بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی «گەڕانەوەی ئارام» دێت کە لە نێوان بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی کاتیی سووریادا واژۆ کراوە، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە مەینەتییەکانی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر خاکی خۆیان.
ئەم خێزانانە کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ساڵی ٢٠١٨ی تورکیاوە ناچار بە جێهێشتنی عەفرین ببوون، لە گوندی «ڕۆڤی» لە باشووری کۆبانێ بە ڕێوڕەسمێکی جەماوەری و بەڕێ کران. لەم ڕێوڕەسمەدا بەرپرسانی کارگێڕیی کۆبانێ، نوێنەرانی حکوومەتی کاتیی سووریا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان ئامادە بوون.
لە میانی بەڕێکردنی کاروانەکەدا، ئیبراهیم موسلیم وەک نوێنەری بەڕێوبەرایەتیی کۆبانێ، ئەم هەنگاوەی بە نیشانەی چەسپاندنی ئاشتی و برایەتی لەقەڵەم دا و هیوای خواست تا هاتنی جەژنی قوربان، تەواوی ئاوارەکان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. هاوکات مزگین خەلیل، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کۆبانێ ڕایگەیاند کە خەڵکی کۆبانێ لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا بە هەموو شێوەیەک هاوسۆز و پاڵپشتی خوشک و برا ئاوارەکانی عەفرین بوون.
ئەمە پێنجەمین کاروانی فەرمیی ئاوارەکانە کە بەرەو عەفرین بەڕێ دەکەوێت، دوای ئەوەی پێشتر چوار کاروانی دیکە لە ناوچەی جزیرەوە گەڕابوونەوە. بەرپرسانی ناوچەکە هیوا دەخوازن "ئەم پرۆسەیە ببێتە بنەمایەک بۆ سەقامگیریی هەمیشەیی لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، تاوەکوو هەموو هاووڵاتییەک بتوانێت بە پاراستنی کلتوور، زمان و ناسنامەی ڕەسەنی خۆیەوە لەسەر خاکی خۆی ژیان بەسەر ببات".
Your Comment