کوردپرێس: بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا (۲۸ی شوبات تاوەکوو ۲۸ی ئایار) زیاتر لە ۷۵۱ هێرش تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە ۲۲ کەس گیانیان لەدەستداوە و ۱۱۲ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە ئامارەکانی ڕێکخراوەکەدا هاتووە کە زۆربەی هێرشەکان، واتە ۶۴۷ هێرش، لە ۴۰ ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا و پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ۸ی نیسان ڕوویان داوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق بەرپرسن لە ۶۰.۳%ی هێرشەکان و هێزەکانی ئێران خۆیان ۳۹.۷%ی هێرشەکانیان ئەنجامداوە، کە زۆربەیان (۷۸.۴%) لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە بووە و پارێزگای هەولێریش بە ڕێژەی ۷۸.۳% ئامانجی سەرەکی بووە.
سەبارەت بە شوێنە بەئامانجکراوەکان، ۳۷.۴% بۆ سەر بنکە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا، ۳۱.۷% بۆ سەر ناوچەی مەدەنی، کۆمپانیاکان و بارەگاکانی پێشمەرگە، و ۳۰.۹%ی دیکەش بۆ سەر کامپی پەنابەران و حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بوون.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ۸ی نیساندا، هێرشەکان نەوەستاون و ۱۰۴ هێرشی دیکە تۆمارکراون، بەڵام ئاراستەی هێرشەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ بە جۆرێک کە ۸۲.۷%ی هێرشەکانی ماوەی ئاگربەست بۆ سەر حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بووە و هێزەکانی ئێران بە تەنیا بەرپرسیار بوون لە ۸۹%ی ئەو هێرشانە، کە تیایاندا ۵ کەس کوژراون و ۱۷ی دیکەش بریندار بوون کە سەرجەمیان ئەندامی ئەو حیزبانە بوون.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، ڕێکخراوی CPT چەند ڕاسپاردەیەکی خستووەتە ڕوو؛ داوا لە لایەنەکان دەکات بگەنە ڕێککەوتنێکی پابەندکەر بۆ پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان، و داوا لە حکوومەتی عێراقیش دەکات سەروەریی وڵات بپارێزێت.
هاوکات داوا لە هەردوو حکوومەتی بەغدا و هەولێر کراوە بەپێی یاسا بەرکارەکان، قەرەبووی خێرا پێشکەشی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانە بکەن کە زیانیان بەرکەوتووە.
Your Comment