ئایا تۆم باراک فیدراڵیزمی عێراقی کردووەتە ئامانج؟

هاوکات لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەستنیشانکردنی تۆم باراک وەک نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لە عێراق، هەندێک لە چاودێران دەڵێن ڕەنگە سیاسەتەکانی نوێنەرە تایبەتەکەی ترەمپ هاوسەنگییە لاوازەکەی نێوان بەغدا و هەولێر تێکبدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای دیاریکردنی تام باراک وەک نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عێراق و سووریا، ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران و چاودێرانی پرسی کورد و عێراق، تێڕوانین و نیگەرانییەکانی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X خستووەتە ڕوو. ئەم لێدوانانە زیاتر چڕ بوونەتەوە لەسەر نیگەرانی لە بەهێزبوونی ناوەندگەرایی لە بەغدا و دیمەشق، وە هەڕەشەی ئەگەری لەسەر فیدراڵیزم و خۆبەڕێوبەریی کوردان، بەتایبەت لە عێراقدا. نیگەرانیی ئەم دەستەیە پێش هەر شتێک بۆ ڕوانگەی باراک بەرامبەر بە پرسی «حکوومەتی ناوەندیی بەهێز» و داهاتووی پێکهاتە فیدراڵی و خۆبەڕێوبەرییەکانی ناوچەکە دەگەڕێتەوە.

کەمال چۆمانی، شرۆڤەکاری پرسی کورد، پێی وایە هەر هەڵوێستێک و تەنانەت هەر پەیامێکی باراک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دڵەڕاوکێیەکی نوێ لە هەرێمی کوردستان و لە نێوان کورداندا دروست دەکات. بە وتەی ئەو، زۆرێک لە کوردەکان گەڕانەوەی باراک وەک نوێنەری تایبەتی ترەمپ بە «مۆتەکە» دەبینن، چونکە ئەو چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دروستکردنی «حکوومەتێکی ناوەندیی بەهێز، یەک سوپا و یەک سەروەریی یەکگرتوودا» دەبینێت؛ مۆدێلێک کە لە ڕوانگەی زۆرێک لە کوردانەوە، لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەندین جار بووەتە هۆی سەرکوتکردنی کەمینەکان و ناوەندگەراییەکی دەسەڵاتخوازانە.

چۆمانی بە ئاماژەدان بە ئەزموونی وڵاتانی ناوچەکە، لە تورکیای سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورک، عێراقی ژێر دەسەڵاتی سەددام حوسێن و سووریای بنەماڵەی ئەسەد، ئەوە دەخاتە ڕوو کە کۆکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی ڕێبەرە کاریزماتییەکاندا، نەک هەر سەقامگیرییەکی بەردەوامی دروست نەکردووە، بەڵکو بووەتە هۆی کودەتا، توندوتیژی، سەرکوت و تەنانەت کۆمەڵکوژیش (جینۆساید). ئەو دەڵێت کوردان نیگەرانن لەوەی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیدارەی ترەمپ بە ڕێبەرایەتیی باراک، لە پشتگیریکردنی دیموکراتیزەکردن و پێکهاتە بەشداریپێکەرەکان دوور بکەوێتەوە و بەرەو بەهێزکردنی حکومەتە ناوەندییەکان و سەرکردە ملهوڕەکان هەنگاو بنێت.

بە بڕوای ئەم شرۆڤەکارە، نیگەرانیی کورد تەنها بە سووریاوە سنووردار نییە. ئەو هۆشداری دەدات هاوشێوەی ئەوەی سیاسەتەکانی باراک لە سووریا بووە هۆی لاوازکردنی پێگەی کوردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ئێستا ئەگەری هەیە هەمان ڕێچکە لە عێراقیش پەیڕەو بکرێت؛ بەتایبەت ئەگەر بەغدا بە پاڵپشتیی واشنتۆن بەرەو ناوەندگەرایی زیاتر بڕوات. چۆمانی ئەوە وەبیر دەهێنێتەوە کە کوردی عێراق ئەزموونی جینۆساید و سەرکوتی توندی لە سەردەمی ڕژێمی سەددامدا چەشتووە و دوای ساڵی ١٩٩١ و پاشان دەستووری ٢٠٠٣ی عێراق توانیویەتی پێگەی فیدراڵی و ئۆتۆنۆمیی خۆی جێگیر بکت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، هەر جۆرە لاوازکردنی فیدراڵیزمێک، نەک تەنها هەڕەشەیە لەسەر هەرێمی کوردستان بەڵکو مەترسییە بۆ سەر تەواوی پرۆسەی دێموکراسی لە عێراقدا.

لە بەرامبەردا، حەمزە حەداد، شرۆڤەکاری سیاسیی عێراقی، بە ڕوانگەیەکی وشیارانەترەوە سەیری ئەم نیگەرانییانە دەکات. ئەو جەخت دەکاتەوە کە سەرەڕای ناڕوونی و ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، پێکهاتەی فیدراڵیی عێراق هێشتا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی سیاسی نێوان زۆرینەی شیعە و کوردەکان ڕاوەستاوە، و هیچ ئیرادەیەکی جدی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئۆتۆنۆمیی هەرێمی کوردستان لە بەغدادا نابینرێت. حەداد پێی وایە پێشهاتەکانی سووریا تەنانەت وایکردووە زۆرێک لە ئەکتەرە عێراقییەکان بایەخی سەقامگیریی ڕێژەیی و سیستەمی فیدراڵیی عێراق زیاتر تێبگەن.

ئەو هۆشداری دەدات کە بەغدا و هەولێر نابێت بەرەو مۆدێلە سڕینەوەییەکان بگەڕێنەوە. بە وتەی ئەو، ئەزموونی سیاسەتی ناسراو بە «چارەسەری شەست لەسەدی» ئەمریکا لە ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥دا ــ کە لەسەر هاوپەیمانیی شیعە و کورد و پشتگوێخستنی پێکهاتەی سوننە داڕژابوو ــ لە کۆتاییدا بووە هۆی شەڕی ناوخۆیی عێراق، و ئێستاش هەر جۆرە سیاسەتێک لەسەر بنەمای سڕینەوە یان ناوەندگەرایی زۆر، دەکرێت لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەقامگیریی عێراق هەبێت.

هاوکات، فەیسەڵ ئەستەرابادی، شرۆڤەکار و دیپلۆماتی پێشووی عێراقی، جەخت دەکاتەوە کە ناڕوونی و جیاوازییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بەشێکی سروشتییە لە سیستەمە فیدراڵییەکاندا و نابێت وەک هەرەسهێنانی پێکهاتەی ئۆتۆنۆمیی کوردستان لێک بدرێتەوە. ئەو لەو بڕوایەدایە کە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە فیدراڵیزمی عێراق، سەرەڕای هەموو قەیرانەکان، هێشتا دەتوانێت بەردوام بێت و بە پێچەوانەی سووریا، لە عێراقدا جۆرێک لە کۆدەنگیی سیاسیی ڕێژەیی لەسەر بەردەوامیی ئەم پێکهاتەیە هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، دێلیمان عەبدولقادر، چاودێری پرسی کورد، هۆشداری دەدات کە پێویستە هەرێمی کوردستان بە زووترین کات هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخات و پێکهاتەی ئۆتۆنۆمییەکەی بەهێز بکات، چونکە لە غیرەی ئەو دۆخەدا ڕەنگە لە مامەڵە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا لاواز بکرێت. ئەو پێی وایە ئەزموونی کوردستانی سووریا نیشانی داوە کە باراک مۆدێلی سووریا بە نموونەیەکی سەرکەوتوو دەزانێت و ئەگەری هەیە بیەوێت مۆدێلێکی هاوشێوە لە عێراقیشدا پەیڕەو بکات.

عەبدولقادر دەڵێت تەنها زەردەخەنە دیپلۆماسییەکان و دیدارە فەرمییەکان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد بەس نین، و پێویستە سەرکردەکانی هەرێم زیاتر لە ڕابردوو تەرکێز بخەنە سەر یەکڕیزیی ناوخۆیی و پاراستنی توانای بەرگریی خۆیان. بە بڕوای ئەو، مەترسی سەرەکی ئەوەیە کە کورد لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە گەورەکانی نێوان ئەنقەرە، بەغدا و دیمەشقدا ببێتە بابەتێکی لاوەکی.

بەگشتی کاردانەوەکان بەرامبەر بە دەستنیشانکردنی تام باراک نیشانی دەدات کە بەشێک لە فەزای سیاسی و میدیایی کوردی، گەڕانەوەی ناوبراو وەک نیشانەیەک بۆ ئەگەری گۆڕانکاری لە ڕوانگەی ئەمریکا بەرامبەر بە پرسی کورد و داهاتووی فیدراڵیزم لە عێراق و سووریادا دەبینن. لە بەرامبەردا، هەندێک لە شرۆڤەکارانی عێراقی پێیان وایە پێکهاتەی سیاسیی عێراق و ڕێککەوتنی ناوخۆیی نێوان ئەکتەرە سەرەکییەکان، ڕێگر دەبێت لەوەی کە هەر هێزێکی دەرەکی بتوانێت بە ئاسانی هاوکێشەی فیدراڵیزمی عێراق بگۆڕێت.

News ID 227279

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha