قسەی دەکرد، و ئەم دووەش یەک شت نین.

کێشە و گرفتی کوردستان تەنیا هەژاری نییە

یەکێک لە هەڵە درێژخایەنەکان لە تێڕوانین بۆ ناوچە کەم گەشەسەندووکان، کورتکردنەوەی پرسەکانیانە لە «کەموکوڕی»دا؛ کەمبوونی بودجە، کەمبوونی ژێرخان، کەمبوونی کارگە، کەمبوونی هەلی کار. بەڵام گرفتی کوردستان تەنیا کەمبوونی شتەکان نییە؛ بابەتەکە، دەرفەتە بەکارنەهێنراوەکانیشە.

سەرمایەی مرۆیی، پێگەی جۆگرافی، توانای سروشتی، گەشتیاری، کشتوکاڵ، سنوور و لە هەمووی گرنگتر، هێزی مرۆیی خوێندەوار، بەشێکن لەو توانایانەی کە ئەگەر لە ناو ستراتیژییەکی گەشەپێدانی یەکگرتوودا دانەنرێن، خۆیان دەبنە بەشێک لە پرسەکە. ئەدەب، بە سەرنجدان لە پاشخانی پیشەیی و ئابووریی خۆی، گەشەپێدانی زیاتر لە جۆری «دروستکردن و ئاوەدانکردنەوە» دەبینی تا «داواکردن». ئەمە جیاوازییەکی سەرەکییە. داواکردن، خاڵی دەستپێکی سیاستە؛ بەڵام دروستکردن و ئاوەدانکردنەوە، پێوەری سەرکەوتنییەتی.

سیاستمداری گەشەخواز

ڕەنگە ئەمڕۆ یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی کەلەپووری ئەدەب هەر ئەمە بێت: بەستنەوەی سیاست بە گەشەپێدانەوە. لە سیاسەتی ئێرندا، جار بە جار گەشەپێدان دەبێتە قوربانیی سیاست و جار بە جاریش سیاست دەبێتە قوربانیی نەبوونی گەشەپێدان. ئەنجامەکە لە هەردوو بارەکەدا یەک شتە: ئاریشەکە دەمێنێتەوە و کۆمەڵگە باجەکەی دەدات.

گەشەپێدان، بەڵام پێش ئەوەی ئابووری بێت، پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە. ئەوەی لە کوێ ڕێگە دروست بکرێت، سەرمایە بۆ کام ناوچە بچێت، زانکۆ چۆن گەشە بسێنێت، کەرتی تایبەت چ پێگەیەکی هەبێت، سەرچاوەکان چۆن دابەش بکرێن و کام ناوچە لە لەپێشینەدا بێت، هەموویان بڕیاری سیاسیین. لەم ڕوانگەیەوە، گەشەپێدانی کوردستان بەبێ سیاسەتێکی گەشەپێدانخواز ئیمکانی نییە. ئەدەب لەم پەیوەندییە گەشتبوو؛ یان لانیکەم کارنامەکەی دەری دەخات کە سیاسەتی لە ئاریشەی گەشەپێدان جیا نەدەکردەوە.

هەر ئەمه‌شە کە ئەمڕۆ دەکرێت دەربارەی ئەو نە ڕاستەوخۆ وەک نوێنەرێکی پێشووی پەرلەمان، بەڵکو وەک نموونەیەک لە سیاستمداری گەشەپێدانخواز لە ئاستی ناوچەییدا قسە بکلێت.

پەرلەمانی شەشەم و ئەزموونێکی سیاسیی گرنگ

ئەدەب لە سەردەمێکدا نوێنەری پەرلەمان بوو کە سیاسەتی ئێران یەکێک لە پرکێشەترین و لە هەمان کاتدا پرهیواترین سەردەمەکانی دوای شۆڕشی ئەزموون دەکرد. پەرلەمانی شەشەم شوێنی کێشمەکێش بوو لەسەر چاکسازی، مافی هاووڵاتیبوون، کۆمەڵگەی مەدەنی، پەیوەندیی دەوڵەت و کۆمەڵگە و ئایندی سیاسەتی ئێران. لە کەشێکی وەهادا، داواکارییەکانی کوردستانیش نەیدەتوانی لە دەرەوەی ئەم گۆڕانکارییانە پێناسە بکرێت. ئەدەب هەوڵی دا ئاریشە ناوچەیییەکان لە ئاستی نیشتمانیدا بەدواداچوون ببات. ئەم هەوڵە، سەرباری هەڵسەنگاندنی کارکردی تاک بە تاکی هەنگاوەکانی، وانەیەکی گرنگی بۆ ئەمڕۆ پێیە: داواکاریی ناوچە پەراوێزخرابووەکان ئەو کاتە ئیمکانی کاریگەریی زیاتریان هەیە کە لە زمانی ئاریشەی نیشتمانییەوە دەرببڕدرێن. داواکاریی کوردستان، ئاریشەیەکی جیاواز لە ئێران نییە و گەشەپێدانی کوردستانیش پڕۆژەیەکی جیاواز لە گەشەپێدانی ئێران نییە، و ئاسایشی بەردەوامیش بەبێ گەشەپێدانی هاوسەنگ، بەشداریی کۆمەڵایەتی و هەستکردن بە سوودمەندبوون لە دەرفەتە یەکسانەکان، چەمکێکی ناتەواو دەبێت. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە پرسی کوردستان لە ئاستی جۆگرافیاوە بەرەو ئاستی سیاسەتی نیشتمانی بەرز دەبێتەوە.

بۆچی هێشتا لەسەر «ئەدەب» قسە دەکەین؟

ئەگەر بمانەوێت دادپەروەر بین، هیچ سیاستمدارێک نابێت لە ڕەخنە بەدوور بێت؛ ئەدەبیش لەم بەدەر نییە. مێژوو نابێت بکرێتە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان. بەڵام ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی هەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت: ناوی ئەو هێشتا لە بیرەوەریی سیاسیی کوردستاندا زیندووە. هۆکاری ئەم مانەوەیە دەبێت لە پێکهاتەیەک لە کەسایەتی، پاشخانی کۆمەڵایەتی، ئەزموونی ئابووری، ئامادەیی لە پەرلەمان و ئەو وێنەیەدا بگەڕێین کە لە چەمکی نوێنەرایەتیکردن لە مێشکی بەشێک لە کۆمەڵگەدا بەجێی هێشت. لە سەردەمێکدا کە مەودای نێوان کۆمەڵگە و سیاست لە زۆربەی شوێنەکانی وڵاتدا زیادی کردووە، ئەم بابەتە گرنگیی زیاتر پەیدا دەکات. کۆمەڵگە لە سیاستمدار تەنیا وتارخوێندنی ناوێت؛ کاریگەریی دەوێت. خەڵک دەیانەوێت بزانن ئەوەی بە ناوی ئەوانەوە چووەتە ناو پێکهاتەی دەسەڵاتەوە، چی گۆڕانکارییەکی لە ژیانیاندا دروست کردووە. ئەمە ڕێک ئەو شوێنەیە کە «ئەدەب» لە ناوێکی تایبەت تێپەڕ دەبێت و دەبێتە چەمکێک.

پێوەری ئەدەب

ساڵانێک پێش، لەم میدیایەدا لە یادداشتێکدا دەربارەی ئەو، دەستەواژەی «پێوەری ئەدەب»م بەکار هێنا. ئەمڕۆش هێشتا بڕوام بەم دەستەواژەیە هەیە، بەڵام بەهایەکەی دەبێت وردتر بكرێتەوە. پێوەری ئەدەب بە مانای بەراوردکردنی کەسەکان نییە؛ بە مانای بەراوردکردنی بەڵێنە لەگەڵ کارنامەدا.

واتە نوێنەر بەم پرسیارە هەڵبسەنگێنین: چەندە لە دەرفەتی چوار ساڵە یان هەشت ساڵەی خۆی تەرخان کرد بۆ ئاوەدانکردنەوە و دروستکردن؟ چەندە لە دەنگی خەڵکی گەیاندە پێکهاتەی دەسەڵات؟ چەندە توانوێتی لە تواناکانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناوچەکە کەڵک وەربگرێت؟ چەندە توانوێتی داواکارییەکانی بازنەی هەڵبژاردن بکاتە ئاریشەیەکی نیشتمانی؟ و لە هەمووی گرنگتر، دوای کۆتاییهاتنی بەرپرسیاریەتییەکەی چی لە دوای خۆی بەجێ هێشت؟

ئەم پرسیارەی دوایی ڕەنگە لە هەموویان گرنگتر بێت. چونکە کورسیی نوێنەرایەتی کاتییە؛ کاریگەریی کۆمەڵایەتی دەتوانێت بەردەوام و بڕشت بێت. ئەمڕۆ، بابەتەکە تەنیا یادکردنەوەی ئەدەب نییە؛ ساڵیادی کۆچی دوایی ئەدەب نابێت بە دووبارەبوونەوەی چەند ڕستەیەک دەربارەی پیاوێک لە نەوەی ڕابردوو کورت بكرێتەوە. بابەتی ئەمڕۆ، خودی کوردستانە.

ناوچەیەک کە هێشتا بەرەوڕووی پرسی گەشەپێدانی جددی بووەتەوە؛ لە هەلی کار و وەبەرهێنانەوە تا ژێرخان، کۆچی هێزی مرۆیی و بەکارنەهێنانی تەواوی تواناکانی ئابووری. لە بارودۆخێکی وەهادا، یادکردنەوەی ئەدەب ئەوکاتە مانای دەبێت کە ببێتە پرسیارێک دەربارەی ئەمڕۆ: بۆچی هێشتا بەشێکی گرنگ لە ئاریشەی گەشەپێدانی کوردستان چارەسەر نەبووە؟

وەڵامەکە ناتوانرێت تەنیا لە کەمبوونی بودجەدا بگەڕێین. گەشەپێدان، بەرهەمی بودجە بە تەنیا نییە؛ بەرهەمی سیاسەتی دروست، بەڕێوەبردنی کارامە، بەشداریی بلیمەتان و شارەزایان، متمانەی کۆمەڵایەتی و بڕیاری بەردەوامە.

کوردستان زیاتر لەوەی پێویستی بە سیاستمدارانێک بێت کە تەنیا دەربارەی بێ بەشی و هەژاری قسە بکەن، پێویستی بە سیاستمدارانێک هەیە کە بتوانن بۆ دەرچوون لەوە، بەرنامە و هاوپەیمانیی سیاسی و ئابووری دروست بکن.

ئەمە ڕەنگە گرنگترین وانە بێت کە دەکرێت لە ئەدەبەوە وەربگیرێت. سیاست، ئەگەر بە کەلکی خەڵک نەیەت، چی بەهایەکی هەیە؟ بەهائەدین ئەدەب لە ۲۵ی گەلاوێژی ۱۳۸۶ (۱۶ی ئابی ۲۰۰۷) کۆچی دوایی کرد. بەڵام ئەو پرسیارەی ناوی ئەو ئەمڕۆ لە پێشماندا دایدەنێت، دەربارەی ڕابردوو نییە؛ دەربارەی داهاتووە.

سیاست بۆ چییە؟ بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات یان چارەسەرکردنی ئاریشەکان؟ بۆ مانەوە لە میدیاکاندا یان مانەوە لە بیرەوەریی خەڵکدا؟ بۆ پیرۆزبوون لە هەڵبژاردندا یان دروستکردنی شتێک کە دوای هەڵبژاردن بمێنێتەوە؟ دەکرێت ئەدەب بە هەموو سنووردارییەکان و ئاڵۆزییەکانی سەردەمەکەیەوە، لە ڕوانگەی هەر ئەم پرسیارەوە دووبارە بخوێندرێتەوە.

ئەو لە نەوەیەک بوو کە هێشتا سیاسەتیان بە کارنامە دەپێوا، نە تەنیا بە بڕی دیاربوون و دەنگدانەوە، و ڕەنگە بەم هۆیەش بێت کە ساڵانێک دوای ڕۆیشتنی، هێشتا ناوی لە ئارادایە. لە سیاسەتدا، گەورەترین سەرمایەی کەسێک، دەسەڵات نییە؛ متمانەی گشتییە.

دەسەڵات دەکرێت بە فەرمان وەربگیرێت، کورسی دەکرێت بە دەنگ بەدەست بێت، ناونیشان دەکرێت بە دەستنیشانکردن وەربگیرێت، بەڵام ئابڕوو و بڕشت دەبێت دروست بكرێت، و ئابڕووش، بە پێچەوانەی دەسەڵاتەوە، بە کۆتاییهاتنی بەرپرسیاریەتی کۆتایی پێنایەت.

بەهائەدین ئەدەب؛ یادەوەرییەک نییە. ڕەنگە ئەمڕۆ، لە شوێنی ئەوەی بڵێین «یادی بەخێر»، باشتر بێت بڵێین ڕێبازەکەی هێشتا زیندووە.

ڕێبازی گەشەپێدان، ڕێبازی نوێنەرایەتیکردن، ڕێبازی دادپەروەریی خاکی، ڕێبازی بەشداری، ڕێبازی پەیوەندیی ناوەند و پەراوێز و ڕێبازی ئەوەی چۆن دەکرێت لە نێوان ناسنامەی ناوچەیی و بەرژەوەندیی نیشتمانیدا، لە نێوان داواکاری و بەرپرسیاریەتیدا، و لە نێوان سیاست و گەشەپێداندا هاوسەنگی دروست بكرێت.

بەهائەدین ئەدەب ناتوانرێت کورت بكرێتەوە بۆ وێنەیەکی نۆستاڵژییانەی ڕابردوو؛ ئەو، لە بیرەوەریی سیاسیی کوردستاندا، زیاتر لەوەی «نوێنەرێکی پێشوو» بێت، پێوەرێکە.

پێوەرێک کە دەپرسێت: کاتێک خەڵک دەنگیان پێ دایت، چیت کرد؟ کاتێک دەسەڵات لە دەستتدا بوو، بوویتە دەنگی کەسانێک؟ کاتێک بەرپرسیاریەتی کۆتایی هات، چیت بەجێ هێشت؟ و کاتێک لەم دونیایە ڕۆشتیت، ئایا خەڵک تەنیا بەرواری کۆچی دواییت بە بیر دێننەوە، یان ناوەکت لە پاڵ بەشێک لە ژیانی خۆیاندا ڕادەگرن؟

وەڵامی ئەم پرسیارانەیە کە سیاستمدار لە بەرپرس و خاوەنپۆست جیا دەکاتەوە. بەهائەدین ئەدەب ساڵانێکە لە نێوماندا نییە؛ بەڵام هێشتا دەکرێت کارنامەی ئەمڕۆ لە پاڵ ناوی ئەو دابنرێت و بپرسین: پێوەری نوێنەرایەتیکردنی ئێمە لە کوێدایە؟ ڕەنگە ئەمە، سیاسی‌ترین شێوازی ڕێزلێنان بێت لەو. نە هەڵدانەوەی ڕابردوو؛ بەڵکوو ڕەخنەگرتن لە ئەمڕۆ. نە دروستکردنی ئەفسانە؛ بەڵکوو دروستکردنی پێوەر. و نە شیوەنی لەدەستدانی سیاستمدارێک؛ بەڵکوو پرسیارکردن لەوەی بۆچی سیاسەتی ئەمڕۆ، زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە سیاستمدارانێکە کە دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵات، سەرلەنوێ دەست پێبکەنەوە.

News ID 227714

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha