بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (MHP)، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، لوتکەی ئەمدواییەی ناتۆی لە ئەنقەرە وەک خاڵی وەرچەرخانێک لە هاوکێشە ئەمنییەکانی جیهاندا وەسف کرد و وتی شیکردنەوەی ئەم لوتکەیە تەنها وەک ڕووداوێکی دیپلۆماسی، ڕوانینێکی ناتەواو و ڕووکەشانەیە بۆ گۆڕانکارییەکانی ئێستا.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە لە لوتکەی ئەنقەرەدا جارێکی دیکە چەمکی ڕاستەقینەی «هاوپەیمانی» هەڵسەنگاندنی بۆ کرایەوە، ڕایگەیاند کە هاوپەیمانیی نێوان وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ نابێت تەنها لە وێنەی یادگاری، بەیاننامەی سیاسی یان پەیامی هاوخەمی لە کاتی قەیرانەکاندا کورت بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای دادپەروەری، متمانەی دوولایەنە، هاوکاری، بەرهەمهێنانی هاوبەش و هاوپشتیی ڕاستەقینە دابمەزرێت.
باخچەلی جەختی کردەوە کە تورکیای ئەمڕۆ تەنها بەهۆی پێگە جیۆپۆلەتیکییەکەیەوە لە ناتۆدا گرنگ نییە، بەڵکو بە پشتبەستن بە ئەزموونی مێژوویی، توانای بەرگری، ئیرادەی سیاسی و توانستە نیشتمانییەکانی، بووەتە یەکێک لە ئەکتەرە کاریگەرەکان لە داڕشتنی سیستمی ئەمنیی نوێدا.
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی بە ئاماژەکردن بە داواکارییەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ کۆتاییهێنان بەو سزایانەی بەسەر پیشەسازیی بەرگریی تورکیادا سەپێنراون وتی، دروستبوونی ئیرادەیەک بۆ هەڵگرتنی سزاکانی «کاتسا» (CAATSA) و پێداچوونەوە بە دۆسیەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-٣٥ (F-۳۵) هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە، چاککردنەوەی ئەو بێمتمانەیییەیە کە لە ئەنجامی ڕەفتارە نادادپەروەرانەکانی هەندێک لە هاوپەیمانان دژی تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا دروست بووە.
ناوبراو زیادی کرد، زیادبوونی پشکی بەرهەمە ناوخۆیی و نیشتمانییەکان لە پیشەسازیی بەرگریی تورکیادا بۆ زیاتر لە ٨٠٪، ئەنجامی ساڵانێک فشار، سزا و سنووردارکردن بووە و نیشانی دەدات کە ئەم وڵاتە توانیویەتی پشتبەستنی خۆی بە دەرەوە تا ڕادەیەکی زۆر کەم بکاتەوە.
باخچەلی لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لە پێشهاتەکانی پەیوەست بە ئێران کرد و وێڕای ڕەخنەگرتن لە هێرشە سەربازییەکانی دوای پرۆسەی ڕێککەوتنەکە، ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوانە متمانە بە دیپلۆماسی لاواز دەکەن.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنەکە وتی: «ڕێککەوتن بەڵێنی حکومەتەکانە، نەک بڕیاری یەک کەس.» بە گوتەی ئەو، هێرشکردنە سەر ئێران لە کاتێکدا کە ئەم وڵاتە لایەنێکی ڕێککەوتنەکە بووە، بڕوا و پێگەی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەو هەروەها جەختی کردەوە کە نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران یان ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و میکانیزمە یاساییەکانەوە چارەسەر بکرێن، نەک لە ڕێگەی توندکردنەوەی گرژییە سەربازییەکانەوە.
باخچەلی هۆشداریی دا کە هەر جۆرە قەیرانێک لە گەرووی هورمزدا، بەهۆی ڕۆڵی ستراتیژیی ئەم ئاودرەوە لە گواستنەوەی وزەدا، دەرهاویشتە و کاردانەوەی بەرفراوانی لەسەر ئابووریی جیهان، بازاڕی وزە و نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان دەبێت.
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی بە ئاماژەکردن بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و یەکێتیی ئەورووپا وتی، دوای لوتکەی ناتۆ، بابەتی ئەندامێتیی تەواوی تورکیا جارێکی دیکە دەخرێتەوە ناو بەرنامەی کاری ئەورووپاوە.
ناوبراو بە ڕەخنەگرتن لە ڕێبازی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، پرۆسەی ئەندامێتیی تورکیا ساڵانێکە زیاتر لە پێوەرە تەکنیکییەکان، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی تێڕوانینە سیاسییەکان و پێشداوەرییەکانەوە.
باخچەلی جەختی کردەوە کە ئەورووپا لە بوارەکانی وەک ئاسایش، وزە، کۆچبەران، بازرگانی و سەقامگیریی ناوچەییدا بەبێ تورکیا ناتوانێت ستراتیژییەکی بەردەوام دابڕێژێت و زیادی کرد: «پێگەی تورکیا ژووری چاوەڕوانیی ئەورووپا نییە، بەڵکو دەبێت بە کێش و پێگەی شایستەی خۆیەوە لەسەر ئەو مێزانە ئامادە بێت کە بڕیارە ستراتیژییەکانی تێدا دەدرێت.»
ئەو هەروەها داوای پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپای کرد لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە، یەکسانیی سەروەری و دادپەروەری و وتی، نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی یەکێتیی گومرگی، هەڵگرتنی ڤیزا و گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان گرنگن، بەڵام پێویستە ئەورووپا لە تێڕوانینە ئامرازییەکەی بۆ تورکیا دەستبەردار بێت.
Your Comment