کوردانی عێراق نابێت پشت بە پشتگیریی ترەمپ ببەستن

ڤیکتۆریا تایلۆر، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کەمبوونەوەی خواستی وڵاتەکەی بۆ پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بەتایبەت لە بواری چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتۆن چیتر نابێتە ناوبژیوان لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیکتۆریا جەی تایلۆر، بەڕێوەبەری پرۆگرامی عێراق لە دامەزراوەی "ئەنجومەنی ئەتڵەس" (Atlantic Council) و جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، هۆشداری دا کە هەرێمی کوردستانی عێراق نابێت وەک ڕابردوو چاوەڕوان بێت واشنتۆن ڕۆڵێکی چالاک و ناوبژیوانانە لە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێردا بگێڕێت.

تایلۆر لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی "گفتوگۆی عێراق" لە واشنتۆن، جەختی کردەوە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەراورد بە حکوومەتەکانی پێشووی ئەمریکا، ئارەزوویەکی زۆر کەمتری هەیە بۆ دەستوەردان لە ململانێی نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان. ناوبراو هەروەها نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و بەردەوامیی بنبەستی سیاسی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم وەک نیشانەیەکی نیگەرانکەر ناودەبات.

تایلۆر سەبارەت بە ناڕوونی و کێشە بەردەوامەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر دۆسیەی نەوت، گاز و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران ڕایگەیاند کە ڕیشەی قەیرانەکە دەگەڕێتەوە بۆ "ناکۆکییەکی بنەڕەتی لەسەر هاوسەنگیی دەسەڵات" لە نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمدا. بە گوتەی ئەو، نەبوونی ڕێککەوتنێکی ڕوون لەسەر سنووری دەسەڵاتەکانی هەولێر و بەغدا بووەتە هۆی ئەوەی ئەم گرژییانە بەردەوام دووبارە ببنەوە.

ئەم بەرپرسە پێشووە جەختی کردەوە کە چارەسەری درێژخایەنی ئەم قەیرانە پێویستی بە پەسندکردنی یاسای ڕوون هەیە، بەتایبەت "یاسای نەوت و گازی عێراق"؛ یاسایەک کە بە گوتەی ئەو نزیکەی دوو دەیەە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، تایلۆر گوتی تەنانەت پەسندکردنی یاساکەش بەتەنیا بەس نییە، چونکە قەیرانی بێمتمانەیی نێوان هەردوو لایەن و کێشەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بە کەلێنی سیاسیی نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێم (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان) کرد و گوتی: چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە هەر شتێک زیاتر پێویستی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان ئەکتەرە کوردەکان و حکوومەتی عێراق هەیە، نەک دەستوەردانی واشنتۆن.

تایلۆر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە کەمبوونەوەی بەرچاوی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد. ئەو ڕوونی کردەوە کە هاوکارییەکانی واشنتۆن لە ٦٠ ملیۆن دۆلاری ساڵی ڕابردووەوە بۆ نزیکەی ١.٣ ملیۆن دۆلار لەمساڵدا دابەزیوە، چونکە یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوکاریی نێوان ئەمریکا و هەولێر لە ساڵی ٢٠٢٦دا کۆتایی دێت.

تایلۆر گوتی: "کۆتاییهاتنی ئەم یاداشتەی لێکتێگەیشتنە بە شێوەیەکی سروشتی بە واتای کۆتاییهاتنی پشتگیریی دارایی ئەمریکایە بۆ دابینکردنی مووچە و هاوکاریی دارایی هێزەکانی پێشمەرگە". لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە پێویستە حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر لەبری پشتبەستن بە پشتیوانیی دەرەکی، هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشە پێکهاتەیییەکانی ئابووری و دابینکردنی سەرچاوەی دارایی دامەزراوە حکومییەکانی خۆیان.

سەبارەت بە ئەگەری نوێکردنەوە یان پێداچوونەوە بەم ڕێککەوتنە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، تایلۆر گوتی ئەگەرێکی لەو شێوەیە هەیە، بەڵام هەولێر نابێت پلانەکانی خۆی لەسەر بنەمای بەردەوامیی پشتگیرییەکانی ئەمریکا دابڕێژێت.

بەڕێوەبەری پرۆگرامی عێراق لە ئەنجومەنی ئەتڵەس، ڕەخنەی لە بەردەوامیی بنبەستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان گرت و ڕایگەیاند کە تێپەڕبوونی نزیکەی ١٩ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەبێ پێکهێنانی کابینەی نوێ، پەیامێکی نەشیاو بۆ دەنگدەرانی کورد دەنێرێت.

ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: هەرچەندە چاوەڕوان دەکرێت پێکهاتەی حکوومەتی داهاتوو جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ پێکهاتەی ئێستادا نەبێت و پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی لەدەستدا بمێنێتەوە و یەکێتیی نیشتمانییش پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت بۆخۆی بپارێزێت، بەڵام خودی بنەمای پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گرنگییەکی زۆری هەیە.

News ID 227179

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha