تەنیا ئامانجی دەوڵەتی تورکیا چەککردنی کوردە نەک چارەسەرکردنی پرسی کورد

ئەندامی کۆنسەی ڕێبەرایەتیی (کەجەکە)، ڕەخنەی لە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا گرت بەرامبەر بە پرسی کورد و ڕایگەیاند کە پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" هێشتا نەگەیشتووەتە بنبەست، بەڵام ڕووبەڕووی کۆسپ و تەحەدای جیدی بووەتەوە.

سەبری ئۆک ئەندامی کۆنسەی ڕێبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "ئێڤێنێری"ی ئیتالی، هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئێستای ئاشتی کرد و باسی لە جیاوازیی قووڵی نێوان تێڕوانینی دەوڵەتی تورکیا و بزووتنەوەی کورد کرد لەسەر ناوەڕۆکی ئەم پرۆسەیە.

ئۆک بە ئاماژەدان بە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ وتی: "ئۆجەلان باسی لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هێشتا دەستەواژەی وەک 'کێشەی تیرۆر' یان 'تورکیای بێ تیرۆر' بەکاردێنێت. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە دەسەڵاتی تورکیا هێشتا نەک هەر دۆزی کوردی بە فەرمی نەناسیوە، بەڵکوو پێناسەیەکی دروستیشی بۆ پرۆسەی ئێستا نییە."

ئۆک لەبارەی ڕێدۆزی دەوڵەتی تورکیاوە زانیاریی زیاتری دا و وتی: "تەنیا ئامانجی ئەوان، وەک چۆن ڕۆژانە دووبارەی دەکەنەوە، چەککردنی بزووتنەوەکەمانە. هەر لەبەر ئەمەشە ناوی ئەم پرۆسەیەیان نەناوە ئاشتی یان چارەسەری، بەڵکو پێی دەڵێن 'تورکیای بێ تیرۆر'. بێگومان ئەم دیدگایە ڕەنگدانەوەی ئەو عەقڵییەتەیە کە لە مێژووەوە بوونی گەلی کوردی ڕەتکردووەتەوە".

ئۆک جەختی لەوە کردەوە کە لایەنە ناکۆکەکان هێشتا لێکتێگەیشتن و ڕوانگەیەکی هاوبەشیان بۆ ئەم پرۆسەیە نییە و وتی: "دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە پرسێکی ئاوا مێژوویی، قووڵ و چارەنووسساز، بەو شێوەیەی کە پێویستە بەرپرسانە و جیدی ڕەفتار ناکات. بۆیە ناتوانین بڵێین پرۆسەکە گەیشتووەتە بنبەست، بەڵکو دەکرێت بڵێین ڕووبەڕووی کۆسپ و کەمکوڕی جیدی بووەتەوە و بە شێوازێکی لەرزۆک و پڕ لە دژواری بەرەو پێش دەچێت." ناوبراو ئاماژەی بە بوونی هەندێک هێزی دەرەکی لەناو پێکهاتەی دەوڵەت و بیرۆکراسیی تورکیادا کرد کە دژی پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیەن و بەربەست لەسەر ڕێگاکەی دروست دەکەن.

ئۆک لە درێژەی قسەکانیدا، هەندێک لە هێزە نێودەوڵەتییەکانی بە بەرپرسیار دانا لە بەردەوامیی قەیرانی کورد و ئیدیعای کرد کە ئەو ئەکتەرانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، هاندەر و پشتگیرێکی ڕاستەقینە نین بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد.

سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستپێکردنی پرۆسە نوێیەکە، وتی: "دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی چەندین دەیە بە بەکارهێنانی هەموو توانایەکی سیاسی، سەربازی، ئابووری و دیپلۆماسی هەوڵی دا بزووتنەوەی کورد لەناو ببات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕی غەززە و نیگەرانییەکان لە داهاتووی ناوچەکە، وایکرد بەشێک لە دەسەڵاتی تورکیا بگەنە ئەو باوەڕەی کە دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە پێویستە." ئاماژەی بەوەش کرد کە هاتنە پێشەوەی دەولەت باخچەلی، ڕێبەری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بۆ ئەم بابەتە، نیشانەی گرنگی و هەستیاریی بابەتەکەیە بۆ دەوڵەتی تورکیا.

ئۆک ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لە دروستبوونی پرۆسەی ئێستادا بە یەکلاکەرەوە وەسف کرد و وتی: "سەرباری چەندین ساڵ زیندانیکردن و بارودۆخی سەختی گۆشەگیری، ئۆجەلان بە بەرپرسیاریەتییەوە پێشوازی لەم دەرفەتە کرد. لە ڕاستیدا هیچ کەسایەتییەکی تر هێندەی ئەو توانای دەستپێکردن و ڕێبەرایەتیکردنی پرۆسەیەکی لەم شێوەیەی نەبوو."

ناوبراو بە ئاماژەدان بە دۆخی مەیدانی لە ناوچەکانی ململانێدا وتی، لە ماوەی نزیکەی ساڵی ڕابردوودا، جگە لە چەند حاڵەتێکی سنووردار، دۆخی ئاگربەست و نەبوونی شەڕ لە نێوان هێزەکانی پەکەکە و سوپای تورکیادا بەرقەرار بووە. بە وتەی ئەو، هەرچەندە جووڵەی سەربازی و چالاکییە هەواڵگرییەکانی تورکیا بەردەوامن، بەڵام بە گشتی دەکرێت باس لە بوونی قۆناغێکی ئاگربەستی دوولایەنە بکرێت.

ئەم ئەندامەی کۆنسەی ڕێبەرایەتیی کەجەکە لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لە بێمتمانەییەکی بەربڵاوی کۆمەڵگەی کورد بەرامبەر بە دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی: "گەلی کورد متمانەی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەو پرۆسەیە هەیە کە دەستی پێکردووە، بەڵام متمانە بە ئەنقەرە زۆر لاوازە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە سەرڕای بڕیارە مێژووییەکانی بزووتنەوەی کورد، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و وەلاوەنانی ستراتیژیی خەباتی چەکداری، دەوڵەتی تورکیا هێشتا هیچ هەنگاوێکی کرداری و کۆنکرێتی بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی نەناوە."

ئۆک بابەت "مافی ئومێد"ی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە یەکێک لە تاقیکردنەوە گرنگەکانی دەوڵەتی تورکیا دانا. وی بە ئاماژەدان بەو مۆڵەتەی کە لەلایەن کۆنسەی ئەوروپاوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دیاری کراوە، وتی کە چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەنقەرە لەگەڵ ئەم بابەتەدا ئەوە نیشان دەدات کێ بە ڕاستی پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکات و کێ ڕێگری لێ دەکات.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە پێشکەوتنی پرۆسەی ئاشتی پێویستی بەوەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک دانوستانکاری سەرەکی بە فەرمی بناسرێت، گەرەنتی یاسایی و سیاسی دروست بکرێت، دیموکراسیی خۆجێیی پەرەی پێبدرێت و مافە کولتووری و ناسنامەییەکانی کورد قبووڵ بکرێت. بە وتەی ئەو، "ئەگەر کورد بوونی هەیە، دەبێت مافەکانیشی بە فەرمی بناسرێن. چارەسەری بەردەوام بریتییە لە قبووڵکردنی یەکتر، تێکەڵبوونی دیموکراتیک و دیموکراتیزەبوونی تورکیا".

News ID 227349

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha