بەرپرسی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوە و خزمەتگوزاریی شارەوانیی مەریوان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپرێس ڕایگەیاند: "پاش ئەوەی لە ڕێگەی هێڵی ١٢٥ی ئاگرکوژێنەوەوە لە ڕووداوەکە ئاگادار کراینەوە، دەستبەجێ تیمی مەلەوان و ژێرئاوگەڕی ڕێکخراوەکەمان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە لە بەنداوی گاڕان کرا."
ڕزوانی ئاماژەی بەوەش کرد کە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە، ئۆتۆمبێلەکە جۆری پراید بووە و ژمارەی مەریوانی پێوە بووە، کە دوو سەرنشینی ئافرەتی تێدابووە (دایکێک و کچەکەی کە خەڵکی نۆدشەن) و کەوتووەتە ناو بەنداوەکەوە.
بەرپرسی ئاگرکوژێنەوەی مەریوان وتیشی: "تیمەکانی ژێرئاوگەڕ پاش گەڕان و پشکنین، توانییان ئۆتۆمبێلەکە و تەرمی سەرنشینەکانی لە ئاوەکە دەربهێنن."
له کۆتاییدا ڕزوانى ڕایگەیاند کە بەداخەوە هەر دوو سەرنشینەکە لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەستدابوو، و پاش دەرهێنانیان لە ئاوەکە، تەرمەکانیان لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنی خێراوە بۆ ڕاپەڕاندنی کارە پێویستەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.
Your Comment