پەکەکە "بزووتنەوەی ئاپۆیی" ڕاگەیاند و تۆپەکەی خستە گۆڕەپانی ئەنقەرەوە

لەیەکەم ساڵیادی کۆنگرەیدا؛ پەکەکە بزووتنەوەیەکی نوێی راگەیاند و دەڵێت ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە و ئێستا نۆرەی دەوڵەتی تورکیایە هەنگاوی یاسایی بنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێشەممە، ۰۵ـی ئایاری ۲۰۲۶، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئاستی باڵای سەرکردایەتی، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە؛ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ساز کرد و تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی.

لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرکردایەتیی پەکەکە بزووتنەوەیەکی نوێی بەناوی "بەرێوەبەرایەتیی بزوتنەوەی ئاپۆیی" راگەیاند.

بزووتنەوەکە، هەڵسەنگاندنی بۆ ساڵێکی تێپەڕبوو بەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد و رایگەیاند، ئەوان بە تەواوی پابەندی بانگەوازە مێژووییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراویان بوون، بۆ دەستپێکردنی قۆناغی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی.

سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە جەختی کردەوە، هەنگاوی گەورەیان وەک کشانەوەی هێزەکان لە ناوخۆی تورکیا، سووتاندنی چەکەکان و ئازادکردنی دیلەکانی دەزگای هەواڵگیریی "میت" ناوە، بەڵام بەرپرسانی ئەنقەرە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەییان بۆ جێبەجێکردنی پێشنیارەکانی پەرلەمان و ڕەخساندنی زەمینەی یاسایی نەناوە.

بزووتنەوەی ئاپۆیی جەختی کردەوە، بۆ سەرکەوتنی ئەم وەرچەرخانە سیاسییە، پێویستە حکوومەتی تورکیا، ئۆجەلان وەک سەرۆک دانوستانکار و لایەنی فەرمی بناسێت و پێگەیەکی یاسایی و بارودۆخێکی ئازادی بۆ بڕەخسێنێت، چونکە بەبێ دیاریکردنی دۆخی کارکردنی رێبەرایەتی و دەرکردنی یاسای پێویست بۆ دیموکراسی؛ پرۆسەکە ناگاتە ئەنجامی کۆتایی و تەنها بە دیدارە ناوبەناوەکان کێشەی ۱۰۰ ساڵەی کورد چارەسەر نابێت.

پرۆسەی نوێی ئاشتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۴ـەوە بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستی پێکرد، کاتێک داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات.

ڕۆژی ۲۷ی شوباتی ۲۰۲۵، ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە راگەیاند، لەو چوارچێوەیەشدا پەکەکە لە ۱۲هەمین کۆنگرەی خۆیدا لە نێوان ۵ بۆ ۴ی ئایاری ۲۰۲۵، بڕیاری کۆتاییهێنان بە بوونی ڕێکخراوەیی خۆی دا.

سەرەڕای ئەوەی پەکەکە بڕیاری چەکدانانی داوە، بەڵام دەم پارتی و لایەنە کوردییەکان رەخنە لە خاوی حکوومەت دەگرن لە جێبەجێکردنی هەنگاوە یاساییەکان. داواکارییە سەرەکییەکانی دەم پارتی بریتین لە کۆتاییهێنان بە سەپاندنی قەییووم بەسەر شارەوانییەکاندا، ئازادکردنی زیندانییە رامیارییەکان، هەروەها دیاریکردنی پێگەیەکی یاسایی بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ ناو ژیانی مەدەنی.

News ID 227099

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha