بڕیاری دادگا لەدژی CHP کارێکی سیاسییە و دژ بە بنەماکانی دیموکراسییە

«ئایشەگوڵ دۆغان» وتەبێژی دەم پارتی، ڕەخنەی لە بڕیاری «پووچەڵکردنەوەی ڕەها»ی کۆنگرەی جەهەپە (CHP) گرت و ئەو بڕیارەی بە هەنگاوێکی سیاسی و پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی وەسف کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «ئایشەگوڵ دۆغان» وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە گوتارێکدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە بڕیاری «پووچەڵکردنەوەی ڕەها» دژی کۆنگرەی جەهەپە، ڕایگەیاند کە حزبەکەی لە پاڵ ئیرادەی گەل و ڕەوتی دیموکراسی لە تورکیادا دەوەستێت.

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لەمبارەوە دەنووسێت: عایشەگوڵ دۆغان لە بارەگای سەرەکیی حزبەکەی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی سازکرد سەبارەت بە کۆبوونەوەی بەپەلەی دوێنێی دەستەی جێبەجێکاری ناوەندیی دەم پارتی، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بڕیاری پووچەڵکردنەوەی کۆنگرەی جەهەپە.

دۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە دەستەی جێبەجێکار بەپەلە لەسەر ئەم پرسە کۆبووەتەوە و وتیشی: «ئێمە لەم کۆبوونەوەیەدا مەترسییەکانی ئەم بڕیارەمان هەڵسەنگاند. ئەم بڕیارە دژ بە یاسایە و بڕیارێکی سیاسییە. ئێمە وەک دەم پارتی، وەک هەمیشە لە پاڵ ئیرادەی گەلداین و دژی ئەم بڕیارە دەوەستینەوە. ئەم بڕیارە تەنیا دژی حزبێک نییە، بەڵکو دژی دیموکراسییە و پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە. ئەم بابەتە، بابەتی دیموکراسییە لە تورکیادا.»

ئایشەگوڵ دۆغان باسی لەوەش کرد کە ئەم بڕیارە دەکرێت کاریگەری لەسەر سەرجەم کایە دیموکراسییەکان هەبێت و زیادی کرد: «ئەم بڕیارە لە هەمان کاتدا دەستێوەردانە لە دیموکراسیی تورکیا. وەک ئاشکرایە، لەو کاتەی ئێمە باسی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکمان دەکرد، ئۆپەراسیۆنی ١٩ی مارس دژی شارەوانیی ئەستەنبوڵ ئەنجامدرا. ئێستاش لە قۆناغێکدا کە باسی پرۆسەی یاسایی دەکەین، ئەم بڕیارە دراوە. ئێمە ئەم هەنگاوە وەک سێبەرێک بەسەر پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە دەبینین. ئاشتی و دیموکراسی لە یەکتر جودا ناکرێنەوە. ئێمە پێویستمان بە بڕوا و متمانە هەیە. لەم قۆناغەدا کە باسی ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەین، بڕیارە نایاساییەکان متمانە بە پرۆسەکە کەم دەکەنەوە. نابێت دادگاکان خەریکی ئەندازیاری و دیزاینکردنی ئۆپۆزسیۆن بن و نابێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی سیاسی بجوڵێنەوە. دەبێت سیاسەت دیموکراتیک و ئازاد بێت. پێویستە دەست لەم هەنگاوانە هەڵبگیرێت کە دژی دیموکراسی و یاسان.»

دۆغان هیوای خواست جەهەپە لەم قۆناغە سەختە تێپەڕێت و گوتیشی: «بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆن لە هەمان کاتدا بە واتای بەهێزبوونی دیموکراسییە. بۆ بەهێزکردنی ئەم حزبە ڕەسەنەی ئۆپۆزسیۆن، دەبێت لەم پرۆسەیەدا نەک بە شێوەی پەرتەوازە، بەڵکو بە یەکگرتوویی و هاوبەش کار بکرێت. ئێمە لە ئەستەنبوڵەوە تاوەکو کلانشاری "ئامەد" بۆ چەسپاندنی دیموکراسی خەبات دەکەین. وەک دەم پارتی، بەرگری لە بەها دیموکراسییەکان دەکەین و پارێزگاری لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەین. ئێمە لە پاڵ دیموکراسی و یاسادا دەوەستین.»

ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند کە شاندەکەیان سبەینێ سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات و گوتی کە لەم ڕۆژانەی جەژنەدا، بۆ ئەوەی جەژنێکی پڕ لە ئاشتی بێتە وڵاتەوە، بەردەوام دەبن لە خەباتەکەیان.

ناوبراو لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لە ئەنجومەنی خۆیاندا بڕیار لەسەر دیداری جەهەپە دەدەن و بەپێی ئەو پرۆسەیەی لە ناوخۆی جەهەپەدا بەڕێوە دەچێت، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو دیدارە دەدەن.

هەروەها لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا سەرۆکایەتیی کەمال کڵچدارئۆغڵو بە فەرمی دەناسن یان نا، عایشەگوڵ دۆغان ڕوونی کردەوە کە جەهەپە ئێستا پرۆسەیەکی لەو بارەیەوە دەستپێکردووە و ئەوانیش هاوتەریب لەگەڵ هەڵوێستی جەهەپەدا، هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن.

News ID 227209

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha