لە دایکبوون و گۆشکردن لەسەر زمانی بێخەوش
میر جەلادەت ئەمین عالی بەدرخان، لە ٢٦ی نیسانی ١٨٩٣ی زایینی لە ئیستەنبووڵ لەدایکبووە. ئەو لە خێزانێکی ناسراو و خاوەن مێژوو بوو کە پێشتر بە بنەماڵەی (ئازیزی) دەناسران و لە ساڵی ١٢٠٠ەوە هەبوون، تا لە ساڵی ١٨٢١ میر بەدرخان دێتە سەر تەختی میری و لەو کاتەوە بە (بەدرخانییەکان) ناوبانگیان دەرکرد. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، بەدرخانییەکان گرنگییەکی بێوێنەیان بە زمانی دایک دەدا؛ ئەوان تەنانەت منداڵە ساوایەکانی خۆیان دەخستە بەردەستی دایەن گەلێک کە بە کوردییەکی زۆر پاراو دەدوان، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان هەر لە سەرەتاوە بە زمانێکی بێخەوش گۆش بکرێن.
جەلادەت هەر لە ئیستەنبووڵ خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و فێرگەی باڵای یاسای تەواو کرد. دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەرکەوتنی بزووتنەوەی کەمالیستەکان لە تورکیا، باوکی (ئەمین پاشا) و سێ کوڕەکەی ناچار بوون بەرەو میسر کۆچ بکەن. بەڵام جەلادەت و کامەرانی برای لە قاهیرە نەمانەوە و ڕوویان لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد. لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەی لە ئەڵمانیا بوون، خۆیان فێری زمانی ئەڵمانی کرد و جەلادەت لەوێ خوێندنی لە بواری ماف (یاسا)دا تەواو کرد.

خەباتی سیاسی و بزووتنەوەی خۆییبوون
میر جەلادەت تەنها زمانناس نەبوو، بەڵکو دیپلۆمات و سیاسەتمەدارێکی چالاکیش بوو. لە کاتی مانەوەی لە ئەڵمانیا، لەگەڵ براکانی و بەشێک لە نیشتمانپەروەران "بزووتنەوەی خۆییبوون"یان دامەزراند و لە کۆنگرەی بزووتنەوەکەدا جەلادەت وەک سەرۆک هەڵبژێردرا. ئەم بزووتنەوەیە دواتر لە ناوچەکانی شام و جزیرە فراوان بوو و کەسایەتی و بنەماڵە ناسراوەکانی وەک ماڵباتی جەمیل پاشا، حاجۆ، نایف پاشا، عەلی ئاغا زولفۆ و حاجی عەبدولکەریم چوونە نێو ڕیزەکانییەوە.
کاتێک جەلادەت لە ئەڵمانیا گەڕایەوە، خۆی گەیاندە شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران بۆ پاڵپشتیکردنی خەباتی نەتەوەیی کورد و تا کۆتاییهاتنی شۆڕشەکە لەوێ مایەوە. دوای شکستی شۆڕشەکە، دیسانەوە تورکیای بەجێهێشت و ڕووی لە سووریا کرد. لە شام لە ماڵی عەلی ئاغای زولفۆ نیشتەجێ بوو و لەوێوە قۆناغێکی نوێی خەباتی کلتووری و زمانەوانیی دەستپێکرد.

فەرهەنگدۆستێک بە زانیاریی ٩ زمانەوە
میر جەلادەت بەدرخان کەسایەتییەکی کەموێنەی زمانەوانی بوو. ئەو جگە لە کوردییە پاراوەکەی، لە سەردەمی عوسمانیدا بە تەواوی شارەزای ١٢ زمانی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی بوو، بە جۆرێک کە زمانەکانی (فارسی، تورکی، عەرەبی، یۆنانی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئینگلیزی و ڕووسی) زۆر بە باشی دەزانی. ئەو لەسەرەتادا بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە، نووسینەکانی بە ناوی خوازراوی (نهێنی) بڵاودەکردەوە.
لە ژێر کاریگەریی ئەم پاشخانە دەوڵەمەندەدا، توانی لە زانکۆی پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بەشی زمان و ئەدەبی کوردی دابمەزرێنێت، کە تا ئێستاش ئەو بەشە بەردەوامە و خوێندکاران تێیدا تا ئاستی دکتۆرا دەخوێنن.
سەرهەڵدانی ئەلفوبێی لاتینی و گۆڤاری "هاوار"
مێژووی نووسینی کوردی بە پیتی لاتینی، قۆناغ بە قۆناغ بە دەستی میر جەلادەت گەشەی سەند. لە ساڵی ١٩١٩دا کاتێک پیتی لاتینی بۆ ڕێنووسی کوردی پێشنیازکرا و لەلایەن عەبدوڵڵا جەودەتی شاعیر و سیاسەتمەدارەوە پشتگیری لێکرا، میر جەلادەت پڕۆژەکەی بە ڕژدی گرتە دەست.
ئەو پاش ١٤ ساڵ لە توێژینەوەی بەردەوامی زمانەوانی، ئەلفوبێی نوێی کوردیی دامەزراند:
سەرەتا ئەلفوبێیەکی دانا کە لە ٣٦ پیت پێکهاتبوو.
لە ساڵی ١٩٢٤دا کاتێک لە ئەڵمانیا بوو، پێداچوونەوەی بۆ کرد و ژمارەی پیتەکانی کەمکردەوە بۆ ٢٤ پیت.
دواتر لە ساڵی ١٩٢٨ بۆ جاری دووەم دەستکاری تێدا کرد و کردی بە ٢٥ پیتی لاتینی، کە ئەمەش بوو بە بنەمای ئەلفوبێی کوردی (کرمانجی) ئێستا کە بە "ئەلفوبێی هاوار" یان "ئەلفوبێی لاتینی" ناسراوە.
بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم ڕێنووسە نوێیە، میر جەلادەت لە ١٥ی ئایاری ١٩٣٢دا گۆڤاری بەناوبانگی "هاوار"ی دەرکرد کە تا ٥ی تەممووزی ١٩٤٣ بەردەوام بوو. پێشتریش گۆڤاری هەفتانەی "ڕۆناهی" دەردەکرد. جەلادەت بە تەنیایی ئەرکی بەڕێوەبردن، نووسین، پیتچنین، هەڵەچن، چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم گۆڤارانەی لە ئەستۆ گرتبوو، کە ببوونە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ڕووناکبیرانی کورد لە دەوری پڕۆژە نەتەوەییەکەی.
میر لە یەکەمین ژمارەی گۆڤاری هاواردا، پەیامێکی مێژوویی ئاڕاستەی گەلەکەی کرد و نووسیویەتی:
"زمانمان مێژوومانە، زمانمان کەرامەتمانە، کولتوورمان لە زمانماندا شاراوەیە، وەرن با بە زمانی خۆمان بدوێین، وەرن بە کوردی قسە بکەین، وەرن بە کوردی یەکتریمان خۆشبووێت، وەرن با زمانی کوردیمان خۆشبووێت."

بەرهەم و کتێبە مێژووییەکانی میر جەلادەت
میر جەلادەت زیاتر لە ٢٠ بەرهەمی گرنگی لە دوای خۆی جێهێشتووە. ئەو یەکەمین کەس بوو کە کتێبێکی لەسەر ڕێزمانی کوردی (کرمانجی) نووسی کە تەنها بەشێکی چاپکراوە و بەشەکانی تری هێشتا بە دەستنووس ماونەتەوە. هەروەها فەرهەنگێکی کوردی و فەرهەنگێکی تری (کوردی - فەرەنسی) نووسیوە. گرنگترین کتێب و وتارە بڵاوکراوەکانی بریتین لە:
١. ئەلفوبێی کوردی
٢. ڕێزمانی کوردی (کرمانجی)
٣. فەرهەنگی کوردی (کرمانجی)
٤. فێرکاری ئەلفوبێی کوردی
٥. سەیرکردنێک لە ئەلفوبێ
٦. پێشەکی بۆ تازە لەدایک بوون
٧. پێشەکییەک بۆ نوێژی کوردە ئێزدییەکان
٨. نامەیەک بۆ مستەفا کەمال پاشا

کۆچە کتوپڕەکەی سیمبولی زمانەوانیی کورد
لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا، میر جەلادەت ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی (حاجانێ)ی نزیک دیمەشق نیشتەجێ بوو و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی بوو. هەرچەندە زۆرێک لە دۆستە دەوڵەمەندەکانی ویستیان هاوکاری دارایی بکەن، بەڵام ئەو بەهۆی بەرز ڕاگرتنی شکۆی خۆیەوە، هیچ جۆرە هاوکارییەکی قبووڵ نەکرد.
سەرەنجام لە ١٥ی تەممووزی ١٩٥١ی زایینی، ئەم سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووس، داهێنەر و زمانناسە گەورەیەی کورد لە گوندی (حاجانێ) کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە گۆڕستانی مەولانا خالید نەقشبەندی لە گەڕەکی کوردانی شاری شام، لە تەنیشت باپیری (میر بەدرخان) بەخاکسپێردرا و مێژوویەکی زێڕینی بۆ نەوەکانی دوای خۆی بەجێهێشت.

Your Comment