ئایا دیمەشق پڕۆژەی خۆبەڕێوبەریی کوردەکان سڕ دەکاتەوە؟

حکوومەتی سووریا بە تەرکیز لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوەندە ئەمنی و ئابوورییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات، بەدوای بەرتەسککردنەوەی ئەو توانایانەدا دەگەڕێت کە بۆ پێکهێنانی هەر جۆرە خۆبەڕێوبەرییەکی بەردەوامی کوردی پێویستن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گرژییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و حکوومەتی دیمەشق لە پارێزگای حەسەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە؛ قۆناغێک کە چیتر تەنها لەسەر کۆنترۆڵی جوگرافی نییە، بەڵکوو تەوەرەکەی لەسەر کۆنترۆڵکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان، بەندیخانەکان و ئامرازەکانی سەپاندنی دەسەڵاتە. هاوکات دیمەشق پڕۆسەی تێکەڵکردنی پێکهاتە ئەمنییەکانی سەر بە هەسەدەی خێرا کردووە و لە بەرامبەریشدا، نیشانەکانی داخورانی قۆناغ بە قۆناغی هەژموونی ئەم هێزانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر دەرکەوتوون.

لە نوێترین پێشهاتدا، ئەحمەد هیلالی، جێگری نوێی پارێزگاری حەسەکە کە لەلایەن دیمەشقەوە دەستنیشانکراوە، ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ۹ هەزار هێزی سەر بە «ئاسایش» ــ دامەزراوەی ئاسایشی ناوخۆی نزیک لە هەسەدە ــ هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بچنە ڕیزی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگاکەوە. بە وتەی ئەو، نزیکەی هەزار کەس لەم هێزانە ژنن و وەرگرتنیان بەستراوەتەوە بە پڕۆسەی پشکنینی تاکەکەسییەوە، هەرچەندە چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی زۆریان لەناو پێکهاتەی ئەمنیی حکوومەتدا جێگەیان بکرێتەوە.

هیلالی هەروەها ڕایگەیاند، بڕیارە ژمارەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگاکە لە سەرجەم بەشەکاندا بگاتە نزیکەی ۲۰ هەزار کەس؛ بابەتێک کە تەنانەت لە ئەگەری وەرگرتنی بەرفراوانی هێزەکانی ئاسایشیشدا، پشکی هێزەکانی پێشووی هەسەدە بۆ کەمتر لە نیوەی پێکهاتەی ئەمنیی داهاتوو کەمدەکاتەوە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە دۆخی ئەمنی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، بەتایبەت لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام ڕووی لە خراپی کردووە. لە وەڵامدا، هێزەکانی ئاسایش کەمپینێکی ئەمنیی نوێیان بۆ ماوەی مانگێک لە شاری حەسەکە دەستپێکردووە. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییە نەتەوەیی و سیاسییەکان لە ناوچە عەرەبی و تێکەڵاوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

سەرچاوە خۆجێییەکان دەڵێن، ئەگەرچی نەخشە سەربازییەکان هێشتا بەشێکی گەورەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە نیشان دەدەن، بەڵام هەژموونی ڕاستەقینەی ئەم هێزانە لە زۆرێک لە ناوچە عەرەبنشینەکاندا سنووردار و تەنها هێماییە. ناوچە عەشایەرییە عەرەبەکان لە درێژایی تەل حەمیس، باشووری قامیشلۆ، تەل بەراک و گوندەکانی باکووری حەسەکە تا تەل تەمەر، تەنانەت پێش ڕوخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە دیسەمبەری ۲۰۲۴ـدا، بە کردەوە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی تەواوی هەسەدە بەڕێوەدەبران و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ دیمەشقدا هەبوو.

هاوکات، دیمەشق زیاتر لە ۱۲۰۰ هێزی دەستبەسەرکراوی هەسەدەی ئازاد کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەو ژمارە کەمەش کە هێشتا لە دەستبەسەریدان، پەیوەندییان بە دۆسیەی «تایبەتی یان تاوانکارییەوە» هەیە و دوای بڕینی پڕۆسەی دادوەری ئازاد دەکرێن.

دۆسیەی ئاوارەکانیش بووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تەنها نزیکەی ۱۶۵۰ خێزانی ئاوارەی عەفرینی هێشتا لە ناوچەی حەسەکەدا ماونەتەوە و زۆربەیان تا ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ عەفرین. سەرچاوە حکومییەکان دەڵێن دوای تەواوبوونی دوایین کاروانی گەڕانەوە، دۆیسیەی سەرێکانی (ڕەسولعەین)ـیش دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

شرۆڤەکاران پێیان وایە دیمەشق بە خێراکردنی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، هاوکات دوو ئامانج دەپێکێت: نیشاندانی پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ۲۹ی کانوونی دووەم (یەنایەر) و گۆڕینی قۆناغ بە قۆناغی هاوسەنگیی دیمۆگرافی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. گەڕانەوەی کوردانی عەفرین لە حەسەکەوە، چڕی دانیشتووانی کوردی لەم ناوچەیەدا کەمدەکاتەوە و گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەکانیش بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، ئەم دۆخە چڕتر دەکاتەوە.

یەکێک لە بەندە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە، جیاکردنەوەی ناوچە کوردییەکانە لە ناوچە تێکەڵاو یان عەرەبنشینەکان؛ بابەتێک کە بە وتەی چاودێران، ڕێگرێکی سەرەکییە لەبەردەم هاتنەدی هەر جۆرە خۆبەڕێوبەرییەکی بەردەوام بۆ هەسەدە. دیمەشق هەوڵ دەدات شارە ستراتیژییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی هەسەدە بهێڵێتەوە؛ چونکە ئەم ناوچانە ژێرخانی حەیاتیی هەر پڕۆژەیەکی خۆبەڕێوبەرین.

لە هەمان کاتدا، ناڕوونی و جیاوازییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو لا هێشتا بەردەوامە. مەزڵ,وم عبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لەم دواییانەدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ «ئەلمانیتۆر» بانگەشەی ئەوەی کرد کە جیاوازیی دیمەشق لەگەڵ هەسەدە زیاتر لەسەر «ناو و ناونیشانەکانە» و حکوومەتی سووریا لە بەکردەوەدا جۆرێک لە پێکهاتەی ناوچەیی قبوڵ دەکات، تەنانەت ئەگەر بە فەرمیشی نەناسێت. بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە دیمەشق ئەم تێگەیشتنە بە نادروست دەزانن و جەخت دەکەنەوە کە حکوومەتی سووریا بەدوای تێکەڵکردنی تەواوی پێکهاتە ئەمنی و کارگێڕییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتدایە لەناو سەروەریی ناوەندیدا.

لە یەکێک لە هێمایانەترین گرژییەکانی ئەم دواییانەدا، تابلۆی عەرەبیی کۆشکی دادوەریی حەسەکە تا ئێستا هەشت جار لەلایەن گرووپێکی نزیک لە پەکەکەوە هێنراوەتە خوارەوە. ئەندامانی ئەم گرووپە لە هەندێک ڤیدیۆی بڵاوکراوەدا لە کاتی هێنانەخوارەوەی تابلۆکەدا، سروودی پەکەکە دەڵێنەوە و ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە نەبوونی زمانی کوردی لەسەر تابلۆکە نیشان دەدەن. بەڵام دیمەشق جەخت دەکاتەوە کە کۆشکی دادوەری دامەزراوەیەکی سەروەرییە و ڕێککەوتنی تێکەڵکردنەکە، حکوومەت پابەند ناکات بە بەکارهێنانی زمانی کوردی لەم باڵەخانەیەدا.

چاودێران پێیان وایە بە گواستنەوەی قۆناغ بە قۆناغی بەندیخانەکان، دەزگای دادوەری و پێکهاتە ئەمنییەکان بۆ ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق، دۆسیەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێی ناوەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەوە. لەم قۆناغەدا پرسیارە سەرەکییەکە چیتر لەسەر کۆنترۆڵکردنی خاک نییە، بەڵکو ئەوەیە کە کێ ئامرازی سەپاندنی دەسەڵاتی لەبەردەستدا دەبێت. تا کاتی چارەسەرکردنی ئەم بابەتەش، داهاتووی ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە و هەروەها ڕێژەی لامەرکەزییەت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە نادیاری دەمێنێتەوە.

News ID 227277

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha