هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پێشبینی و گومانەکان دەربارەی داهاتووی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن و لێکەوتەکانی لەسەر هاوکێشەکانی ناوچەکە، دڵشاد مەجید، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسیی کوردی نیشتەجێی ئەورووپا، لە یاداشتێکی تایبەتدا بۆ کوردپرێس، بە تێڕوانینێکی جیۆپۆلیتیکییەوە بۆ پرۆسەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا، ئەم گفتوگۆیانە بە فراوانتر لە دۆسیەی ئەتۆمی هەڵدەسەنگێنێت و پێی وایە کێبڕکێ لەسەر وزە، ڕێڕەوەکانی بازرگانیی جیهانی، هەژموونی چین لە کەنداودا و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بزوێنەری سەرەکیی دانوستانەکانی ئێستان. ئەوەی لە خوارەوە دێت، دەقی تەواوی ئەم یاداشتەیە.
🔺واشنتن و تاران: شەڕ، مناوەرە یان ڕێکەوتن؟
🔺دانوسانەکانی ئێران و ئەمریکا بەرەو کوێ؟
هاوڕێیانێکی زۆر پرسیاری ئەوەم لێ دەکەن ئایا چۆن دەڕوانیتە ئەو دانوسانانەی ئەمڕۆی نێوان ئەمریکاو ئێران؟
بەخوێندنەوەی من ئەم دانوسانانە بە دوو قوناغ تێدەپەرێ، لەقۆناغی یەکەم ئەمریکا مانۆڕ و مناوەرە و کات کوشتن پەیرەو دەکات، شەڕ ڕوونادات. بەڵام بەئەگەری زۆرەوە ڕەنگە لەقۆناغی دووەم گفتووگۆی جدی بۆ رێکەوتنی کۆتایی بێتەدی.
لێرەوە بە خستەڕووی هەندێ فاکت ئەرگومێنتێک، شیکردنەوەو لێکدانەوە بۆ هەردوو قۆناغە دەکەین. کەبۆچی دانووسانەکان بە دوو قۆناغ تێدەپەرێ؟
🔹قۆناغی یەکەم!
قوناغی یەکەم قۆناغی (٦٠) ڕۆژەکەو هەڵبژارنەکانی ئیسرائیل و ئەمریکایە. کە تیایدا ئەمریکا لەو قۆناغە مناوەری سیاسی دەکات، هیچ ڕێکەوتنیکی کۆتایی تیادا بە ئەنجام ناگات
ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگرێتەوە.
١- یەکەمیان پەیوەندی بە گۆرانکاریەکانی ناو ئیسرائیل هەیە، ئەویش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلە لە ١٠/٢٧ . هەرڕێکەوتنێک لەگەڵ ئێران، رەنگە ببێتە هاندەرێک کە جارێکی تر نەتانیاهۆو توندرەوەکانی ئیسرائیل لە هەڵبژاردنەکان دەربچنەوە.
٢- دووەمشیان پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەیە لە (١١/٣).ترسی کۆماریەکان لەم جۆرە رێکەوتنە، ئەگەری زۆری هەیە ببێتە مایەی گوشارێکی زۆر لەسەر کۆماریەکان لەلایەن دیموکراتەکان لەلایەک و لۆبی ئیسرائیلی ( AIPAC، ئایباک) لەلایەکی تر.
🔺لەم قۆناغە نەگەماری ئابووری هەڵدەگیرێت، نە ئازادکردنی پارە بلۆکراوەکانی ئێران ئەنجام دەدرێ، بەڵام گەروی هورمز کراوە دەبێت و ئێرانیش بە ئاسایی نەوتی خۆی دەفرۆشێ و بازگانی خۆی دەکات. لەو ماوەیەش هەڕەشەو گرژی روودەدات، بەڵام هەمووی لەژێر کۆنترۆڵە، ئەو گرژیانەش بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردن تەوزیف دەکرێ.
🔹قۆناغی دووەم!
ئەم قۆناغە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەست پێ دەکات، بەئەگەری زۆرەوە لەم قۆناغە جۆرێک لەڕێکەوتن ئەنجام دەدرێ ، هەروەها قۆناغ بەقۆناغیش بەگوێرەی وەڵامەکانی ئێران بۆ داواکاریەکانی ئەمریکا ڕێکەوتنە بەرەو پێش دەچێ.
لێرە دووپرسیار رووبەڕوومان دەبێتەوە:-
🔺یەکەمیان بۆچی ئەگەری ڕێکەوتن زۆرە؟
🔺دووەمیان داواکاریەکانی ئەمریکا چین؟
🔹وەڵامی پرسیاری یەکەم!
🔺دوای سەردانەکەی ترەمپ لەگەل ملیاردێرەکانی بۆ چین، گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی، کەچین لەگەل بەردەوام بوونی شەڕ نیەو ئەگەر ئەمریکا شەڕ ڕانەگرێ، چین دەستە وەستان ناوەستێ، و نابێتە بەشێک بۆ گوشار خستنە سەر ئێران بۆ کردنەوەی هورمز. لەدوای ئەو سەردانە لێدوانەکانی ئەمریکا و هەڕەشەکانی ئەمریکا لە ئێران کەمتر دەبێتەوەو نەرمرتر دەبێت. ئەمەش بەو مانایە دێت، ئەگەر ئەمریکا ڕێکەوتن و ئاشتی لەگەڵ ئێران نەکات، ئێران و بازار و ئابووری ئێران دەبێتە بەشێک لە ئابووری چین، ئەمریکا بەدووریشی نازانێ، هورمز بکەوتە دەست چینیەکان، ئەویش لەئەگەری کردنەوە و دامەزراندنی پایگای سەربازی و دەریایی چینی لە هورمزو و دوورگەکانی ناو کەنداو. ئەوکات هەژموون و کۆنترۆڵی چینەکان نەک بەسەر ووزەی ئێران بەڵکو بەسەر تەواوی ووزەی کەنداودا دەبێت.
🔺جگە لەوە، ئەمریکا گەیشتۆتە جۆ رێک لەقەناعەت، کە ووڵاتانی کەنداو گەیشتونەتە ئەو قەناعەتە، کە ئەمریکا ناتوانێ بیانپارێزێ، بۆیە هەر ووڵاتەو بەجۆرێک لەجۆرەکان پەیوەندیەکانیان لەگەل ئێران ئاسایی کردۆتەوو، وەک سعودیەو عومان و قەتەر، بەڵکو قەتەر بۆتە تەرەفێکی سەرەکی لەدانووسانەکان.
🔺هەروەها ئەمریکا ترسی لە دروستبوونی ئەو هاوپەیمانیە چوارقۆڵیەی لەبەرامبەر ئیسرائیل لەئارادایە لەنێوان ( تورکیا و پاکستان و مسڕ و سعودیە)، لە دوا هەنگاو ئەو چوار ووڵاتەش ببنە ڕێگر لە بەرامبەر پلانەکانی ئەمریکا.
بۆیە ئەگەر ستراتیجیانە بڕوانینە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، باشترین هەنگاو ڕێکەوتنە لەگەڵ ئێران و لەباوەشگرتنی ئێرانە. لەدەستنەدانی ئەو هاوپەیمانەیەتی لەناوچەکە.
🔹وەڵامی پرسیاری دووەم!
مەرجی سەرەکی سەرکەوتن و بەئامانج گەیشتنی دانوسانەکان، جێ بەجێکردنی داواکاریەکانی ئەمریکایە، داواکاریەکان چین؟
🔺ئێران دەرگای وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکیەکان بکاتەوە.
🔺نەوت و گاز بە پترۆ دۆلار بفرۆشێ.
🔺نەوت بەنرخی جیهانی بە بێ داشکان بفرۆشێتە چین.
🔺بە پارە بلۆکراوەکانی ئێران، کەرەستەو کاڵای ئەمریکی بکڕێ. لە دانووسانی جنێڤیش ، مەرجی ئازادکردنی پارە بلۆکراوکانی ئێران، کرینی کاڵای ئەمریکی بوو بەو پارانە.
🔺ئەمریکا ببێتە بەشێک لەپرۆسەی چاودێری هورمز.
🔺ئێران سەرانەو باج لە کەشتیە بازرگانیەکانەکان وەرنەگرێ، بەتایبەتی لە کەشتیەکانی ئەمریکا.
بۆیە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران تەنها پرسی ئەتۆمی نیە، بەڵکو ململانێیەکن لەسەر ئابووری، ووزە، ڕێگاکانی بازرگانی و هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە. ئەگەر هەردوو لایەن بتوانن خاڵە سەرەکییەکان چارەسەر بکەن، ئەگەری گەیشتن بە ڕێکەوتن زیاتر دەبێت. بەڵام ئەگەر یەکێک لەو خاڵانە ببێتە هۆی ناکۆکی، قۆناغی کاتکوشتن درێژتر دەبێت و گەڕانەوەی گرژییەکانیش بە دوور نازانم.
Your Comment