هێرشەکانی ئەمریکا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و وەڵاممان دایەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا هێرشەکانی سوپای ئەمریکای بۆ سەر ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەی شەرمەزار کرد و ئەو هەنگاوەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا بنەڕەتییەکانی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ناوبرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە: «ئیدارەی ئەمریکا لە یەکەم خولەکەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥ / ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، بە بیانووی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی جۆری ئاپاچیی سوپاکەی لەسەر گەرووی هورمز لە شەوی دووشەممەدا، هێرشی دڕندانەی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەک لە باشووری ئێران.»

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ڕوونی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەتایبەت بڕگەی ٤ لە ماددەی ٢، و دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بەم کارە دەستدرێژیکارانەیان جارێکی تر سروشتی تاوانکاری و شەڕانگێزیی خۆیان نیشان دایەوە.

لە وەڵامی ئەم هێرشە سەربازییەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانی و خاکی وڵاتەکە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چوارچێوەی بەکارهێنانی مافی ڕەوای بەرگریکردندا، بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا کە سەرچاوەی هێرشەکان بوون، بە توندی پێکا.

حکوومەتی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ئەم کارەی ئەمریکا، بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی هەموو وڵاتانی ناوچەکەی، بەتایبەت وڵاتانی کەناری باشووری کەنداوی عەرەبی، بەبیر هێنایەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی خاک و ئیمکاناتیان لەلایەن سوپای ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ نەخشەڕێژکردن، ڕێکخستن، جێبەجێکردن و پشتگیریکردنی کردەوەی دەستدرێژیکارانە دژ بە ئێران.

تاران هاوكات هۆشداریی دا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەکارهێنانی مافی ڕەوای خۆی بۆ بەرگریکردن سڵ ناکاتەوە، لەوانەش بە ئامانجگرتنی سەرچاوەی هێرشەکان و ئەو بنکە و ناوەندە لۆجستییانەی کە بۆ پاڵپشتیی هێرشەکان بەکاردەهێنرێن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران جارێکی تر بەرپرسیارێتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیەی بەبیر هێنایەوە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە لە لایەنە دەستدرێژیکارەکان.

News ID 227311

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha