بەرپرسێکی باڵای KCK: بەبێ ئازادیی ئۆجەلان، پرۆسەی ئاشتی ناچێتە پێش

سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی KCK، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە چارەسەرکردنی پرسی کورد بەبێ ڕۆڵی ڕاستەوخۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان مەحاڵە، داوای پەسەندکردنی یاسای پێویستی کرد بۆ ئازادیی فیزیکی و چالاکیی سیاسیی ئەو، و هۆشداریشی دا کە بەردەوامبوونی خەمساردیی دەوڵەت، بێ متمانەیی بەرامبەر بە پرۆسەی ئاشتی قووڵتر دەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سۆزدار ئاڤێستا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «ستێرک تیڤی»، هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئێستای گفتوگۆکانی ئاشتی لە تورکیادا کرد و ڕایگەیاند کە پرسی کورد تەنها لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر دەبێت و لەم نێوەندەشدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان هێشتا لایەنی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی ئەم پرۆسەیە هه‌ژمار ده‌کرێت.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەردەوامبوونی زیندانیکردن و گۆشەگیریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕالیدا وتی، لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا یاسا ئاساییەکان لەسەر ئەو جێبەجێ نەکراون و ئەگەر بەڕاستی ئیرادەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە هەیە، دەبێت پێش هەر شتێک پێگە و دۆخی ئۆجەلان سەرلەنوێ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.

ئاڤێستا جەختی کردەوە کە ئۆجەلان لە کاتی دامەزراندنی بزووتنەوەی کوردییەوە تا ئەمڕۆ، ڕێبەر و مەرجەعی سەرەکیی ئەم جڕیانە بووە و هەر بەو هۆیەشەوە دەبێت ڕۆڵی دانوستانکاری سەرەکی لە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورددا بگرێتە ئەستۆ. بە وتەی ئەو، ڕەخساندنی دەرفەت بۆ چالاکیی ئازادی سیاسی، پەیوەندیی بەردەوام، کەشوهەوای کاری سەربەخۆ و لە کۆتاییدا ئازادیی فیزیکیی ئۆجەلان، لە پێش مەرجە بنەڕەتییەکانی هەر جۆرە پێشکەوتنێکە لە پرۆسەی ئاشتیدا.

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی دەولەت باخچەلی، ڕێبەری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (MHP) کرد و وتی، هەرچەندە باخچەلی لە قۆناغێکدا پشتگیری لە ڕۆڵگێڕانی ئۆجەلان لە پرۆسەی ئاشتی و سیاسیبوونی پرسەکەدا کردبوو، بەڵام دواتر هەڵوێستێکی تەواو جیاوازی گرتەبەر. ئاڤێستا ئەم گۆڕانی هەڵوێستەی وەک نیشانەیەک لە قەڵەم دا کە لە جیاتی چارەسەرکردنی پرسەکە، وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاری دەهێنێت.

ئەم ئەندامەی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی KCK وتی: «ناکرێت ڕۆژێک باس لە ئامادەبوونی ئۆجەلان لە پەرلەمان و بەشداریی ئەو لە پرۆسەی سیاسیدا بکرێت و ڕۆژی دواتر ڕابگەیەنرێت کە دەبێت ڕێکخراوەکەی هەڵوەشێنێتەوە و دووبارە بگەڕێتەوە بۆ زیندان. ڕوانگەیەکی لەو شێوەیە هیچ نییە جگە لە کاتکوژی و درێژکردنەوەی پرۆسەکە.»

ئاڤێستا هەروەها ئاماژەی بە دیداری ئەم دواییەی شاندی ئیمڕالی سەر بە دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە ئامادەکردنی پاکێجێکی یاسایی ٧ یان ٩ ماددەیی بڵاوکراونەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ پەیام یان هەڵسەنگاندنێکی فەرمی لەلایەن ئۆجەلانەوە بە KCK نەگەیشتووە.

بە وتەی ئەو، چارەسەرکردنی پرسی کورد تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆی نێوان ئۆجەلان، بزووتنەوەی کوردی و دامەزراوە سیاسییەکانەوە گونجاوە و هەر جۆرە یاسا یان پاکێجێکی مافی دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا دابڕێژرێت. جەختیشی کردەوە کە تەنها بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت یان خستنەڕووی هەندێک پێشنیاز لە میدیاکاندا بۆ پێشخستنی پرۆسەکە بەس نییە.

سۆزدار ئاڤێستا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە خاوبوونی پڕۆسەی یاسایی گرت و وتی ئەو بابەتانەی لە مانگی مارسەوە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، دەبوو مانگان پێش ئێستا ببوونایە بە یاسا. بە وتەی ئەو، مەودای نێوان بەڵێنەکان و هەنگاوە کردارییەکان بووەتە هۆی زیادبوونی گومان لەناو کۆمەڵگادا.

ئەوەشی زیاد کرد کە بەشێک لە ڕای گشتی پێیان وایە دەسەڵات پرۆسەی ئاشتی بۆ دەستکەوتی سیاسی و هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت و هەرچی پەسەندکردنی یاساکان و هەنگاوە کردارییەکان زیاتر دواکەون، ئەم بێ متمانەییە بەرفراوانتر دەبێت.

ئاڤێستا ڕەخنەی لە ئەدەبیاتی فەرمیی دەوڵەتیش گرت و وتی لە کاتێکدا باس لە «تورکیای بێ تیرۆر» دەکرێت، هێشتا هیچ وێنەیەکی ڕوون لەسەر چۆنیەتی چارەسەری سیاسیی پرسی کورد نەخراوەتە ڕوو. بە بڕوای ئەو، پەسەندکردنی هەندێک یاسا بە تەنها پرسەکە چارەسەر ناکات و بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام، دەبێت ڕوانگەی ئەمنی و سزادەرانە جێگەی خۆی بۆ ڕوانگەیەکی سیاسی و دیموکراتی چۆڵ بکات.

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە خەبات بۆ ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەبێت هاوتەریب لەگەڵ دانوستانەکان بەردەوام بێت و پێدانی «مافی ئومێد» (حق امید) و هەموارکردنەوەی یاساکانی پەیوەندیدار بە زیندانی هەتاهەتایی، لەو هەنگاوانەن کە دەتوانن متمانە بە پرۆسەی ئاشتی زیاد بکەن.

ئاڤێستا بە ئاماژەدان بە گرژییە سیاسییەکانی ئەم دواییەی دەوروبەری پارتی گەلی کۆماری (CHP) ڕایگەیاند کە گوشار و دەستوەردانە دادوەرییەکان دژی ئەم پارتە، فەزای سیاسیی تورکیای شێواندووە و زیان بە پرۆسەی ئاشتیش دەگەیەنێت. بە وتەی ئەو، پرسی کورد بابەتێکی حزبی یان ناوخۆیی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو پرسێکی سەد ساڵەیە کە کاریگەری لەسەر چارەنووسی سەرجەم هاوڵاتیانی تورکیا هەیە.

ناوبراو لە کۆتاییدا داوای لە تەواوی پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هێزە دیموکراتییەکان کرد کە بە ڕوانگەیەکی بەرفراوانتر و دوور لە ململانێی ڕۆژانەی سیاسی سەیری پرۆسەی ئاشتی بکەن و بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە کۆنترین قەیرانەکانی تورکیا، ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕن.

News ID 227278

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha