عەفرین و قامیشلۆ دەبنە شاڕێگای شەمەندەفەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە کاتێکدا ناوچە کوردییەکانی سووریا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی شەڕ و ناسەقامگیری بوونەتەوە، ئێستا پڕۆژە نوێیەکانی بەستنەوەی هەرێمی دەکرێت ئەم ناوچانە بگۆڕن بۆ شاڕێگا ترانزێتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "نیشناڵ کانتێکست"، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا، تورکیا و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە بۆ گەشەپێدانی ڕێڕەوەکانی گواستنەوە و بەستنەوەی هێڵی ئاسن (شەمەندەفەر) لە نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەردوو شاری کوردنشینی عەفرین و قامیشلۆ لە سووریا، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ببنە دوو ناوەندی گرنگی ترانزێتی لە پڕۆژەکانی بەستنەوەی ناوچەکەدا؛ وەرچەرخانێک کە دەکرێت هاوکێشە ئەمنی و ئابوورییەکانی ناوچە کوردییەکانی سووریا سەروبن بکات.

عەفرین لە باکووری ڕۆژاوای سووریا و قامیشلۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە چوارچێوەی گرژییە ئەمنییەکان و ململانێ سنوورییەکانی نێوان کورد، تورکیا و ئەکتەرە ناوچەییەکاندا پێناسە دەکران.

عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨دا و لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەڕێوەچوو بە هاوکاریی تورکیا لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکان دەرکرا و بەشێکی زۆری دانیشتوانە کوردەکەی ئاوارە بوون. قامیشلۆش کە وەک ناوەندی سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەناسرێت، ساڵانێکە لە بەردەم شاری نسێبینی تورکیادا و لە پشت دەروازەیەکی داخراوەوە ماوەتەوە.

سەرباری ئەمەش، ئێستا تێڕوانینێکی نوێ لە ئارادایە کە لە جیاتی دیدگایەکی تەنها ئەمنی، تیشک دەخاتە سەر بەستنەوەی ئابووری و ترانزێتی ناوچەکە.

لەم چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٦دا ئەرکی "تۆم باراک" نێردراوی تایبەتی واشنتۆنی لە سووریاوە بۆ عێراق و تورکیاش فراوانتر کرد؛ هەنگاوێک کە نیشاندەری تێڕوانینی ئەمریکایە بۆ دۆسیەکانی سووریا، عێراق و تورکیا وەک یەک پاکێجی جیۆپۆلەتیکی یەکگرتوو.

بەپێی ئەم دیدگایە، گەشەپێدانی تۆڕەکانی هێڵی ئاسن، ڕێگاوبان و هێڵەکانی وزە لە نێوان تورکیا، سووریا، عێراق، ئوردن و وڵاتانی کەنداو بووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی جموجۆڵە ناوچەییەکان.

لە بەشی ڕۆژاوای سووریا، زیندووکردنەوەی هێڵی ئاسنی تورکیا بۆ حەلەب لە ڕێگەی مەیدانی "ئەقبەس-ڕاجۆ" لە ناوچەی عەفرین تێدەپەڕێت. وێستگەی مەیدانی ئەقبەس، یەکەم وێستگەی هێڵی ئاسنی سووریا ئەژمار دەکرێت لە دوای سنووری تورکیاوە و توانای ئەوەی هەیە ببێتە ناوەندێکی پشکنین، گومرگ، و داگرتن و بارکردنی کاڵاکان.

لە ئەگەری کردنەوەی ئەم ڕێگایەدا، عەفرین دەبێتە بەشێک لە تۆڕێکی فراوانتری هێڵی ئاسن کە تورکیا بە حەلەب، دیمەشق، ئوردن و تەنانەت ڕێڕەوی مێژوویی حیجازەوە بەرەو عەرەبستانی سعوودی دەبەستێتەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی سووریاش، قامیشلۆ کە هاوسنووری شاری نسێبینی تورکیایە، لە ڕابردووشدا یەکێک بووە لە ناوەندە گرنگەکانی هێڵی ئاسنی سووریا. زیندووکردنەوەی هێڵی ئاسنی نسێبین-قامیشلۆ و چالاککردنەوەی دووبارەی ڕێڕەوی سنووریی یەعڕوبیە-ڕەبیعە بەرەو مووسڵی عێراق، دەکرێت ئەم شارە بکاتە یەکێک لە ئەڵقە سەرەکییەکانی ڕێڕەوی تورکیا-سووریا-عێراق.

ئەم ڕێگایە هەروەها توانای بەستنەوەی بە پڕۆژەی ناسراو بە "ڕێگای گەشەپێدان"ی عێراقیشەوە هەیە؛ پڕۆژەیەک کە ئامانجی بەستنەوەی تورکیایە بە بەندەری بەسرە، بەندەری گەورەی فاو و وڵاتانی کەنداو.

شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان ناوچە کوردییە سنوورییەکانی سووریا کە لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر وەک ناوچەی قەیراناوی و ئەمنی دەناسران، لە ئەگەری جێبەجێبوونی پڕۆژەکانی بەستنەوەی ناوچەکەدا، لەوانەیە ببڕدرێن بۆ دەروازەی ئابووری و ناوەندی بازرگانی و ترانزێت.

هەندێک لە چاودێران ئاماژە بە ڕاپۆرتی لیژنەی تایبەتی پرۆسەی ئاشتیی پەکەکە لە تورکیا دەکەن، کە تێیدا ئامادەیی پێکهاتەی کورد لە هەردوو بەری سنوورەکە، نەک وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی، بەڵکوو وەک دەرفەتێک بۆ لێکتێگەیشتن و یەکگرتنی ناوچەیی وەسف کراوە.

بە بڕوای ئەم شرۆڤەکارانە، ئەنقەرە هیوادارە لە ڕێگەی پێشخستنی پرۆسەی ئاشتەوایی ناوخۆیی لەگەڵ کورداندا، پێگەی ناوچە کوردییەکان لە سووریا و عێراق لە تەحەدایەکی ئەمنییەوە بگۆڕێت بۆ دەستکەوتێکی ستراتیژی لە پڕۆژە ئابووری و ترانزێتییەکانی ناوچەکەدا.

News ID 227266

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha