هۆشداریی هاوپەیمانان سەبارەت بە هەڵاتنی هەزاران ئەندام و لایەنگری داعش

فەرماندەیی گشتیی ئۆپەراسیۆنی «ئامانجی نەگۆڕ» بە سەرکردایەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە دوای لاوازبوونی سیستمی دەستبەسەرکردن و چاودێریکردن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە نێوان ۱۵ بۆ ۲۰ هەزار کەس لەو کەسانەی گومانی پەیوەندییان لەگەڵ داعش لێدەکرێت، لە کەمپ و گرتووخانەکان هەڵاتوون یان بێسەروشوێن بوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن فەرماندەیی گشتیی ئۆپەراسیۆنی «ئامانجی نەگۆڕ»ی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، سەرنج خراوەتە سەر ئەو هەڕەشە ئەمنییانەی کە لێکەوتەی ڕاکردنی هەزاران کەس لە ئەندامانی داعش و خێزانەکانیانە لە کەمپ و گرتووخانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە دوای هەرەسھێنانی سیستمی دەستبەسەرکردن و چاودێریکردن بەهۆی هێرشی گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی کاتی لە سەرەتای ئەمساڵدا، لە نێوان ۱۵ هەزار بۆ ۲۰ هەزار کەس کە گومانی پەیوەندییان لەگەڵ داعش لێدەکرێت، بێسەروشوێن بوون یان ڕایانکردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە دوای چوونەدەرەوەی بەکۆمەڵی ژنان و منداڵانی بیانی، ژمارەی دانیشتووانی کەمپی «ئەلهۆل» لە نزیکەی ۲۳ هەزار و ۴۰۰ کەسەوە بۆ کەمتر لە ۱ هەزار و ۵۰۰ کەس کەمبووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە نزیکەی ۱ هەزار و ۵۰۰ کەسیش لە گرتووخانەی «شەددادی» ڕایانکردووە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هۆشداری دراوە کە شانەکانی داعش دەتوانن لە ڕێگەی خۆڕێکخستنەوەوە، بازنەی چالاکییەکانی خۆیان بەرفراوانتر بکەن.

News ID 227253

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha