بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆبوونەوەی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا، کە سێ مانگ جارێک بە مەبەستی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا ڕێکدەخرێت، دوێنێ سێشەممە ۹ی حوزەیرانی ۲۰۲۶ لە شاری ستراسبۆرگ دەستی پێکرد و تاوەکو پێنجشەممە ۱۱ی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
ئەو دۆسیانەی لە ژێر لێکۆڵینەوەی ورددان، پەیوەستن بە بڕیارانێکن کە جێبەجێکردنیان لە چەندین وڵاتی ئەورووپایی دواکەوتووە، وەک ئەلبانیا، ئەرمینیا، ئازەربایجان، بەلجیکا، بۆسنیا، بولگاریا، قوبرس، چیک، فەرەنسا، جۆرجیا، یۆنان، هەنگاریا، ئایسلاندا، ئیتاڵیا، مۆڵدۆڤا، مەسەدۆنیای باکوور، پۆڵەندا، پۆرتوگال، ڕۆمانیا، سلۆڤینیا، سویسرا و تورکیا. ئەم دۆسیانە زۆربەیان پەیوەستن بە پێشێلکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانەوە.
لە نێو دۆسیە تاوتوێکراوەکاندا، بڕیاری ۲۲ی کانوونی دووەمی ۲۰۲۰ی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە سەلاحەدین دەمیرتاش هەیە. دادگە لەو بڕیارەدا گەیشتووە بەو ئەنجامەی کە مافەکانی دەمیرتاش پێشێل کراون، بەهۆی دەستگیرکردنی بێ بوونی بەڵگەی دروست بۆ ئەنجامدانی تاوان، بە مەبەستی سەرکوتکردن و سنووردارکردنی ئازادیی سیاسی. هەروەها دادگە ئاماژەی بە هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانی و دەستپێکردنی دادگاییکردنی دواتری کردووە، کە بە پێی بڕیارەکە، مەبەستی سزادانی لەبەر لێدوانە سیاسییەکانی بووە.
هەمان کات، دۆسیەی عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکڤانی تورکیاش تاوتوێ دەکرێت. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە ۱۲ی ئایاری ۲۰۲۰دا بڕیاری دا کە مافەکانی کاڤاڵا بەهۆی دەستبەسەرکردنی نادادپەروەرانە و درێژخایەن بێ بوونی گومانێکی دروست لەسەر ئەنجامدانی تاوان پێشێل کراون.
بڕیارەکانی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا کە لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەدا دەدرێن، ڕۆژی هەینی ۱۲ی حوزەیران لە ماڵپەڕی ئەنجوومەنی ئەورووپا بڵاودەکرێنەوە.
بەپێی مادەی ۴۶ی ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ هەموو وڵاتانی پەیوەندیدار پابەندکەرن.
تورکیا لە ۱۸ی ئایاری ۱۹۵۴ واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و ئەو پابەندییەی خستووەتە ناو بڕگەی ۹۰ی دەستووری خۆیەوە. بەپێی ئەم بەڵێننامە و دەستووری تورکیا، دەبێت ئەنقەرە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکات.
هەرچەندە بڕیارەکان پابەندکەرن، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە بڕیارە پەیوەستەکان بە دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاش و کاڤاڵا جێبەجێ نەکراون. بە پێچەوانەوە، لە ماوەی زیندانیبوونیاندا، لە چەندین دۆسیەی تر سزاکانیان یەکلایی کراوەتەوە.
Your Comment