بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کە هەریەک لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت و ئەفکان ئاڵا، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی ئامادەی بوون، راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، دیدارێکی کاژێر و نیویی بەرهەمدار و راوێژمان لەبارەی پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەریی کرد.
شاندەکە نووسیویەتی: "لە دیدارەکەدا جەخت لە خۆشحاڵیی دوولایەنە کرا لە پەسندکردنی (یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) کە بە ۴۶۷ دەنگ لە پەرلەمان، هەروەها گرنگیی قۆناخی ئێستای پرۆسەکە و هەنگاوەکانی داهاتوو هەڵسەنگێندران."
جەخت لەوە کرایەوە، کردنەوەی دەرگای قۆناخێک کە تێیدا دیموکراسی و بواری سیاسەت بەهێز دەبن، بۆ هەموو هاووڵاتییان و وڵاتەکەمان گرنگییەکی ژیانی هەیە. هاوکات ئیرادەی هاوبەش بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەکە بە پشوودرێژییەوە، جارێکی دیکە دووپاتکرایەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەدا، شاندی ئیمراڵی دەڵێ: "لەمەودواش کارەکانمان بۆ پێشخستنی پرۆسەکە لە رێگەی ئاشتی و دیموکراسی لە بەرژەوەندیی هەموو تاکێکی وڵاتەکەمان بەردەوام دەبێت. سوپاسی هەموو ئەو پارتە سیاسی و توێژە کۆمەڵایەتییانە دەکەین تاوەکو ئەمڕۆ بە پشتیوانی، پێشنیاز، هۆشداری و رەخنەکانیان هێزیان پێبەخشین."
رۆژی دووشەممە، ۱۰ـی ئابی ۲۰۲۶، دوای گفتوگۆیەکی چڕ کە نزیکەی ۱۲ کاژێری خایاند، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای "بههێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یهكگرتوویی كۆمهڵایهتی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی ۵۶۲ پەرلەمانتاری ئامادەبوو، ۴۶۸ پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا ۸۸ پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی ۱۴۰ کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە ۱۲ ماددە پێکهاتووە و لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکێش کرابوو.
Your Comment