بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاڵدار خەلیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "رۆناهی" ڕایگەیاند کە هێزە کوردییەکان ناچنە ناو هیچ ململانێیەکی ناوچەییەوە و تەرکیزیان لەسەر بەرگری و پاراستنی ناوخۆییە. هاوكات ئاشکرایشی کرد کە هاوکارییە سەربازییەکان لەگەڵ دیمەشق لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمدا هێشتا بەردەوامن.
خەلیل لەم بارەیەوە وتی: "یەکینە کوردییەکان لە ئێستادا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمدا، پێکەوە لەگەڵ سوپای سووریا بەشداری لە خولی مەشقی سەربازیی هاوبەشدا دەکەن. ئەم ڕێککەوتنە هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازی، و هەروەها دۆسیەکانی وەک دەروازە سنوورییەکان، فرۆکەخانەکان و سەرچاوە نەوتییەکان لەخۆ دەگرێت."
ئەم لێدوانانەی سەرکردەکەی PYD لە کاتێکدا دێن کە بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە شێوازی مامەڵەی ئیسرائیل لەگەڵ حزبوڵا دەربڕیوە. لە بەرامبەردا، ترەمپ ستایشی ئەحمەد ئەلشەرع (ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی)، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سوریای کردووە و پێشبینی ئەوەی کردووە کە دیمەشق بتوانێت لە داهاتوودا "مامەڵەیەکی گونجاو" لەگەڵ دۆسیەی حزبوڵادا بکات.
سەرەڕای ئەم پێشبینییانەی ئەمریکا، ئەحمەد ئەلشەرع خۆی جەختی لەوە کردووەتەوە کە سووریا نایەوێت ببێتە بەشێک لە چڕبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ لوبنان. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجی دیمەشق گەیشتنە بە ڕێگەچارەیەکی هاوبەش کە سەقامگیری و پێکەوەژیانی نێوان هەردوو وڵات بپارێزێت و ڕێگە خۆش کات بۆ هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدان.
Your Comment