لەچوارچیوەی پرۆسەی ئاشتیدا سەرکردەکانی PKK لە سلێمانی نیشتەجێ دەکرێن

٢٠٠ سەرکردەی پەکەکە کە رێگەیان پێنادرێت بچنەوە ناو تورکیا، لەچوارچیوەی پرۆسەی ئاشتیدا لە سلێمانی نیشتەجێ دەکرێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە لەگەڵ بەردەوامی کارکردن لەسەر یاسای چوارچێوە بۆ پڕۆسەی "ئاشتی"، بژاردەی سلێمانی وەک شوێنێک بۆ ئایندەی سەرکردایەتی پەکەکە هاتۆتە ئاراوە.

ئامادەکارییەکان بۆ یاسای چوارچێوە بەردەوامن، کە پێشبینی دەکرێت بنەمای یاسایی پڕۆسەی "ئاشتی" پێکبهێنێت. بڕیارە پەیڕەوەکە وردە وردە جێبەجێ بکرێت و لە قۆناغی یەکەمدا گرووپە تایبەتەکان بگرێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، ڕەشنووسەکە بڕگەی هەموارکردنەوەی یاسای تایبەت بە ئەندامانی پەکەکە لەخۆدەگرێت کە بەشدارییان لە هیچ چالاکیەکی چەکداریدا نەکردووە و هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە و ئێستا لە زینداندان.

زانیاری نوێ سەبارەت بە دۆخی سەرکردەکانی پەکەکە دەرکەوتووە، کە یەکێکە لەو بابەتانەی  زۆرترین مشتومڕی لەسەر بووە لە ماوەی پرۆسەکەدا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە خراوەتەڕوو، یاسای چوارچێوە هیچ بڕگەیەکی تایبەت بۆ سەرکردەکانی پارتی لەخۆناگرێت. باس لەوەش کراوە کە هیچ پلانێک نییە بۆ ئاسانکاری گەڕانەوەیان بۆ تورکیە.

باس لەوە دەکرێت کە بژاردەی جۆراوجۆر سەبارەت بە داهاتووی نزیکەی ٢٠٠ سەرکردەی پلە باڵای پەکەکە کە پێدەچێت لە قەندیل بن، لەبەرچاو دەگیرێن.

لەبری بژاردەی وڵاتی سێیەم لە ئەورووپا کە پێشتر باسی لێوەکرا، دەوترێت گرنگی بە بژاردەی مانەوەیان لە سلێمانی دەدرێت، دوای چۆڵکردنی قەندیل.

گوایە گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە لە کاتی پەیوەندییەکانی سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی (MİT)، ئیبراهیم کاڵن، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لە هەرێمی کوردستان کراوە.

نورەی باباجان، ستوونی نووسەری ڕۆژنامەی نێفێس، لە وتارێکدا کە نووسیویەتی، ئەم هەڵبژاردنە بەئامانجی هێشتنەوەی ئەو سەرکردانەیە لەناوچەیەکی کۆنترۆڵکراوتردا.

لە وتارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو هەرێمە هەڵبژێردراوە، چونکە دەرفەتی باشتری بۆ چاودێری و کۆنتڕۆڵکردن بۆ تورکیا هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری ئەوەی کە ڕەنگە سەرکردایەتی پەکەکە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکانەوە بەکاربهێنرێت.

پێشبینی دەکرێت ئەو ڕێسایانەی کە بەپێی یاسای چوارچێوە دروست دەکرێن بە قۆناغ جێبەجێ بکرێن.

لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا، بڕیارە کۆمیسیۆنێک دابمەزرێت بۆ دڵنیابوون لە یەکگرتنی کۆمەڵایەتی ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا.

خاڵێک کە لایەنی کوردی پێداگری لەسەر دەکات ئەوەیە کە لیژنەی چاودێری لە سیاسەتمەداران پێکبێت. هەروەها دەیانەوێت ئەم چاودێریکردنە لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا (TBMM) سەرپەرشتی بکرێت.

ئیدارەی ئاکەپە باس لەوە دەکات کە چاودێری بابەتی تەکنیکین کە پێویستە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە ئەنجام بدرێت، بە پلەی یەکەم ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی (MİT) و سیاسەتمەداران تەنها دەتوانن چاودێر بن، بۆیە پێویستە ئەم چالاکییە لە دەرەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا ئەنجام بدرێت.

هاوکات دەزانرێت کە یاسای چوارچێوە بە تەواوی داواکارییەکانی سیاسەتمەدارانی DEMی تێدا نەبووە. بەڵام تەنانەت دوای دیدارەکەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان هیچ گۆڕانکارییەک لە هێڵکارییە سەرەکییەکان نەکرا. ئەو هەنگاوەی داوایان کردووە تەنها لە خولی نوێی یاسادانانی ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیادا دەگیرێتەبەر، ئەمەش بە پشتبەستن بەو ڕاپۆرتانەی کە لە ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی (MİT) وەردەگیرێن.

ئەگەر بتوانرێت دەرئەنجامی خوازراو سەبارەت بەنەهێشتنی پەکەکە بەدی بهێنرێت، ئەوا ڕێکخستنێکی گشتگیرتر، لەوانەش هەنگاوی ئازادکردنی مەرجدار، دوای ئەوە لەلیەن تورکیاوە دەنرێت.

 

سەرچاوە: ئاوێنە

News ID 227629

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha