بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەروین یووسف لە گفتوگۆ لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو جەختی لەوە کردەوە کە PYD بڕیاری داوە بە شێوەیەکی فەرمی لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری ناکات.
ناوبراو ئاماژەی بە مافی نوێنەرایەتیکردنی کورد لە سووریادا کرد و وتی: «کورد نزیکەی ٢٠٪ی کۆی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنێت، هەر بۆیە دەبێت لانی کەم ٤٠ کورسی لە پەرلەمانی سووریادا بۆ کورد تەرخان بکرێت.»
هاوسەرۆکی PYD لەبارەی خۆکاندیدکردنی «بارزان عیسا»وە ڕوونکردنەوەی دا و ڕایگەیاند: هیچ کەسێک بە نوێنەرایەتی ئەم پارتە بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا ناکات و بارزان عیسا وەک کاندیدێکی سەربەخۆ چووەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەکەوە.
پەروین یووسف ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان ناڕەزایەتی خۆیان لەمبارەیەوە گەیاندووەتە حکومەتی سووریا، بەڵام دیمەشق تا ئێستا هیچ وەڵامێکی بۆ داواکارییەکانیان نەبووە.
جێی ئاماژەیە، بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا ڕۆژی یەکشەممە لە ناوچەکانی حەسەکە و کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە بچێت. لە کۆبانێ ١٢ کاندید بۆ بەدەستهێنانی دوو کورسی کێبڕکێ دەکەن، لە حەسەکەم ١٣ کاندید بۆ سێ کورسی هەن. هەروەها لە دێرک دوو کاندید بۆ دوو کورسی و لە قامیشلوش حەوت کاندید بۆ چوار کورسی ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
Your Comment