دوو خوشک لە ژووری تاریکی ئەشکەنجە ڕزگار کران؛ باوک و باوەژنەکەیان دەستگیر کران

دوو کچی تەمەن ٧ و ١٥ ساڵان کە لەلایەن باوک و باوەژنەکەیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و ئەشکەنجەیەکی دڕندانە ببوونەوە و لە ناو ماڵدا بەند کرابوون، بەهۆی هۆشیاریی خەڵک و کاردانەوەی بەپەلەی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی (ئۆرژانس) ڕزگار کران و هۆکارانی ئەم تاوانەش دەستگیر کران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشەممە، گەڕەکی حاجی ئاوای شاری سنە... دەنگی هاوار و قیژەیەک دەگاتە گوێی هاوسێکانی گەڕەکەکە. هاوارێک کە دەرکەوت لە ناوەوەی یەکێک لە ماڵەکاندایە. هاوسێکان هەرچەندە لە دەرگا دەدەن، کەس وەڵام ناداتەوە. دەستبەجێ پەیوەندی بە فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی و هێزەکانی پۆلیسەوە دەکەن. دوای هاتنی ئەم دوو دامەزراوەیە، بە فەرمانی دادوەر دەچنە ناو ماڵەکەوە؛ ئەوەی دەیبینن بۆیان بڕوانەکراو بوو.

دوو کچی منداڵ و مێرمنداڵ بە دۆخێکی جەستەیی و دەروونیی یەکجار نالەبارەوە، بە شێوازێکی دڵتەزێن لە ناو حەمام و تەوالێتی ماڵەکەدا بەند کرابوون و بە هاوارەکانیان داوای یارمەتییان دەکرد. دەرکەوتنی ڕوخسار و جەستەی ئەم دوو کچە ٧ و ١٥ ساڵانەیە، نیشانەی ئەشکەنجەدانێکی قورسی جەستەیی و دەروونی و بەندکردنیان بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک بوو؛ تاوانێک کە لەلایەن باوک و باوەژنەکەیانەوە ئەنجام درابوو. باوک و باوەژنێک کە ئێستا دەستبەسەرن و دەبێت بە تۆمەتی ئەشکەنجەدان دادگایی بکرێن.

لەم پێوەندییەدا، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی (بەهزیستی) پارێزگای کوردستان، وێڕای ڕاگەیاندنی هەواڵی ڕزگارکردنی ئەم دوو کچە ئازاردراوە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سنە، ڕایگەیاند: «ئەم منداڵانە دوای گەیشتنی ڕاپۆرتی هاوڵاتیان و دەستێوەردانی خێرای تیمی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتیی ١٢٣، لەو دۆخە مەترسیدار و قەیراناوییە ڕزگار کران.»

بە گوتەی حوسێن ڕەسووڵی، دوای گەیشتنی زانیاری لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی منداڵئازاردان لە یەکێک لە ناوچەکانی شاری سنە لە نزیک مەیدانی گاز، تیمی پسپۆڕی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتیی ١٢٣ی بەهزیستی، دەستبەجێ لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و بە هاوکاریی خەڵک چوونە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام لە سەرەتای گەیشتنیاندا بینییان دەرگای بیناکە داخرابوو و ڕێگای چوونە ژوورەوە نەبوو. لە کۆتاییدا بە وەرگرتنی مۆڵەتی دادوەری و بە هاوکاریی پۆلیس، کارناسان چوونە ناو بیناکە و لە بەدواداچوونەکاندا دەرکەوت کە دوو کچی تەمەن ٧ و ١٥ ساڵان لە ناو حەمام و تەوالێتی ساختمانەکەدا بەند کراون.

بەپێی گوتەکانی ڕەسووڵی، دوای دەرهێنانی ئەم دوو منداڵە لەو شوێنە، شوێنەواری ڕوونی منداڵئازاردان، لێدان و برینی جەستەیی بە جەستەیانەوە بینراوە؛ پشکنینە سەرەتاییەکانیش نیشانی دەدەن کە شکان و برینداری لە بەشە جیاوازەکانی جەستەیاندا هەیە، لەوانە لە قاچ، سەر و دەموچاویان.

ناوبراو زیادی کرد کە بەهۆی خراپیی دۆخی جەستەیی ئەم منداڵانەوە، هەردووکیان بۆ وەرگرتنی چارەسەری خێرا گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کۆسەری سنە، کە یەکێکیان هێشتا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و خەوێندراوە، دوای پشتڕاستکردنەوەی پزیشکەکانیش دەگوێزرێتەوە بۆ سەنتەرەکانی پاراستنی منداڵانی سەر بە ڕێکخراوی بەهزیستی. منداڵەکەی تریش دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە، لە ماڵی منداڵان و مێرمنداڵانی سەر بە بەهزیستی لە سنە نیشتەجێ کراوە و ئێستا لەژێر چاودێری و پاراستنی پسپۆڕانەدایە.

ڕەسووڵی بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی کاریگەری خەڵک لە ناسینەوە و ڕێگریکردن لە زیانە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند: «داوا لە هاوڵاتیان دەکەین لە کاتی بینینی هەر جۆرە نیشانەیەکی منداڵئازاردان، هاوسەرئازاردان، کەمئەندامئازاردان و هەر بابەتێکی تر کە سوکایەتی بە کەرامەتی مرۆڤ دەکات، بابەتەکە لە ڕێگەی ژمارە ١٢٣ی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتییەوە بە شێوازی شەو و ڕۆژی ڕاپۆرت بکەن، تا لە کورتترین ماوەدا ڕێوشوێنی پسپۆڕی، پاراستن و دادوەری بگیرێتە بەر.»

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشداری و هەستیاریی کۆمەڵایەتیی هاوڵاتیان لەم بوارەدا دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورەی هەبێت لە پاراستنی منداڵان و ئەو کەسانەی لەژێر مەترسیی ئازارداندان و ڕێگری لە ڕووداوی دڵتەزێن دەکات.

بەڕێوەبەری گشتیی بەهزیستیی کوردستان سەبارەت بە دۆخی باوک و باوەژنی ئەم منداڵانەش گوتی: «ڕاپۆرتی کارناسیی ڕێکخراوی بەهزیستی سەبارەت بە دۆخی ئەم کەسانە و ئەگەری هەبوونی کێشەی دەروونی کە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانە هەیە، ڕەوانەی لایەنە دادوەرییەکان کراوە و دۆسیەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەی دەزگای دادوەریدایە. بەپێی یاساکانی پاراستنی منداڵان و مێرمنداڵان، ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر باوک و باوەژنی ئەم منداڵانە دەگیرێتە بەر و ئەنجامەکانی دواتر بە ڕای گشتی دەگەیەنرێت.»

بەپێی لێدوانەکانی ڕەسووڵی، باوکی ئەم منداڵانە ئێستا لە گرتوخانەدایە و باوەژنەکەشیان بەهۆی ئەوەی دوو منداڵی ساوا و بچووکی خۆی هەیە، لەژێر چاودێریدا لە حەبسی ماڵەوەدایە (حبس خانگی)، تەنانەت لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەو لەگەڵ منداڵەکانی خۆی لە دەستووری کاردایە.

هەروەها فەرمانداری سنەش دوای ڕاگەیاندنی ئەم ڕووداوە، بە سەردانیکردنی نەخۆشخانە چاوی بەم دوو منداڵە ئازاردراوە کەوت و جەختی لەسەر پشتگیریی هەمەلایەنە لەوان و سزادانی توندی هۆکارانی ئەم کارەساتە کردەوە.

غەریب سەجادی بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامیی خزمەتگوزاریی دەرمانی، پاڵپشتی و دەروونی بۆ ئەم منداڵانە، ڕایگەیاند: «دەبێت سەرجەم تواناکانی دامەزراوە جێبەجێکار و پارێزەرەکان بۆ باشترکردنی تەواوی دۆخی جەستەیی و ڕوحیی ئەم منداڵانە بەکار بهێنرێت.»

ئەو بە دەربڕینی داخی قووڵی خۆی بۆ ڕوودانی ئەم کارەساتە، ئاسایشی جەستەیی و دەروونیی منداڵانی بە یەکێک لە ئەولەویەتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە دانا و گوتی: «هیچ جۆرە توندوتیژی یان پشتگوێخستنێک بەرامبەر منداڵان قبوڵکراو نییە و دامەزراوە بەرپرسەکان دەبێت بە هەستیاری و جدییەتەوە لە مافەکانیان بپارێزن.»

سەجادی لە کۆتاییدا سوپاسی هاوکاری و هۆشیاریی هاوڵاتیان، فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی، هێزەکانی پۆلیس، دەزگای دادوەری، ستافی دەرمان و کۆمەڵەی بەهزیستی کرد بۆ ڕاگەیاندن و بەدواداچوونی خێرای ئەم دۆسیەیە.

News ID 227270

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha