ئازادیی جەستەیی ئۆجەلان نەبێت، شتێک بەناوی چارەسەییەوە نابێت

ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل، موراد قەرەیلان بەبۆنەی جەژنی ژیانەوەی ١٥ـی ئابەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی وتەکانی موراد قەرەیلام بەمشێوەیە:

دوای ئەوەی لە باکووری کوردستان، سەرهەڵدان سەرکوتکرا، ئاسیمیلاسیۆن قووڵ و فراوانتر بەڕێوەچوو. لە ساڵانی حەفتاکاندا، ئاسیمیلاسیۆن زیاتر پێشکەوت. وای لێ هاتبوو کە گەلەکەمان بەرەو تواندنەوە و نەمان چووبوو. لە کاتێکی لەو شێوەیەدا ڕێبەر ئۆجالان دەرکەوتنێکی مێژوویی کرد. تێکۆشانی ئازادی کە لەو دەمەدا کەوتە گەڕ، بە ناوی جیاواز پێش خران و ئەمەش بۆ گەلەکەمان بوو بە هەناسە. بەڵام دەستبەجێ دوای ئەوە، لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠دا کودەتای سەربازی-فاشیست هاتە سەر دەسەڵات. ڕاستە؛ کودەتا بۆ ئەوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی تورکیا و تەڤگەری ئازادیی کوردستان تەسفیە بکات، هاتە سەر دەسەڵات. بەڵام لە هەمان کاتدا لە کوردستان بۆ جێبەجێکردنی "پلانی ئیسڵاحی شەرق" کەوتە گەڕ. واتە لە ساڵی ١٩٢٥دا هەوڵی تەواوکردنی پلانی "ئیسڵاحی شەرق" درا. لە کوردستان ڕۆژ بۆ منداڵان و شەویش بۆ ژنان و پیاوان بە زۆر فێری تورکییان دەکردن. زمانی کوردییان قەدەغە کرد. وایان کرد کە مرۆڤەکان لە ماڵەکانی خۆشیاندا نەتوانن بە کوردی قسە بکەن. مەیدانەکانی گوندیان گۆڕی بۆ ئەشکەنجەخانە. بە بێ ئەوەی بڵێن ژن و پیاو، کوردەکانیان ڕووت کردەوە و لە هەمان مەیداندا ڕیزیان دەکردن. دڕندەیییەکی لەو شێوەیەیان بە ڕێوە برد. ئەمەیان تەنها لە زیندانەکاندا نەکرد، بەڵکو هەموو کوردستانیان گۆڕی بۆ زیندان.

بێگومان، بێدەنگیی بەرانبەر ئەم دڕندەییە، دەستهەڵگرتن لە مرۆڤایەتی بوو. لە پێشدا لە زیندانی ئامەد، مەزڵوم دۆغان، فەرهاد کورتای و هاوڕێکانیان و چالاکوانانی ١٤ـی تەمموز دژی ئەم دۆخە وەستانەوە، بێدەنگییان شکاند و بەرخۆدانیان پێش خست. هەوڵی زۆری ڕێبەر ئۆجالان هەبوو بۆ ئەوەی دژی ئەم ڕەفتارە مرۆڤکوژیانە بێدەنگی نەبێت و ئامادەکاریی کرد. هەڵمەتی ١٥ـی ئاب بە پێشەنگایەتیی مەعسوم کۆرکماز، لەسەر ئەم بنەمایە کەوتە گەڕ. هەرچۆنێک بێت هیچ ڕێگەیەکی تری هەستانەوە دژی ئەو دڕندەیییە نەبوو.

هەرچەند هەڵمەتی ١٥ـی ئاب بە چەک دەستی پێ کرد، بەڵام ماناکەی لە چەک گەورەتر بوو. بانگەوازێک بوو دژی بێدەنگیی کۆمەڵگە. گەلەکەمان لە سەرەتادا بە ترس و گومانەوە نزیک بووەوە. لەبەر ئەوەی تاوەکو ئەو دەمە گەلی کورد لە هەر شوێنێک سەری هەڵدابوو، سەری بڕدرابوو. لەبەر ئەم هۆکارە گەل بە گومانەوە لە پرۆسەکە نزیک دەبووەوە. بەڵام کاتێک بینی گەریلا بە ڕێبازێکی جیاواز هەنگاودەنێت، تێک ناشکێت، لە مرۆڤی جیاواز و پێداگر پێک دێت، لەو کاتەدا تێگەیشت کە ڕێبازی ئازادی و ڕزگاری، تێکۆشانی گەریلایە. دواتر خاوەنداریی لە گەریلا کرد، گەنجان بەشدارییان کرد و بەم شێوەیە لە گەلی کورددا گۆڕانکارییەک ڕووی دا. بێباوەڕی گۆڕا بۆ باوەڕ، ترس گۆڕا بۆ دلێری و بێهیوایی گۆڕا بۆ هیوا. گەلێکی مردوو هەستایە سەر پێی خۆی. لەسەر ئەم بنەمایە، لە سەرووی هەموویانەوە نسێبین و جەزیرە، دواتر لە زۆر شوێنی کوردستاندا گەلی کورد ڕژانە شەقامەکان.

گەلەکەمان بۆ ئەنجامدانی مەراسیمی بەخاکسپاردنی قارەمانەکان، ڕژانە شەقامەکان. بەم شێوەیە، سەرهەڵدان ڕوویدا. ئەمەش لە کۆمەڵگەدا ڕێگەی بۆ گۆڕانکاریی گەورە کردەوە. شۆڕشی ژیانەوە بەم جۆرە پێکهات. شۆڕشی ژیانەوە بوو بە شۆڕشێکی هزریی، سیاسی و کەلتووریی و کۆمەڵایەتی. بووە شۆڕشی ژنان. ژنانی کورد بە پێشەنگایەتیی بێریڤان، سەعادەت و حەواکان بەشداریی شۆڕشیان کرد. بەم شێوەیە، هەڵمەتی ١٥ـی ئاب شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی ئافراند. شۆڕشێکی ڕاستەقینە بەم شێوەیە پێکهات.

لە ساڵی ١٩٩٢دا، سەرۆکوەزیرانی تورکیا سولەیمان دەمیرەڵ وای گوت: "ئێمە ڕاستیی کوردی دەناسین." بەم شێوەیە ستراتیژیی گەریلا لە ١٩٨٤ تاوەکو ١٩٩٠ سەرکەوت و ئەنجامی گرت. کاتێک گەیشتینە ساڵی ١٩٩٣، سەرکەوتنی ستراتیژیی گەریلا مسۆگەر بوو. لەبەر ئەم هۆکارە سەرۆککۆماری تورکیا تورگوت ئۆزال، بە ناوبژیوانیی بەڕێز مام جەلال، بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێ داوای ئاگربەستی کرد. ڕێبەر ئۆجالان لەسەر ئەم بنەمایە لە نەورۆزی ١٩٩٣دا یەکەم ئاگربەستی ڕاگەیاند. ئەمە لە تێکۆشانی ئێمەدا بوو بە دەستپێکی سەردەمێک، ستراتیژییەکی نوێ و ستراتیژیی چارەسەریی سیاسی. لەبەر ئەوەی شەڕ ئیتر ڕۆڵی خۆی گێڕابوو، ئەوەی پێی دەکرا کردبووی. پرسی پەردەپۆشکراوی کوردی ئاشکرا کرد و خستییە سەر مێز. لەبەر ئەم هۆکارە پێویستی بەوە درووست بوو کە بە ڕێگە و ڕێبازە سیاسییەکان چارەسەری پێشکەوێت.

بەڵام بینیمان کە دەستبەجێ دوای ئەوە، لە تورکیا دەستێکی قووڵ دەستوەردانی لە پرۆسەکەدا کرد. تورگوت ئۆزال کوژرا و زۆر کەسی وەکو جەنەڕاڵ ئەشرف بەدلیس کە گوتی دەبێت پرسی کورد بە ڕێگە و ڕێبازە سیاسییەکان چارەسەر بکرێت و لە تەنیشت تورگوت ئۆزالەوە دەوەستا و جەم ئێرسەڤەر کە لە کوردستان زۆرترین شەڕی تایبەتی بەڕێوە دەبرد، کوژران. بەم شێوەیە دەستێک لە ناو دەوڵەتدا، ئەم کێشەیەی گۆڕی بۆ گرێکوێرە. ڕێبەر ئۆجالان دوا بە دوای ئەوەش، هەر کاتێک هەلی بۆ ڕەخسا ئاگربەستی ڕاگەیاند. بۆ ڕاوەستاندنی شەڕ و پێشخستنی چارەسەریی سیاسی، ڕێگە و ڕێبازی پێشخست. ئێمە تاوەکو ئێستا ٩ جار ئاگربەستمان ڕاگەیاندووە. لە پرۆسەی شەڕی ٤٢ ساڵەدا، ١١ ساڵ بە ئاگربەستەکان و ٣١ ساڵیش بە شەڕەکان تێپەڕیوە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی عەقڵییەتێک لە ناو دەوڵەتدا نایەڵێت، دەیویست بە توندوتیژی و چەک لەناومان ببات. هەموو جارێک کە هێرشی دەکرد، دەیگوت: "ئێمە سەر دەکەوین و ئەنجام دەگرین." شەڕێکی دەروونی و تایبەتی لەو شێوەیە بە شێوەیەکی فراوان بەڕێوە دەبرا.

لە ١٠ ساڵی ڕابردووشدا، گەورەبوونی تەڤگەرەکەیان بۆ خۆیان بە مەترسی زانی و گوتیان: "کێشەی مان و نەمانی تورکیا هەیە." هەموو دەمارەکانی ناو دەوڵەت بوونە یەک و شەڕیان ڕاگەیاند. دەیویست بە توندوتیژی و شەڕ لەناومان ببات. پرۆسەیەکی شەڕی قورس و فراوان بەڕێوەچوو. دژی ئێمە هەموو جۆرە چەکێکی مۆدێرنیان بە کارهێنا. چەکی قەدەغەکراویشیان بە کار هێنا. دەیویست بە پشتگیریی ناتۆ، هەتا دەوڵەتانی دروسێ و پشتگیریی هەندێک لە کوردەکان لەناومان ببات. بەڵام نەیتوانی لەناومان ببات. لە زاپ و مەتینا تووشی بنبەست بوون، نەیتوانی پێش بکەوێت. بەم شێوەیە، کاتێک تێگەیشتن کە ناتوانن بە توندوتیژی لەناومان ببەن، دیسان بانگەواز دروست بوو. دەبێت بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی بەو شێوەیە ببینین. وەک دەزانرێت ڕێبەر ئۆجالان بە ئەرێنی وەڵامی دایەوە و پرۆسەکە تاوەکو ئێستا بەڕێوە چووە.

یاسای چوارچێوە کە لە ١٠ـی ئابدا لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە دەرکرا، لە مێژووی کۆماردا پێشهاتێکی نوێیە نوێیە. کۆمار لە دوای دامەزراندنیەوە، دانی بە ئیرادەی کورددا نەنا و دەویست کورد بە کوشتن لەناو بببات. لەم چوارچێوەیەدا، ئەم یاسایە هەنگاوێکی نوێ و بەنرخە، بەڵام یاساکە کەموکوڕی و هەڵەی یاسایی زۆری تێدایە. لە پێش هەموو شتێکەوە، پێگەی ئەندازیاری ئەم پرۆسەیە کە ڕێبەر ئاپۆیە، لەخۆ نەگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی ئەم پرۆسەیەی دەست پێ کرد، ڕێبەر ئاپۆیە. دیسان، وشەی کوردیش لە ناویدا باس ناکرێت. هەر باسی دیموکراسی نەکراوە. هەستیارییەکانی گەلەکەمان، بۆچوونەکانی تەڤگەرەکەمان و بۆچوونەکانی ڕێبەرێتیمان زۆر سەرنجیان نەخراوەتە سەر.

پرسەکەیان تەنها بە چەکدانانی گەریلاوە بەستەوە، بەڵام ئەم پرسە، پرسێکی سەد ساڵییە. مامەڵەی بەرتەسک هەیە. بێگومان، ئەم نزیکایەتییە بەرتەسکە پرسەکە چارەسەر ناکات. گەریلا لە ئەنجامی چی دا، کەوتە سەر سەکۆی مێژوو؟ ئەگەر ئەمە باش ڕوون نەبێتەوە، چارەسەری ڕیشەیی پرسەکەش نابێت.

لە لایەکی ترەوە؛ دەوڵەت باخچەلی لە یەکەم بانگەوازیدا بۆ ڕێبەر ئاپۆ گوتى، "با شەڕ ڕاگرێت، کۆتایی بەوکارانە بێنێت کە لە ژێر ناوی پەکەکەدا دەکرێن، با بێتە پەرلەمان، لە گرووپی دەم پارتی قسە بکات و دان بە مافی هیوادا بنرێت." ڕاستییەکەی، ئێمەش بڕیارەکانی کۆنگرەی کۆتایی هێنان بەوکارانەی لە ژێر ناوی پەکەکەدا دەکرێن لەسەر ئەم بنەمایە بەست. واتە ئێمە گوتومانە، "دەبێت پرۆسەکە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوە بچێت." ئێمە ئێستاش هەمان شت دەڵێین. دەبێت ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەکە بەڕێوە ببات. دەبێت ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی بێت. ئەمە نەبێت، شتێک بەناوی چارەسەییەوە نابێت.

من پێشتر گوتومە، "ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ لە زینداندا بێت، ناتوانم بە کەسێک بڵێم چەک دانێ و بڕۆ." ئێستا لە هەمان خاڵیشدام، بەڵام ئیدی دەتوانم بڵێم، "هاوڕێیانی هێژا بڕۆن، ئەوا ڕێبەر ئاپۆ پێشوازیتان لێ دەکات. ڕێبەر ئاپۆ ڕوانگەتان پێ دەدات." واتە ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی خۆی وەرگرێت، پێشوازی لە هەڤاڵان بکات، کۆبوونەوەکان بکات و قەناعەت بکات، ئەوکاتە دەبێت. ئێمە ئامادەین ئەم تێکۆشانە لە زەمینەی شەڕ و چەک دەربهێنین و بهێنینە گۆڕەپانی سیاسەت و یاسا. ڕێبەرێتیمان ٣٣ ساڵە بۆ ئەمە هەوڵ دەدات و ئێمەش باوەڕی پێ دێنین. ئەو شەڕەی کە ٣٣ ساڵە بەڕێوە دەچێت، شەڕێکی زیاد لە پێویست بووە. هەم خۆی دووبارە کردەوە، هەمیش لە جێگەی خۆیدا نەبوو. لێ ئێمە ناچار بووین دژی ئەو کەسانەی کە دەیانویست ئێمە لەناو ببەن، ئەم شەڕە بەڕێوە ببەین. هەمیشە وابووە. ئێمە دەمانەوێت ئەم شەڕە ڕابگرین و مامەڵەیەکی دڵسۆزانەی ئێمە ئەمەیە.

رێبەر ئاپۆ سەبارەت بەم پرۆسەیە چی گوت؟ گوتى، "ئیمە لە سێدارەوە پەڕینەوە بۆ سەر مێزی دیالۆگ. ئەمە دەتوانێت بۆ پرۆسەیەکی گرنگ ببێتە دەستپێک و هەنگاو." ئەمە زۆر بە مانایە. ئێمەش بەو شێوەیە نزیک دەبینەوە. بەڵام ئەگەر ئەندازیاری ئەم پرۆسەیە لە زینداندا بێت، ئەم کارە بەڕێوە ناچێت. دەبێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت. باوەڕ دەکەم کە بەرپرسانی دەوڵەتیش ئەمە دەزانن. چونکە ڕاستییەکە ئەوەیە.

لە لایەکی ترەوە، ئەو زمانەی کە بەکار دەهێنرێت هێشتا نەگۆڕاوە. زمانی شەڕ دیار بوو؛ زمانی شەڕی دەوڵەتی تورک، زمانی شەڕی دەروونی بوو. هەمیشە دەیگوت، 'لێماندا و سەرکەوتین.' کاتێک هەڵمەتی ١٥ـی ئاب درووست بوو، کەنان ئەڤرەن سەرۆککۆماری تورکیا بوو. کەنان ئەڤرەن گوتی، 'ئەوانەی ئەم تاوانەیان کردووە هەر کەسێک بن با ببن، لە هەر کونێکدا بن، لە ژێر هەر بەردێکدا خۆیان شارتبێتەوە، سوپاکەمان لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا لە گوێیان دەگرێت و دەیانهێنێتە بەردەم دادگا.' بەڵام ئەو ٧٢ کاتژمێرە ئێستا بوو بە ٤٢ ساڵ و هێشتاش بەی نەهاتووە. ڕێبەر ئاپۆ بە تەنها کەوتە ڕێ. ئێمە ئێستا بە ملیۆنانین، بە دەیان هەزار کادرمان هەن. کێ قازانجی کردووە و کێ زیانی کردووە؟ ئەم گەلەی کە لەسەر لێواری مردن بوو، ئەمڕۆ هەستاوەتەوە سەر پێ. لە ناوچەکەدا ئازادیخواز، دیموکراتیک و تێکۆشەرە. لە بابەتی بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراتیک و ئازاد لەسەر بنەمای ئازادیخوازیی ژندا، هیوای هەموو گەلانە. ١٥ـی ئاب ئەمەی ئافراند؛ لە سەرتاسەری کوردستان ڕۆحی نەتەوەیی و لە ناوچەکەدا ڕۆحی بەرخۆدانی ئافراند، بەڵام ئەوان هێشتا دەڵێن، 'ئێمە سەرکەوتین.'

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦دا لە ناتۆوە پشتگیریی تەکنەلۆژییان وەرگرت، سولەیمان سۆیلو گوتی، 'دەبێت تا نیسانی ٢٠١٧ پەکەکە لەناو بچێت و ئیدی کەس ناوی پەکەکە نەهێنێت.' چەندین جار قسەی لەو شێوەیەیان کرد. کۆتا جار؛ لە شوباتی ٢٠٢١دا هێرشێک بۆ سەر بنکەکەمان لە گارە ڕووی دا. لەو کاتەدا، بە پشتگیریی دەوڵەتی عێراق و هەندێک لایەنی کوردی، پلانیان دانابوو کە لە ماوەی سێ مانگدا ئێمە لە باشووری کوردستان لەناو بەرن. لەسەر ئەم بنەمایە دەستیان بە هێرش کرد، بەڵام ئەنجام چی بوو؟ ساڵی ڕابردوو، لەسەر داوای بەرپرسانی دەوڵەت و لەسەر پەیمانێک، هەڤاڵان لە زاپ دەرچوون. هەڤاڵانمان هێشتا لە مەتینان و داوا دەکەن کە ئێمە ئەوان لە مەتینا دەربێنین. ئەگەر ئێوە سەرکەوتن، بۆچی ناتوانن ئێمە لە زاپ دەرکەون؟ بۆچی هێشتا لە مەتینادا هەڤاڵانی گەریلامان هەن؟ کەواتە لە گۆڕەپانەکەدا هێز و ئیرادە هەیە. ئاشکرایە کە دەوڵەتی تورک لەو ناوچانەدا تووشی بنبەست بوو و نەتوانی پێشڕەویی بکات. ئەمە ڕاستییەکە.

گەریلاکانی ئازادیی بەرپرسیارترین کەسانێکن لە ئاست تێکۆشانی شکۆدارانە بۆ دۆزی کورد

ئێمە مافی کەس ناخۆین. سوپای تورک، سوپایەکی بەهێزە. دووەم سوپای ناتۆیە؛ چەکی مۆدێرنیان بە دەستەوەیە و شەڕ دەکەن، بەڵام گەریلاکانی ئازادیی کوردستان یا ئاپۆیی بە ژن و پیاوەوە هێزێکی ئاسان نین. لە شەڕدا هێزێکی فیدایی و پسپۆرن. کەس ناتوانێت ئەوان تێک بشکێنێت. سەلمێنەری ئەمەش بەرخۆدانی زاپە. وەک پێغمبەر عیسا گوتی؛ حەقی قەیسەر بدەن بە قەیسەر.

چەندین پسپۆر هەن کە لە سەرانسەری جیهاندا چاودێری تێکۆشانی گەلانی بندەست دەکەن و شیکاری بۆ دەکەن. یەکێک لەوانەش هنری کیسینجەرە کە بە دەیان ساڵ ئەرکی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بەڕێوە بردووە. کیسینجەر و زۆر پسپۆر دەڵێن: "ئەگەر دەوڵەتێک نەتوانێت ئەو شۆڕشگێڕانەی دژی ڕاپەڕیون لەناویان ببات، ئەوا ئەو دەوڵەتە شكستی هێناوە. کۆتایی بە لەناوچوون بهێنن و کۆمەڵگە قبووڵیان بکات ئەوکات شۆڕشگێڕان سەرکەوتوون." ئایا دۆخی ئێستای کوردستانیش هەر ئەمە نییە؟ واتە دەبێت ڕاستی ببینرێت. دەبێت زمانی شەڕی دەروونی ڕابگیرێت.

نزیکایەتی وەک ئەوەی گەریلا تاوانی کردبێت هەیە. نەخێر، وا نییە. گەریلا لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، بەرپرسترین و شکۆمەندترینن. ئەو کەسانەن کە لەسەر بنەمای بەرپرسیاریەتییەکانیان بێ‌بەرانبەر خۆیان بۆ گەل و ئەو دۆزەی کە باوەڕیان پێی‌هێناوە فیدا دەکەن. شەڕێکی شکۆمەندیان بەڕێوە بردووە، بە شێوازێکی شکۆمەندیش ئاشتی بەدی دێنن. بە سەرکەوتوویی لە ڕێپێوانی ئاشتیدا بەشدار دەبن. هەموو گەریلاکان شایەنی ئەمەن.

بێگومان ڕەنگە کەموکوڕی لە لایەن ئێمە یان واتە لە لایەن گەریلاکانەوە هەبووبێت. زۆر ئاشکرایە کە ناتوانین دەستی ڕێبەر ئاپۆ لە سەر مێزی گفتوگۆدا وەک پێویست بەهێز بکەین. ئەوە بۆ ئێمە کەموکوڕییەکی جددییە. لەبەر ئەم کەموکوڕییانە، ڕەخنەدانی خۆمان پێشکەش بە ڕێبەرێتی و گەلەکەمان دەکەین. لەم ڕوانگەیەوە، ئێمە لە پڕۆسەی ڕەخنەدانداین، بەڵام لە دەرەوەی ڕێبەرێتی و گەلەکەمان، ڕەخنەداین بۆ کەسی تر ناکەین. ئەرکەکە بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە؛ ئێمە ڕەخنەداینی ئەمە دەدەین. دۆخەکە بەم شێوەیەیە. ئێمە نەوەکانی شێخ سەعید، کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان، کۆمەڵکوژیی دێرسیمین. ئێمە لە قووڵایی مێژووەوە هاتووین. هەموو کەس دەزانێت چیمان بەسەر هێنراوە. ئێمە وەک گەل بە دەیان جار بە کۆمەڵکوژییەکان تێپەڕین. نزیکەی پێنج هەزار گوندی ئێمە سووتێنران، هێرش کرایە سەر ١٧ هەزار و ٥٢٠ کەس لە هاووڵاتییانمان لە ژێر ناوی کوشتنەکانی نادیار و زۆرینەیان کۆمەڵکوژ کران. کێ ئەم کارانەی کرد؟ لە ساڵی ٢٠١٥دا، لە جەزیرە لە ژێرزەمینەکاندا بەنزینیان بەسەر ٢٧١ گەنجی بێ‌چەکی ئێمەدا کرد و سووتاندنیان. کێ ئەم تاوانەی کرد؟ ئایا لە دەستی محەمەد تونچ و ئاسیا یوکسەڵدا چەک هەبوو؟ ئایا هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە بانگەوازیان نەدەکرد؟ ئایا ئەو گەنجانە لەبەر چی بە شێوازێکی دڕندانە کۆمەڵکوژ کران؟ بە کورتی، ئەگەر باسی بابەتەکانی پێشوو بکەین، ئەوا دەردەکەوێت کە کێ تاوانبارە و کێ تاوانبار نییە. هەر بۆیە، پێشنیار دەکەین کە کۆمیسیۆنی دادپەروەری و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دابمەزرێت. با لێکۆڵینەوە بکات، ڕاستییەکان ئاشکرا بکات و لێپرسینەوە بکات. ئێمە ئەمە بە پێویست دەزانین و بۆ ئەمە ئامادەین.

ئیمە بەڕاستی دمانەوێت لەگەڵ تورکیا  ڕێککەوتن بکەوین و کۆتایی بە دوژمنایەتی بهێنین. دمانەوێت پەڕەیەکی نوێ بکەینەوە. ئێمە بەشداری دوژمنایەتی نا، بەڵکوو بەشداری کۆماری دیموکراتیک دەبین. چاوەڕوانیی ئێمە ئەمە بوو، بەڵام دەبینین کە نزیکایەتی لایەنی بەرانبەر بەو شێوەیە نییە. هێشتا ئێمە بە تێرۆریست و تاوانبار دەناسێنن. دەڵێن تێرۆر، بەڵام ئێوە سەد ساڵە گەلی ئێمە تیرۆر دەكەن. واتە دەبێت لایەنێک قورسایی تەرازوەکە هەڵگرێت و لایەنەکەی تر بە بەتاڵی بهێڵێتەوە؟ لەم بابەتەدا نزیکایەتییەکی دادپەروەرانە پێویستە.

ئێمە ئەم پڕۆسەیە لەسەر بنەمای ڕوانگەکانی ڕێبەر ئاپۆ و یادەوەریی شەهیدە هێژاکانمان ئەنجام دەدەین. دەزانین کە ئەم پڕۆسەیە بە بەرخۆدان و ڕەنجەکانی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدەکانمان سەری هەڵدا. لە بنەمای ئەم یاسای چوارچێوەیەدا، ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ و خوێنی شەهیدەکانمان هەیە. ئێمە یاسای چوارچێوە بە ئاسایی وەرناگرین، بەڵام دەبێت لایەنە کەموکوڕییەکانی تێپەڕێنرێن. لەبەر ئەوەی دمانەوێت ئاشتییەکی هەمیشەیی بەدی بهێنین. دەبێت کەس کەس فریونەدات. ئاشتی هەمیشەیی زۆر شت بە گەلانی تورکیا دەبەخشێت. تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێتە پێشەنگ و زۆر سوود وەردەگرێت. لە مێژوودا، دەوڵەتی تورک هەر کاتێک هاوپەیمانی لەگەڵ کورد کردبێت، لەو کاتەدا پێشکەوتووە و سوودی پێگەشتووە. ئێستاش بە سەردەمێکی مێژوویی وەها تێپەڕ دەبین. ئەگەر بەو چوارچێوەیەی کە باسمان کرد نزیک ببنەوە؛ لەم پڕۆسەیەدا ئەوەی دەکەوێتە سەر شانمان جێبەجێ دەکەین، بەڵام وابەستەی بەهاکانمانین؛ دمانەوێت دۆزی ئازادیی کوردستان بە سیاسەتی دیموکراتیک بەڕێوە بەین و بەم شێوەیە سەرکەوتوو ببەین. دەبێت بۆ ئەمەش دەرفەت هەبێت.

ڕاستە، ئێمە کۆتاییمان بە ستراتیژیی تێکۆشانی چەکداری هێنا. ئیدی دەپەڕینەوە بۆ قۆناغی سیاسەتی دیموکراتیک، بەڵام هەڵمەتی ١٥ـی ئاب لە مێژووی گەلی ئێمەدا ژیانەوەیە. لەگەڵ خۆیدا شۆڕشێکی ژیانەوەی مێژوویی ئافراند. لەبەر ئەوە، شۆڕشی ژیانەوە هەمیشە لەلایەن گەلی ئێمەوە وەک جەژنی نەتەوەیی پێشوازیی لێ دەکرێت و پیرۆز دەکرێت. لەبەر ئەوەی گەلەکەمان بەم شۆڕش زۆر شتی بەدەست هێنا. پێش هەموو شتێک خۆی بەدەست هێنا. گەلەکەمان لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا ڕاپەڕین، دۆزی ئازادی گەورە کرد؛ خۆی نوێ کردەوە و سەرلەنوێ درووست کردەوە. ژیانەوە بەم شێوەیە ڕوویدا. لەبەر ئەوەش ئێمە هەمیشە خاوەندارێتی لە شۆڕشی ژیانەوە دەکەین.

لەسەر ئەم بنەمایە جارێکی تر جەژنی ژیانەوە لە هەموو کەسێک پیرۆز دەکەم، هیوای سەرکەوتن بۆ ئەو پرۆسەیە دەخوازم کە لە پێشمانە.

News ID 227712

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha