١٤ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١٤:٢٠

ئولوچ:

دەبێت یاسای بنەڕەتیی پرۆسەی ئاشتی دەستبەجێ پەسەند بکرێت

ئۆجەلان ڕۆڵی دەبێت لە جێبەجێکردنی یاساکەدا
دەبێت یاسای بنەڕەتیی پرۆسەی ئاشتی دەستبەجێ پەسەند بکرێت

نوێنەرێکی دەم پارتی وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پەسەندکردنی خێرای یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی، ڕایگەیاند کە ئەم «یاسا بنەڕەتییە» دەبێتە هۆی بەدامەزراوەیکردنی پرۆسەکە، هەروەها پێگە و پێناسەی عەبدوڵا ئۆجەلان و سکرتارییەتی هاوڕێی تێدا دەستنیشان دەکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سارۆخان ئولوچ، نوێنەری ئەنتالیا لە پارتی دیموکراتی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی)، ئاماژەی بە گفتوگۆ بەردەوامەکانی پەیوەست بە یاسای چوارچێوەی «پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» کرد و ڕایگەیاند کە عەبدوڵا ئۆجەلان ئەم پڕۆژەیە بە «یاسایەکی بنەڕەتی» بۆ پێشخستنی پرۆسەی دیموکراتیزەکردن دەزانێت و جەختی لەسەر پەسەندکردنی کردووەتەوە پێش پشووی هاوینی پەرلەمان. بە گوتەی ئەو، دەبێت ئەم یاسایە زەمینەی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە بڕەخسێنێت کە بەهۆی چوار دەیە لە ململانێ و شەڕەوە کەوتوونەتەوە، هەروەها چاودێریی جێبەجێکردنی پرۆسەکە بکات و پێگەی کاراکتەرە سەرەکییەکانی، لەوانەش ئۆجەلان، پێناسە بکات.

ئولوچ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی "مێزۆپۆتامیا"، ڕوونکردنەوەی زیاتری لەسەر چاوەڕوانییەکانی پارتەکەی لەم یاسایە دا و ڕایگەیاند کە بڕیار نییە دەقەکە زۆر درێژ و پڕ لە ماددەی جۆراوجۆر بێت، بەڵکو دەبێتە یاسایەکی ڕێ خۆشکەر لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردندا.

ئولوچ بە ئاماژەدان بە دوایین دیداری شاندی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند، ئۆجەلان پێی وایە دوو هۆکاری سەرەکی وایان کردووە کە خێراکردنی ئەم یاسایە ببێتە پێویستییەکی حەتمی:

یەکەم؛ بارودۆخی ناوخۆی تورکیا: زیادبوونی جەمسەربەندیی کۆمەڵایەتی لە تورکیادا بە سوودی پێشڕەویی پرۆسەکە نییە و دەکرێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم پەرەسەندنی ئەم فرۆسەیەدا، بۆیە پێویستی بە هەنگاوی خێرا هەیە.

دووەم؛ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ئۆجەلان بە تایبەتی ئاماژە بە گرژی و ململانێکانی پەیوەندیدار بە ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا و دەرئەنجامەکانی دەکات. ڕووداوەکانی ناوچەکە ئیتر تەنها بابەتێکی دەرەکی نین، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر تەواوی پرۆسەکە هەیە؛ بۆیە دەبێت یاسا بنەڕەتییەکە بێ دواکەوتن پەسەند بکرێت.

ئولوچ جەختی کردەوە کە ئەم یاسایە نابێت تەنها دەقێکی مافپەروەری بێت، بەڵکو دەبێت توانای ساڕێژکردنی برینەکانی چەندین ساڵە لە شەڕی هەبێت و زیانە بەجێماوەکان قەرەبوو بکاتەوە، بە جۆرێک کە گشتگیر بێت و هیچ کەسێک لە دەرەوەی بازنەی خۆی نەهێڵێتەوە.

سەبارەت بە پێگەی عەبدوڵا ئۆجەلان و سکرتارییەتی پەیوەندیدار بەو لە پرۆسەی جێبەجێکردنی یاساکەدا، ئولوچ گوتی: «پەسەندکردنی یاساکە بە مانای کۆتایی هاتنی پرۆسەکە نییە، بەڵکو قۆناغی جێبەجێکردن دەست پێ دەکات کە لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی نایەت. بۆیە دەبێت پێگەی بەڕێز ئۆجەلان و سکرتارییەتەکەی و ئەرک و کارەکانیان بە ڕوونی پێناسە بکرێت. ڕوونە کە ئۆجەلان لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایەدا چەندین ڕۆڵی لەئەستۆ دەبێت.»

ئەم نوێنەرەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد کە بابەتگەلێکی وەک: پرۆسەی دانانی چەک، شێوازی گەڕانەوەی کەسەکان و دۆخی یاساییان دوای گەڕانەوە، پێویستیان بە چاودێری و بەڕێوەبردنی بەردەوام هەیە لە ڕێگەی پێکهێنانی ئەنجومەن یان شاندی تایبەتەوە کە لە نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوە حکومییەکان و پارتە سیاسییەکان پێکبێن.

ئولوچ پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان پارتە سیاسییەکانی بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و گوتی گفتوگۆ سەرەتاییەکان لەگەڵ پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بەردەوامن. هەروەها ڕەتی کردەوە کە پێشنووسێکی ئامادەکراو لە لایەن حکومەتەوە درابێتە ئەوان، بەڵکو ئەوەی هەیە بریتییە لە کۆمەڵێک هەڵسەنگاندن، گفتوگۆ و بیروبۆچوونەکانی ئۆجەلان.

ئولوچ لە کۆتاییدا جەختی لە گرنگیی پرسی پەیوەندییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: «سەرۆکی دانوستانکاری ئەم پرۆسەیە (ئۆجەلان) دەبێت بتوانێت هەم لە ڕووی ناوەڕۆک و هەم لە ڕووی جێبەجێکردنەوە پەیوەندییەکی تەندروست و بەردەوامی لەگەڵ ڕێکخراوەکەی خۆیدا هەبێت. لە لایەکی ترەوە، دەبێت دەرفەتی گفتوگۆکردنی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، ڕۆشنبیران، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، سەندیکاکانی پارێزەران و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگەدا هەبێت، چونکە ئەم پەیوەندییانە بۆ بەڕێوەچوونی تەندروستی پرۆسەکە بە پێویستییەکی حەتمی دەزانین.»

News ID 227336

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha