بەپێی هەواڵی کوردپرێس، باکرهان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتیدا لە پەرلەمانی تورکیا وتارێکی پێشکەش کرد و لە بەشێکی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر پەرەسەندنەکانی پەیوەندیدار بە پارتی گەلی کۆماری (CHP). ناوبراو بە ئاماژەکردن بە دەستێوەردانە دادوەرییەکان لە کاروباری ئەم حزبەدا ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە هەنگاوانە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی زیاتر کردووە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دۆخە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بێ متمانەیی لە ناو کۆمەڵگەدا و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کەشوهەوای سیاسیی تورکیا دروست کردووە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە پرسی کورد بابەتێکی پەیوەندیدارە بە مافەکان، دیموکراسی، ئازادی، نوێنەرایەتیی سیاسی و بەفەرمیناسینی ناسنامەوە، گوتی: "ئەم پرۆسەیە تەنها بە پرسی کوردەوە سنووردار نییە و تەنها پرۆسەی چارەسەرکردنی ئەم پرسە نییە؛ بەڵکوو لە ڕاستیدا بە بەشێک لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا ئەژمار دەکرێت".
باکرهان داوای لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، دامەزراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوە دیموکراتییەکان کرد کە پاڵپشتی لەم پرۆسەیە بکەن و گوتیشی: "ئەگەر هاوتەریب لەگەڵ ڕەوتەکانی ئۆپۆزسیۆن، کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە دیموکراتییەکان پێکەوە پشتگیری لەم پرۆسەیە بکەین، دەتوانین تورکیا ببەینە قۆناغێکی نوێوە".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەسەر پێویستیی بەشداریی سەرجەم هاووڵاتیان لەم پرۆسەیەدا کردەوە و ڕایگەیاند کە دەبێت خەڵکی سەرتاسەری تورکیا ڕۆڵی خۆیان لە پاراستن و پێشخستنی ئەم ڕێڕەوەدا بگێڕن.
باکرهان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا هۆشداریی دا لە لێکەوتەکانی گرژییە ناوخۆییەکان و ڕایگەیاند کە سەرهەڵدانی قەیران و ناكۆكییە ناوخۆییەکان دەکرێت پرۆسەی ئاشتی ڕووبەڕووی ئاستەنگ بکاتەوە.
لە کۆتاییدا ناوبراو ڕوونی کردەوە: "هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییە ناوخۆییەکان، نەک هەر هیچ قازانجێکی بۆ وڵات نابێت، بەڵکوو زیان بە کۆمەڵگە، پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی تورکیاش دەگەیەنێت".
Your Comment