بۆچی ڕۆشنبیرانی تورکیا لەئاست پڕۆسەی ئاشتیدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە؟

بیرەوەریی دەستبەسەرکردنی ئەکادیمیستەکان، زیندانی کردنی لایەنگرانی گفتوگۆکانی پێشوو و بەردەوامیی کەشوهەوای ئەمنیی لە تورکیا، بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ڕۆشنبیران، نووسەران و هونەرمەندانی ئەو وڵاتە لە پشتگیریکردنی ئاشکرای پڕۆسەی نوێی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە خۆیان بپارێزن؛ پڕۆسەیەک کە بە بڕوای ڕەخنەگران هێشتا فاقیدی شەفافیەت و هەنگاوی کردەیی دەسەڵاتە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بێدەنگی و خۆپارێزی بەشێکی بەرچاوی ڕۆشنبیران، ئەکادیمیستەکان و هونەرمەندانی تورکیا لە ئاست پڕۆسەی نوێی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە، ڕەگی لە ئەزموونە تاڵە سیاسییەکان، بێمتمانەیی قووڵ بە دەسەڵات و کەشوهەوای ئەمنیی ساڵانی ڕابردوودا هەیە. ڕاپۆرتەکەی عیرفان ئاکتان دەری دەخات کە زۆرێک لە نخبەکانی تورکیا، بە پێچەوانەی خولی دانوستانەکانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥، ئەمجارە لە پشتگیریکردنی ئاشکرای پڕۆسەی ئاشتی دەپەرژێنەوە؛ چونکە پێیان وایە پشتگیریکردن لە «ئاشتی» لە تورکیادا دەکرێت دووبارە ببێتە هۆی باجێکی سیاسی، پیشەیی و تەنانەت دادوەری.

گرنگترین هۆکاری ئەم بێدەنگییە، یادەوەریی سەرکوتە فراوانەکەی دوای شکستخواردنی پڕۆسەی ئاشتی پێشووە. دوای هەرەسهێنانی دانوستانەکانی نێوان دەسەڵاتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی ٢٠١٥، زۆرێک لەو کەسایەتییانەی پشتگیرییان لە دانوستانەکان کردبوو، دەستگیرکران یان پەراوێز خران. نموونەی دیاری ئەوە، سڕی سورەییا ئۆندەر بوو کە سەرەڕای هەبوونی ڕۆڵێکی فەرمی لە دانوستانەکاندا، دواتر زیندانی کرا. ئەم ئەزموونە، ئەو نیگەرانییەی لە نێوان ڕۆشنبیراندا دروست کردووە کە ڕەنگە دەسەڵات بارێکی تر لایەنگرانی پڕۆسەی ئاشتی بکاتە قوربانیی گۆڕانکارییە سیاسییەکان.

لەم نێوەندەدا، دۆسیەی «ئەکادیمیستەکانی ئاشتی» بووەتە هێمای ئەم بێمتمانەییە. زیاتر لە دوو هەزار مامۆستای زانکۆ کە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٦دا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆیان کردبوو، ڕووبەڕووی دەرکردن، قەدەغەی کارکردن، هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرت و تەنانەت زیندانیش بوونەوە. زۆرێک لەوان هێشتا نەتوانراوە بگەڕێنەوە بۆ زانکۆکان. هەر ئەم ئەزموونە وای کردووە بەشێکی گەورەی نخبە ئەکادیمییەکان پێ باش بێت لە ئاست پڕۆسە نوێیەکە بێدەنگی هەڵبژێرن تا دووبارە نەبنە ئامانجی فشارە ئەمنییەکان.

زولفو لیڤانێلی، نووسەر و مۆسیقایەری ناسراوی تورکیا، دەربارەی کەشوهەوای بێمتمانەیی باڵکێشاو دەڵێت: «سەیرم لێ نایەت کە خەڵک بە ئاشکرا پشتگیری لەم پڕۆسەیە ناکەن.» ئەو بە ئاماژەدان بە گەشبینییەکانی سڕی سورەییا ئۆندەر لە سەرەتای دانوستانە نوێیەکاندا، گوتی: «ئەو دەیگوت ئەمجارە ئاشتی دێت، بەڵام دەسەڵات بە نەناونی هەنگاوی کردەیی پیشانی دا کە ئەو ئومێدانە نەهاتوونەتە دی.»

حوسێن چەلیک، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی، ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی توندتری هەیە و پێی وایە دەسەڵات لە بنەڕەتدا لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا ڕاستگۆ نییە. ئەو دەڵێت: «حیزبی دەسەڵاتدار پرسەکە نەک وەک پرسێکی کوردی، بەڵکو تەنیا وەک کێشەی تێرۆر دەبینێت. کاتێک ناوی کێشەکە بە دروستی نەنێیت، ناتوانیت چارەسەری بکەیت.» چەلیک هەروەها جەخت دەکاتەوە کە کەشوهەوای ئازادی گفتوگۆ وەک خولی دانوستانەکانی پێشوو چیتر بوونی نییە و زۆرێک لە ڕۆشنبیران دەترسن قسەکانی ئەمڕۆیان لە داهاتوودا لە دژیان بەکار بهێنرێتەوە.

هۆکارێکی تری گومانی نخبەکان، دەستپێکردنی پڕۆسە نوێیەکەیە لە لایەن دەوڵەت باخچەلی، ڕێبەری ڕەوتی نەتەوەپەرستی تورکیاوە. زۆرێک لە ڕۆشنبیران نازانن بۆچی کەسایەتییەک کە ساڵانێکی زۆر هەڵوێستی توندی دژە کوردی هەبووە، ئێستا باس لە پڕۆسەی ئاشتی دەکات و ئامانجە ڕاستەقینەکانی ئەم گۆڕانکارییە چییە.

گوڵتەن کایا، تێکستنووس و هاوسەری ئەحمەد کایا، پێی وایە کێشەکە تەنیا پەیوەندی بە کەشوهەوای ئێستاوە نییە، بەڵکو ڕەگێکی مێژوویی هەیە. ئەو دەڵێت ڕۆشنبیرانی تورکیا لە ڕابردووشدا بوێریی پێویستیان بۆ بەرگریکردن لە ئاشتی و مافەکانی کورد نەبووە. بە گوتەی ئەو: «ئێمە لەگەڵ پرسێکدا ڕووبەڕووین کە وەک کۆنکرێت ڕەق بووە؛ سەد ساڵە بە کۆمەڵگەیان گوتووە کورد بوونی نییە و ئێستا تازە چرپە دەکرێت کە ڕەنگە کورد هەبن.» ئەو بە بیرهێنانەوەی چارەنووسی ئەحمەد کایا، گۆرانیبێژی کوردتەباری تورکیا کە دوای بەرگریکردن لە مافی گۆرانیگوتن بە زمانی کوردی کەوتە ژێر فشار و لە غەریبیدا کۆچی دوایی کرد، گوتی: «ئەحمەد کایا دەیزانی چ باجێک دەدات، بەڵام هەر ڕاستییەکەی گوت.»

گایە بۆراڵی ئۆغڵو، نووسەری تورک، کەشوهەوای هەبوو بە ئەنجامی ترس و بێمتمانەیی قووڵ دەزانێت. ئەو هۆشداری دەدات: «سنووری نێوان هەڵوێستێکی ڕێزدارانە و تاوان لە تورکیادا زۆر لێڵ بووە. ئەو ڕستەیەی ئەمڕۆ بۆ ئاشتی دەیتڵێیت، ڕەنگە سبەی وەک تاوان هەژمار بکرێت.» ئەو هەروەها دەپرسێت: «کاتێک لە ڕۆژئاوای تورکیا شارەوانییەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکەونە ژێر فشار و دەستبەسەرکردنەکان بەردەوامن، بە وردی باس لە چ جۆرە ئاشتییەک دەکرێت؟» سەڤیلای چەلەنک، نوێنەری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و یەکێک لە واژۆکارانی بەیاننامەی ئاشتی ٢٠١٦، پێی وایە پڕۆسەی ئێستا بە پێچەوانەی دانوستانەکانی پێشوو، لە کەشوهەوایەکی ئازاد و کۆمەڵایەتیدا دروست نەبووە. بە گوتەی ئەو، پڕۆسە نوێیەکە لە بارودۆخێکدا دەستی پێکرد کە دەسەڵات توندترین ئامرازەکانی سەرکوتی دژی نەیارانی بەکار دەهێنا و هەر ئەمەش ڕێگر بوو لە دروستبوونی متمانەی گشتی.

شێخموس دیکن، نووسەری کورد لە دیاربەکر، دەڵێت ئەگەرچی ئومێد بە ئاشتی هێشتا لە ناو کۆمەڵگەی کورداندا لەناو نەچووە، بەڵام داخوران و بێهیوایی لە زیادبووندایە. ئەو جەخت دەکاتەوە کە سستیی پڕۆسەی دانوستانەکان، بەردەوامیی گوتاری دژە کوردی و نەبوونی هەنگاوی کردەیی، متمانەی گشتیی لاواز کردووە.

سەرەڕای هەموو ئەم گومانانە، ژمارەیەک زۆر لە ڕۆشنبیران و چالاکوانانی سیاسیی تورکیا هێشتا پڕۆسەی ئاشتی بە تاکە ئومێد بۆ کۆتاییهێنان بە چەندین دەیە ململانێی نێوان دەسەڵاتی تورکیا و پەکەکە دەزانن؛ هەرچەندە پێیان وایە سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە بەبێ شەفافیەت، چاکسازیی کردەیی و بونیادنانەوەی متمانەی گشتی مەحاڵ دەبێت.

News ID 227123

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha