میت ئەندامێکی باڵای داعشی لە سووریاوە گواستەوە بۆ تورکیا

سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ڕایانگەیاند کە ڕێکخراوی هەواڵگریی ئەو وڵاتە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سووریا، تاڵب گولەر، لە ئەندامانی باڵای داعشی کە بە ناوی خوازراوی "عەبدولسەلام تورکی" دەناسرێت، دەستگیر کردووە و گواستوویەتییەوە بۆ تورکیا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند کە ڕێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سووریا، تاڵب گولەر بە ناوی خوازراوی "عەبدولسەلام تورکی" دەستگیر کردووە و گواستوویەتییەوە بۆ تورکیا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تاڵب گولەر برای قاسم گولەرە، کە یەکێکی دیکە لە کەسایەتییە باڵاکانی داعشە، و لە تۆڕی ئەم گرووپە لە تورکیا کە بە ناوی "مەکتەبی فارووق" (Maktab Al-Faruq) دەناسرێت، چالاکیی دەکرد. ناوی ئەو لە لیستی کەسانی داواکراوی وەزارەتی ناوخۆی تورکیادا بوو. قاسم گولەریش پێشتر لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەلایەن ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیاوە دەستگیر کرابوو و گوازرابووەوە بۆ ئەم وڵاتە.

به گوتەی سەرچاوە ئەمنییەکان، تاڵب گولەر لە کانوونی دووەمی ٢٠١٤ و هاوکات لەگەڵ لوتکەی شەڕی ناوخۆی سووریا، بە شێوەیەکی نایاسایی چووە ناو ئەم وڵاتە و لە پاڵ براکەیدا چالاکییەکانی داعشی هەماهەنگ دەکرد. دوای دەستگیرکردنی قاسم گولەر، هێزە هەواڵگرییەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنی ناسینەوە و ڕاوەدووستانی تاڵب گولەریان دەستپێکرد و جووڵەکانی ئەویان خستە ژێر چاودێرییەوە.

ئەم سەرچاوانە زیادیان کرد کە گولەر دوای گواستنەوەی بۆ تورکیا هاوکاریی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی کردووە و دەربارەی پرۆسەی مەیلکردنی خۆی بەرەو توندڕەوی، چۆنیەتیی چوونی بۆ سووریا، پەیوەندیکردنی بە داعش و چالاکییەکانی لەم گرووپەدا، زانیاریی پێشکەش کردووە.

مانگی ڕابردووش ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا ئەحمەد قازانجی، لە ئەندامانی دیکەی باڵای داعشی، لە کاتی هەوڵدان بۆ دزەکردنە ناو خاکی تورکیا دەستگیر کردبوو.

بەرپرسانی تورکیا جەخت دەکەنەوە کە داعش هێشتا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی ئەم وڵاتە دادەنرێت. لە کاتی ڕووخانی پێکهاتەی ناسراو بە "خەلافەت"ی داعش لە ساڵی ٢٠١٩دا، ژمارەیەک لە ئەندامان و لایەنگرانی ئەم گرووپە لە تورکیا جێگیر بوون و لە شێوەی تۆڕی ناسراو بە "داعشی خۆراسان" بەردەوام بوون لە ڕاکێشانی هێز، دابینکردنی سەرچاوەی دارایی و پشتیوانیی لۆجستی.

تورکیا کە لە ساڵی ٢٠١٣دا داعشی خستە ناو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سەدان ئۆپەراسیۆنی ئەمنی دژ بەم گرووپە ئەنجام داوە و سەدان گومانلێکراوی دەستگیر کردووە. بە گوتەی بەرپرسانی ئەم وڵاتە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە ڕێگرییان لە ڕوودانی چەندین هێرشی پلانبۆداڕێژراو کردووە، لەوانە هێرش بۆ سەر شوێنە ئایینییەکان، و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا، داراییە پەیوەندیدارەکان بە دابینکردنی پارە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان بلۆک کراون.

News ID 227558

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha