بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موراد قەرەیلان ئەندامی فەرماندەیی گشتیی ناوەندی پاراستنی گەل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی لە باسی لەو پرۆسەیە کرد کە بە بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ی عەبدوڵا ئۆجەلان دەستی پێکردووە. بە وتەی ئەو، ئەم پرۆسەیە بۆ هەردوو لا گرنگە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێک و بڕیارێکی ڕوونی بۆ پرۆسەکە نەداوە، کە ئەمەش وەک "کێشە لە عەقڵیەتی دەوڵەتدا" وەسف دەکات.
سەبارەت بە ڕەوشی عەبدوڵا ئۆجەلان، قەرەیلان ڕایگەیاند کە ماوەی ٤٢ ڕۆژە جگە لە شاندی دەوڵەتی تورکیا، هیچ کەسێکی دیکە چاوی پێی نەکەوتووە و لەژێر گۆشەگیرییەکی توندی سیاسیدایە. هاوکات ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوە" دەکەن لەلایەن ئۆجەلانەوە و ئەوەی بە درۆ و بەشێک لە "شەڕی دەروونی" بۆ دروستکردنی هیوای ساختە ناوبرد.
قەرەیلان جەختی لەوە کردەوە کە عەبدوڵا ئۆجەلان دانووستانکاری سەرەکییە و بەپێی بڕیاری ١٢یەمین کۆنگرەی پەکەکە، دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر پرسی چەکدانان دراوە بە گەریلا و بەستراوەتەوە بە ئازادیی جەستەیی ئۆجەلانەوە. ناوبراو ڕایگەیاند: "تا ڕێبەر ئاپۆ بە جەستەیی ئازاد نەبێت، هیچ گەریلایەک چەک دانانێت."
لە وەڵامی ئەو بانگەشانەی باس لە لاوازبوونی پەکەکە دەکەن، قەرەیلان ئاماژەی بەوە دا کە چوونە ناو ئەم پرۆسەیە لە لاوازییەوە نییە، بەڵکوو سوپای تورکیا دوای چوار ساڵ لە ئۆپەراسیۆنەکانی زاپ و مەتینا تووشی بنبەست بووە. هەروەها هۆشداری دا کە ئەگەر دەوڵەت بەردەوام بێت لە شەڕی دەروونی، ئەوان دەتوانن "دۆسیەی تاوانەکانی دەوڵەت" هەڵبدەنەوە.
سەبارەت بە چۆنیەتیی وەستانی شەڕ، قەرەیلان ئاشکرای کرد کە سەرەتا لە ١ی ئاداری ئەمساڵدا پەکەکە ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاندووە، بەڵام تورکیا قبووڵی نەکردووە. دواتر لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٦ی حوزەیران بە بەکارهێنانی تاکتیکی درۆن، گورزیان وەشاندووە، ئەمەش وایکردووە لایەنی تورکی بێنە سەر هێڵ و بپرسن چییان دەوێت. لە ئەنجامدا، لە ١ی تەممووزی ٢٠٢٥ەوە هەردوو لا چوونەتە دۆخی ئاگربەستەوە. هەروەها ئاماژەی بە خستنەخوارەوەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوی تورکی لە جۆری (ئاکنجی) کرد لە بەرزیی ١١ هەزار مەتر لە ئاسمانی قەندیل، کە بەهۆیەوە جووڵەی ئەو جۆرە فڕۆکانە وەستێنراوە.
قەرەیلان بە ڕوونی باسی لە توانای تەکنەلۆژیی هێزەکانیان کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان نەبووایە، دەیانتوانی شەڕەکە زۆر قورستر بکەن و ئامانجە دوورەکان، سەرچاوە ئابوورییەکان و ناوچە نەوتییەکان تا دووری ٨٠٠ کیلۆمەتر بکەنە ئامانج. هۆشداریشی دا، ئەگەر تورکیا بیەوێت هێرشی سەربازییان بکاتە سەر، ئەوا توانایان هەیە سێ بۆ چوار هێندەی پێشووتر وەڵام بدەنەوە. ناوبراو ئاماژەی بە بەکارهێنانی تاکتیکی نوێی تونێل و درۆنە نوێیەکانی (FPV)ی فایبەر ئۆپتیک کرد، کە بە وتەی ئەو، سوپای تورکیای لەبەرامبەریاندا بێچارە کردووە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەندامەکەی فەرماندەیی نەپەگە پەیامێکی ئاراستەی هاوڵاتیان و سیاسەتمەدارانی کورد کرد و هۆشداری پێدان لە بوونی "شەڕێکی تایبەت" کە ئامانج لێی دروستکردنی بێمتمانەیی و لاوازکردنی کۆمەڵگەیە. قەرەیلان وتی، حکوومەت دەیەوێت بە پێدانی هیوای جێبەجێنەکراو و دابەشکردنی پرۆسەکە بەسەر کاتدا، دینامیکییەتی کۆمەڵگە بکوژێنێتەوە، بۆیە داوای کرد هەمووان لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەدا هۆشیار بن.
Your Comment