ئەحمەد تورک: من خۆم پرسی کوردم؛ ناسنامە و زمانم نکۆڵییان لێ دەکرێت

ئەحمەد تورک دەڵێت پرسی کورد هێشتا ڕیشەی لە نکۆڵیکردنی ناسنامە، زمان و مافە سیاسییەکانی کورداندایە و ڕاشیگەیاند: «پرسی کورد منم؛ گەلێک کە هێشتا بە فەرمی نەناسراوە.»

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دێرینی کورد و سەرۆکی هەڵبژێردراو و لادراوی شارەوانیی ماردین، لە کۆنفرانسی «گواستنەوەی دیموکراتیی کۆمار لە سەدەی دووەمدا» لە ئیستەنبووڵ، لەژێر ڕەخنەی توندی بەردەوامیی سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی وتی: «دەپرسن کورد چی دەوێت؟ من کوڕی خێزانێکم کە زەوییەکی بەرفراوانی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام ناسنامەم نییە، زمانەکەم بە فەرمی ناناسرێت و گەلەکەم پشتگوێ دەخرێت. پرسی کورد ڕێک ئەمەیە.» ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی بەهێزکردن و تۆکمەکردنی پڕۆسەی ئاشتی و پێشکەشکردنی نەخشەڕێگایەکی ڕوون بۆ داهاتوو کردەوە.

ئەحمەد تورک لە گوتارەکەیدا لەژێر ناونیشانی «سیاسەتی دیموکراتی و هێزی کۆمەڵگە؛ لە خۆجێییەوە تا کۆماری دیموکراتی»، ئاوڕی لە ئەزموونی چەند دەیەی ڕابردووی چالاکیی سیاسیی بزووتنەوەی کورد دایەوە و ڕایگەیاند کە لە سەرەتای دامەزراندنی پارتە کوردییەکانەوە تا ئێستا، هەمیشە جەخت لەسەر پێکەوەژیانی دیموکراتی و برایەتیی نێوان هەردوو نەتەوەی کورد و تورک کراوەتەوە.

ئەحمەد تورک: من خۆم پرسی کوردم؛ ناسنامە و زمانم نکۆڵییان لێ دەکرێت

ناوبراو بە ئاماژەدان بە سەردەمی دامەزراندنی پارتی ڕەنجی گەل (HEP) گوتی: «بەهۆی بەشداریکردنمان لە کۆنفرانسی کوردیی پاریس، ناچار بووین لە پارتی کۆماریی گەل (CHP) دەست لەکار بکێشینەوە. دوای ئەوە هەوڵمان دا بۆ دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسیی نوێ و پارتی HEPمان دامەزراند. لەو کاتەوە تا ئێستا، هەشت پارتی کوردی داخران یان هەڵوەشێنرانەوە، بەڵام ئێمە هەرگیز لە داکۆکیکردن لە سیاسەتی دیموکراتی کۆڵمان نەدا.»

تورک زیادی کرد: «لە دەیەی ١٩٩٠دا لەگەڵ تیرۆری سیاسی و دۆسیەی کوشتنە زنجیرەییەکاندا ڕووبەڕوو بووینەوە. هاوڕێی بەهاداری وەک مووسا عەنتەر و محەمەد سەنجارمان لەدەست دا، بەڵام هێشتا لەو باوەڕەدا بووین کە چارەسەری پرسی کورد لە سیاسەتی دیموکراتیدایە و بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، خەباتی هاوبەشمان لەگەڵ هێزە دیموکراتەکانی تورکیادا هەڵبژارد.»

سەرۆکی لادراوی شارەوانیی ماردین لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بیرەوەرییەکی دیداری خۆی لەگەڵ تۆڕگۆت ئۆزاڵ، سەرۆککۆماری کۆچکردووی تورکیا، لە ساڵی ١٩٩٣دا کرد و گوتی: «پێش گەشتەکەمان بۆ دیمەشق بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەگەڵ تۆڕگۆت ئۆزاڵ کۆبووینەوە. ئەو پێی گوتین: "ڕۆشتن یان نەڕۆشتنتان بڕیاری خۆتانە، بەڵام ئەگەر ڕۆشتن بە ئۆجەلان بڵێن کە چارەسەر بە چەک بەدەست نایەت. دەبێت سیاسەتی دیموکراتی بەهێز بکرێت و ڕێگەی لێکتێگەیشتن و سازان بدۆزرێتەوە."»

ئەحمەد تورک بە ئاماژەدان بە پڕۆسەی ئێستای ئاشتیش ڕایگەیاند: «سەرەڕای دیدارە فرەوانەکان و ئەو دانوستانانەی دوای پەیامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دراون، هێشتا نازانین نەخشەڕێگاکە چییە، چاوەڕوانییەکانی لایەنی بەرامبەر چیین و حکوومەت بە ڕوونی چ بەرنامەیەکی بۆ داهاتوو هەیە.»

ناوبراو جەختی کردەوە کە هێزە سیاسییە کوردییەکان بە سەبر و حەوسەڵەوە پشتگیری لە پڕۆسەی بەردەوام دەکەن و گوتی: «ئێمە نامانەوێت ئەو لایەنە بین کە ئەم پڕۆسەیە تێک دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبینین کە لە ناو کۆمەڵگەدا هەستی بێمتمانەیی لە زیادبووندایە. هیوادارم ئەم پڕۆسەیە بگاتە سەرکەوتتن و ڕێگرەکانی بەردەم ئاشتیی کۆمەڵایەتی لاببرێن.»

تورک هەروەها داوای لە هێزە دیموکرات، چەپ و سۆسیالیستەکانی تورکیا کرد کە پشتگیری لە پڕۆسەی ئاشتی بکەن و گوتی: «بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە پێویستمان بە هاوڕێیەتیی دیموکراتەکانی تورکیایە. ئەگەر بتوانین یەکبگرین، دەتوانین گوشار بخەینە سەر حکوومەت و دامەزراوە سیاسییەکان بۆ گرتنەبەری هەنگاوە پێویستەکان.»

ئەو لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە مژاری دامەزراندنی سەرپەرشتیاری دەوڵەتی (قەیوم) لە شارەوانییەکانی شارە کوردییەکاندا کرد و گوتی: «ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان سێ خول ڕایگەیاند کە هیچ ڕێگرییەک بۆ کاندیدبوونی من نییە. سێ جار بوومە کاندید بۆ شارەوانیی گەورەشاڕی ماردین، بەڵام هەر جارێک لە جیاتی من قەیومیان دامەزراند.»

پاشان ئەحمەد تورک لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە «کورد چی دەوێت؟» گوتی: «هەمیشە دەپرسن کورد چی دەوێت؟ من نموونە لەسەر خۆم دەهێنمەوە. کوڕی خێزانێکم کە لە کوردستان خاوەنی زەوییەکی بەربڵاوە، بەڵام ناسنامەم نییە. زمانم بوونی نییە. گەلەکەم نادیدە دەگیرێت. پرسی کورد منم؛ پرسی کورد ڕێک لێرەیە.»

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بزووتنەوەی سیاسیی کورد هەرگیز ڕوانگەیەکی جیاخوازی نەبووە، زیادی کرد: «ئێمە لە تەواوی ژیانی سیاسیماندا دووبەرەکیخواز نەبووین؛ هەوڵمان داوە یەکڕیزیئافەرین بین. بەرگریمان لە برایەتیی نەتەوەکان کردووە و سەرەڕای هەموو سیاسەتە سەرکوتکارییەکان، هێشتا باوەڕمان بە سیاسەتی دیموکراتی هەیە. نامانەوێت ئەم باوەڕە لەدەست بدەین.»

تورک لە کۆتاییدا ڕووی دەمی کردە سەرجەم ئەکتەرانی ناو پڕۆسەی ئاشتی و گوتی: «ستەم لە گەلی کورد و گەلی تورک مەکەن. لە جیاتی تەسلیمبوون و دووبەرەکی، یەکێتی بەهێز بکەن، گەل لە ئامێز بگرن و بە پلان و بەرنامەی تۆکمە کە داهاتوو مسۆگەر دەکات، وەرنە ناو مەیدانەکەوە.»

News ID 227346

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha