بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کاتێکدا کە پڕۆسەی نوێی کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان حکوومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چووەتە قۆناغێکی جێبەجێکردنەوە، پێشنیارەکەی ئەم دواییەی دەولەت باخچەلی بۆ پێدانی ڕۆڵێکی فەرمی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، ڕەهەندە نوێیەکانی ستراتیژی ئەنقەرەی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ئاشکرا کردووە. ئەم هەنگاوە نیشانی دەدات کە پڕۆسەکە زیاتر لەوەی لەسەر بنەمای «ڕێککەوتنی سیاسی» بێت، لەسەر «بەڕێوەبردنی کۆنترۆڵکراوی کۆتاییهێنان بە ڕێکخراوێکی چەکداری» چڕبووەتەوە.
باخچەلی پێشنیاری کردووە کە ئۆجەلان نازناوی «هەماهەنگیکاری پڕۆسەی ئاشتی و تێکەڵبوونی سیاسی» بگرێتە ئەستۆ؛ ڕۆڵێک کە ڕێگەی پێدەدات لە زیندانی ئیمراڵییەوە لەگەڵ فەرماندە و لقە هەرێمییەکانی پەکەکە لە عێراق و سووریا لە پەیوەندیدا بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕۆڵە بە شێوازێک داڕێژراوە کە تەنیا لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەکانی پەکەکەدا بێت و بە مانای دانپێدانانی ئۆجەلان وەک نوێنەری سیاسیی کورد نەبێت.
شیکارییەکان نیشانی دەدەن کە حکوومەتی تورکیا بەو قەناعەتە گەیشتووە کە بێ بەکارهێنانی هەژموون و کاریگەریی کەسیی ئۆجەلان، چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پێکهاتەکانی پەکەکە زامن ناکرێت. ئۆجەلان هێشتا تاکە کەسایەتییە کە دەسەڵاتەکەی لەلایەن بەشێکی گەورەی ناو پەکەکەوە قبووڵکراوە، هەر ئەمەش وایکردووە حکوومەتی تورکیا ڕۆڵی ئەو نەک وەک «تێچوویەکی سیاسی»، بەڵکو وەک «سەرمایەیەکی کارا» سەیر بکات.
لەو مۆدێلەی ئەنقەرە دەیەوێت، پەکەکە ڕێکخراوێکە کە هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت و ئێستا دەبێت بچێتە قۆناغی ڕادەستکردنی چەک، تۆمارکردنی کەرەستە سەربازییەکان، گەڕانەوەی هێزەکان و کۆتاییهێنان بە پێکهاتە ڕێکخراوەییەکەی. حکوومەتی تورکیا هەوڵ دەدات ئەم پڕۆسەیە وەک پڕۆژەیەکی ئەمنی و یاسایی لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی دەوڵەتدا بەڕێوە ببات، نەک وەک پڕۆسەیەکی گفتوگۆ لە نێوان دوو لایەنی یەکساندا. لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆڵی ئۆجەلان ئاسانکارییە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیە، نەک ئەکتەرێک کە بتوانێت لەسەر مەرجە سیاسییەکانی دانوستان بکات.
لەلایەکی دیکەوە، تێگەیشتنی ئۆجەلان و لایەنە نزیکەکانی لەم پڕۆسەی ئێستا جیاواز دەردەکەوێت. بەپێی ئەو پەیام و هەڵوێستانەی لێیەوە بڵاوکراونەتەوە، ئۆجەلان هەوڵ دەدات ئەم پڕۆسەیە وەک «گواستنەوەیەکی مێژوویی بزووتنەوەیەکی چەکداری بۆ ناو سیاسەتی یاسایی و دیموکراتیک» پێناسە بکات، کە تێیدا بزووتنەوەی کوردی هێشتا بەشێک لە کاراکتەری سیاسی و مافی کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی گۆڕانکارییەکەی خۆی دەپارێزێت. بەم هۆیەشەوە، پێگە و نازناوی فەرمی ئۆجەلان تەنیا بابەتێکی شەخسی نییە، بەڵکو بە مانای سیاسی گشت پڕۆسەکەوە گرێدراوە.
ئەم جیاوازیی روانینە، لێکەوتەی ڕاستەوخۆی بۆ داهاتووی سیاسەتی کوردی لە تورکیادا دەبێت. لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) هێشتا لە پەرلەمان و شارەوانییەکانی ناوچە کوردنشینەکاندا ئامادەیی هەیە و چالاکی سیاسیی یاسایی کورد بەردەوامە، بەڵام حکوومەتی تورکیا چ نیشانەیەکی نیشان نەداوە بۆ قبووڵکردنی بزووتنەوەی کوردی وەک «لایەنێکی سیاسی لە ململانێیەکی مێژووییدا». بە دەربڕینێکی دیکە، ئەنقەرە بەشداریی هەڵبژاردنی کورد قبووڵ دەکات، بەڵام ئامادە نییە لەسەر بابەتەکانی وەک نامەرکەزییەت، پێکهاتەی ئەمنی، مافە بەکۆمەڵەکان یان گۆڕانکاریی لە دەستووردا بچێتە ناو دانوستانی سیاسییەوە.
شرۆڤەکاران پێیان وایە پەرەسەندنەکانی باکووری سووریاش بەشێکن لەم ستراتیژییە گشتگیرە. دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان لەدەستدا و لە کۆتاییدا ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ حکوومەتی نوێی دیمەشق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەلشەرع واژۆ کرد؛ کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، پێکهاتە سەربازی و کارگێڕییەکانی ئەم هێزانە لەناو حکوومەتی سووریادا تێکەڵ دەکرێن.
لەکاتێکدا ئەم پڕۆسەیە لە ڕووکەشدا وەک «گواستنەوەیەکی سیاسی» دەخرێتە ڕوو، بەڵام لە کرداری جێبەجێکردندا حکوومەتی دیمەشق کۆنترۆڵی دەروازەکان، کێڵگە نەوتییەکان، فڕۆکەخانەکان و پێکهاتە ئەمنییەکان دەگرێتە دەست، بێ ئەوەی تا ئێستا دۆخی سیاسیی دیاریکراو یان جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی فەرمی بۆ ناوچە کوردنشینەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناسێندرابێت. شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان کە تورکیاش ڕێک دەیەوێت هەمان مۆدێل لە ناوخۆی سنوورەکانی خۆیدا جێبەجێ بکات؛ واتە سڕینەوەی پێگەی سەربازی و سیاسی سەربەخۆی کورد و گۆڕینی بۆ تێکەڵبوون لەناو پێکهاتەی حکوومەتی ناوەندیدا.
لە چوارچێوەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، سەردانی ئەم دواییەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بۆ دیمەشق و گفتوگۆکانی لەبارەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەک هەوڵێکی ئەنقەرە بۆ هاوئاهەنگکردنی هاوکاتی دوو دۆسیەی سووریا و پەکەکە هەڵدەسەنگێندرێت. تورکیا نایەوێت هیچ کام لە دوو لایەنی سنوورەکە ببنە پەناگە یان مۆدێلێکی جێگرەوە بۆ ئەوی دیکەیان.
لەناو خۆی تورکیاشدا کۆمەڵێک دامەزراوە و میکانیزم لە حاڵی شێوەگرتندان کە نیشانی دەدەن حکوومەت چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیەوە. باخچەلی ڕۆڵی شەرعییەتپێدانی نەتەوەیی دەگێڕێت، ئۆجەلان ئەرکی گەیاندنی پەیامەکان و زامنکردنی گوێڕایەڵیی ناو پەکەکەی لەسەر شانە، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) میکانیزمی یاسایی و جێبەجێکردن دابین دەکات و لیژنەی پەرلەمانیش چەتری یاسایی بۆ پڕۆسەکە دروست دەکات. هاوکات ڕاپۆرتگەلێک لەبارەی داڕشتنی یاسای گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە و دیاریکردنی ماوەیەکی کاتیی دیاریکراو بۆ ڕادەستکردنی چەکەکان بڵاوکراونەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، مەترسییەکانی ئەم مۆدێلە هێشتا بەردەوامن. خودی باخچەلی بە ئاماژەدان بە ئەزموونی پڕۆسەی ئاشتی لە ئێرلەندای باکوور، هۆشداریی داوە لە مەترسیی دروستبوونی گرووپی جیابووەوە کە دژی چەکداماڵین بن. ئەزموونی پێکهێنانی «سوپای کۆماریی ڕاستەقینەی ئێرلەندا» دوای ڕێککەوتنی ئاشتی، بۆ ئەنقەرە هۆشدارییەکی جیدییە. پڕۆسەیەک کە زۆر لەسەر دەسەڵاتی یەک کەس، خشتەی کاتیی سنووردار و جێبەجێکردنی سەرەوخوار (لە سەرەوە بۆ خوارەوە) پشتبەستوو بێت، دەکرێت زەمینە خۆش بکات بۆ سەرهەڵدانی گرووپی توندڕەوی دژبەر.
سەڕەڕای ئەم نیگەرانییانە، شرۆڤەکاران پێیان وایە ڕێڕەوی گشتیی پڕۆسەی ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر ڕوون بووەتەوە. باسی سەرەکی چیتر لەسەر ئەسڵی کۆتاییهێنان بە شەڕ نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە کێ، بە چ مەرجێک و لە چ ماوەیەکی کاتیدا کۆنترۆڵی جێبەجێکردنی دەکات. وەڵامی حکوومەتی تورکیا بۆ هەر سێ پرسیارەکە ڕوونە: کۆنترۆڵی تەواوی دەوڵەت، جێبەجێکردنی پڕۆسەکە لەسەر بنەمای مەرجەکانی ئەنقەرە و کۆتاییهێنانی هەرچی خێراتری دۆسیەی پەکەکە. لە بەرامبەردا، ئەوەی کە ئایا کۆمەڵگە و ڕەوتە کوردییەکان ئەم پڕۆسەیە وەک «گواستنەوەیەکی مێژوویی» دەبینن یان «خۆبەدەستەوەدانی کۆنترۆڵکراو»، پێدەچێت بۆ ساڵانێکی زۆر وەک جێگەی مشتومڕ بمێنێتەوە.
Your Comment