کوردانی سووریا نیگەرانن لە سڕینەوەی بەرەبەرەی دەستکەوتەکانیان

سڕینەوەی زمانی کوردی لە تابلۆی کۆشکی دادی حەسەکە، نیگەرانییەکی نوێی سەبارەت بە داهاتووی خۆبەڕێوەبەری و پێگەی کورد لە پێکهاتەی نوێی سووریادا دروست کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سێت فرانتزمەن، شرۆڤەکاری پرسی کورد، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە گرژییە نوێیەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هۆشداری دەدات کە ناکۆکی لەسەر سڕینەوەی زمانی کوردی لە تابلۆ حکوومییەکاندا، دەکرێت ببێتە قەیرانێکی گەورەتر لەنێوان کورد و حکوومەتی دیمەشقدا.

بەگوێەری نووسراوەکەی فرانتزمەن، خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ دوای ئەوە دەستی پێکرد کە حکوومەتی سووریا تابلۆ دوو زمانەکەی (کوردی و عەرەبی) «کۆشکی داد»ی داگرت و لەبری ئەو تابلۆیەکی تەنیا بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی هەڵواسی. خۆپیشاندەرانی کورد ئەم هەنگاوە بە نیشانەی پاشەکشەی دیمەشق لە دانپێدانان بە ناسنامە و مافە کولتوورییەکانی کورد دەزانن.

فرانتزمەن دەنووسێت کە گەنجانی کورد چەندین جار تابلۆ نوێیەکەیان تێکداوە و وەزارەتی دادگستریی سووریاش خۆپیشاندەرانی بە «ئاژاوەگێڕ» و «تێکدەر» ناوبردووە و هەڕەشەی ڕاوەدوونانی یاسایی لێ کردوون. میدیای فەرمیی سووریا ڕایگەیاندووە کە حکوومەت خەریکی گەڕاندنەوەی دامەزراوە حکومییەکانە بۆ حەسەکە و دەستیکردووە بە تێکەڵکردنی پێکهاتە ناوخۆییەکان لە چوارچێوەی حکوومەتی ناوەندیدا.

ئەم شرۆڤەکارە جەخت دەکاتەوە کە پرسی زمان تەنیا پرسێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ پێگەی سیاسی و ناسنامەیی کورد لە سووریای دوای جەنگدا. بە گوتەی ئەو، کورد لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵ جەنگ دژی داعش، پێکهاتەی سیاسی و کارگێڕیی تایبەت بە خۆیان دروست کردووە و ئێستا نیگەرانن لەوەی لەگەڵ گەڕانەوەی قۆناغ بە قۆناغی دیمەشق، دەستکەوتەکانیان لەناو بچێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە حکوومەتی سووریا هاوکات هەوڵ دەدات هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو پێکهاتە ئەمنییە نوێیەکەدا تێکەڵ بکات. لەم چوارچێوەیەدا، سیپان حەمو وەک جێگری وەزیری بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستنیشان کراوە و بەرپرسی هەماهەنگیی تێکەڵکردنی بەشێک لە هێزە کوردییەکانە لە سوپای نوێدا.

فرانتزمەن هۆشداری دەدات کە هەرچەندە پێکدادانەکان لە ئێستادا تەنیا لە ئاستی ناڕەزایەتی بەرامبەر تابلۆکاندایە، بەڵام ئەم بابەتە دەکرێت ببێتە هۆی گرژیی نەتەوەیی بەرفراوانتر لەنێوان عەرەب و کورددا؛ بەتایبەت کە بەشێک لە کۆمەڵگەی عەرەب، ناڕەزایەتییەکانی کورد وەک هێرش بۆ سەر شکۆی حکوومەتی نوێی سووریا دەبینن.

ناوبراو لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە «زمان» لە سووریای نوێدا بووەتە بابەتێکی قووڵی سیاسی؛ چوونکە کورد نایەوێت ئەو مافانەی کە لە ماوەی ساڵانێک جەنگ و خەباتدا بەدەستی هێناوە، بەرە بەرە لەدەستی بدات.

News ID 227128

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha