بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمپانیای ئەمریکی "ئێچ کەی ئێن" لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ٢٥ ساڵەدا لەگەڵ دمشق، دەستی بە کۆنترۆڵکردن و بەرهەمهێنانی نەوت لە حەوت کێڵگەی نەوتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە. ئەم ڕێککەوتنە وەک یەکەمین گرێبەستی گەورەی "بەشداریکردن لە بەرهەمهێنان" لە نێوان حکومەتی نوێی سووریا و کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی نەوت دادەنرێت.
ئەم کێڵگانە دەکەونە ناوچەی نەوتیی ڕمێلان لە پارێزگای حەسەکە. لە ساڵانی شەڕی ناوخۆدا، ئەم ناوچانە لەلایەن دامەزراوەکانی سەر بە کورد و ئیدارەی نەوتیی پەیوەندیدار بە هەسەدەوە بەڕێوەدەبران. بەڵام ئێستا بە هاتنەناوەوەی کۆمپانیای "ئێچ کەی ئێن"، بەڕێوەبردنی کارەکان، بونیادنانەوەی ژێرخانەکان، پەرەپێدانی تەکنیکی و زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی ئەم کێڵگانە بەم کۆمپانیا ئەمریکییە سپێردراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەلمانیتۆر"، ئەم گرێبەستە حەوت کێڵگەی نەوتی لە کۆمەڵە کێڵگەکانی ڕمێلان و سوێدییە دەگرێتەوە؛ ناوچەیەک کە پێش دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا، ڕۆژانە نزیکەی ١٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، بەڵام ئێستا قەبارەی بەرهەمهێنانی لە نێوان ٧٠ بۆ ٨٠ هەزار بەرمیلدایە لە ڕۆژێکدا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە گفتوگۆ سەرەتاییەکانی نێوان دمشق و دامەزراوەی نەوتیی سەر بە هەسەدە لە شوباتی ٢٠٢٦دا دەستیان پێکرد؛ کاتێک شاندێکی کۆمپانیای نەوتی سووریا سەردانی ڕمێلانی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر "تێکەڵکردنی دامەزراوە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا". ئێستاش بە ڕادەستکردنی کێڵگەکان بە کۆمپانیای HKN، پرۆسەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
گرنگیی ئەم ڕێککەوتنە تەنیا لە بواری وزەدا نییە. دمشق هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەم گرێبەستەوە، بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ، کۆنترۆڵی ئابووریی سەرچاوە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا بکاتەوە و داهاتەکەی بۆ خەزێنەی حکومەتی ناوەندی بگەڕێنێتەوە. هاوکات، ئەم گۆڕانکارییە وەک نیشانەیەک بۆ کەمبوونەوەی هێواشهێواشی سەربەخۆیی ئابووریی ناوچە کوردییەکان و هەنگاونانیان بەرەو تێکەڵبوونەوە لەناو دەوڵەتی سووریادا سەیر دەکرێت.
ماڵپەڕی ئەلمانیتۆر ئەم گرێبەستە وەک نیشانەی گۆڕانی ڕوانگەی واشنتۆن بەرامبەر بە سووریا لە دوای ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد وەسف دەکات. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەمریکا چیتر تەنیا وەک بابەتێکی ئابووری سەیری نەوتی سووریا ناکات، بەڵکو وەک بەشێک لە پرۆسەی ڕێکخستنەوەی نەزمێکی نوێی ناوچەیی لە دوای شەڕ دەیبینێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" بڵاوی کردووەتەوە کە کۆمپانیای ئەمریکی "کۆنۆکۆ فیلیپس" لە لێواری واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێدایە لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ بووژاندنەوەی بەرهەمهێنانی غاز لەو وڵاتەدا؛ گرێبەستێک کە دەکرێت ببێتە یەکەم ڕێککەوتنی گەورەی زلهێزێکی نەوتیی ئەمریکی لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریادا.
بەپێی ڕاپۆرتی فاینانشاڵ تایمز، کۆنۆکۆ فیلیپس لەگەڵ کۆمپانیای "نۆڤاترا ئێنێرجی" دەیەوێت کێڵگە غازییەکانی ئێستای سووریا پەرەپێبدات و هاوکات بەدوای دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێدا بگەڕێت. ئەم گرێبەستە بەردەوامیی ئەو لێکتێگەیشتنەیە کە تشرینی دووەمی ڕابردوو لە نێوان هەردوولادا واژۆ کرا و چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆتایی پێ بهێنرێت.
فاینانشاڵ تایمز هێمای بۆ ئەوەش کردووە کە کۆمپانیا گەورەکانی وەک "تۆتاڵ ئێنێرجی"، "قەتەر ئێنێرجی" و "کۆنۆکۆ فیلیپس" پێشتریش ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی سووریا واژۆ کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆزینەوەی نەوت و غاز لە دەریادا لە بلۆکی ژمارە ٣ لە نزیک لازقییە؛ ئەمەش نیشانەی گەڕانەوەی هێواشهێواشی کۆمپانیا گەورەکانی ڕۆژاوایە بۆ بازاڕی وزەی سووریا دوای چەندین ساڵ لە گۆشەگیری و سزاکان.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، حکومەتی نوێی سووریا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانییەوە، بەرهەمهێنانی غازی وڵاتەکە بووژێنێتەوە کە بەهۆی شەڕەوە بە توندی دابەزیبوو. دمشق هیوادارە بە هاتنی کۆمپانیا ئەمریکی و عەرەبییەکان، بەرهەمهێنانی غازی ڕۆژانەی سووریا لە ماوەی ساڵی داهاتوودا لە نێوان ٤ بۆ ٥ ملیۆن مەتر سێجا زیاد بکات.
کۆمپانیای "ئێچ کەی ئێن"ی ئەمریکی پێشتر چالاکیی بەرفراوانی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەبووە و لەگەڵ تۆڕەکانی وزەی نزیک لە هەولێر و حکوومەتی هەرێم کاری کردووە. لەبەر ئەم هۆکارە، هەندێک لە شرۆڤەکاران ئامادەیی ئەم کۆمپانیایە لە ڕمێلان، وەک درێژکراوەی پەیوەندییەکانی بواری وزە لە نێوان واشنتۆن، هەولێر و دمشق دادەنێن.
ئەم گۆڕانکارییانە نیشان دەدەن کە سووریا دوای چەندین ساڵ لە شەڕ، ئێستا لە لێواری بوون بە مەیدانی ڕکابەریی نوێی کۆمپانیا گەورەکانی وزە و بەشێک لە ڕێکخستنەوەی جیۆپۆلەتیکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
Your Comment