بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند: ''کۆبوونەوەکە لەسەر داوای کۆمەڵی دادگەری بووە و تێیدا باسی پێداویستییەکانی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان کراوە".
میرانی وتیشی: ''بە ڕاشکاوی قسەمان لەسەر ئەو کەمتەرخەمیانە کرد کە بەرامبەر یەکتر هەمانبووە و بڕیارماندا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە بۆ ئەوەی چی بۆ پاراستن و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان پێویستە، ئەوە بکەین".
جەختیشی کردەوە کە نابێت لایەنەکان هێزی خۆیان لە لاوازیی یەکتردا ببیننەوە، چوونکە نەیارانی کورد سوود لەو پەرتەوازییەیە وەردەگرن.
هاوكات عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند: ''حیزبەکەی دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی بەرەو ئاستێکی باشتر ببات، بەتایبەت کە ئێستا ناوچەکە و عێراق بە بارودۆخێکی هەستیار و پڕ لە مەترسیی شەڕدا تێدەپەڕن".
سەبارەت بە پەرلەمانیش، عەبدولستار مەجید وتی: "هەرچەندە ئێمە لە ئێستادا لە ناو پەرلەمان نین، بەڵام پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەین. پێمان باشە لایەنەکان لەسەر یاسا و میکانیزمی هەڵبژاردن ڕێکبکەون بۆ ئەوەی پەرلەمانێکی کارامان هەبێت کە بتوانێت لێپرسینەوە لە حکوومەت بکات و یاسای بوودجە پەسەند بکات".
کۆبوونەوەی پارتی و کۆمەڵی دادگەری لە کاتێکدایە کە بەهۆی ناکۆکیی قووڵی نێوان حیزبە سیاسییەکانەوە، پەرلەمانی کوردستان پەکیکەوتووە و ناتوانێت هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەرچووە بەڵام بەهۆی تانە و ناکۆکییەکانەوە تا ئێستا متمانە بە خولە نوێیەکە نەبەخشراوە.
Your Comment