بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجوومەنی سیاسیی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بەسەرپەرشتیی ڕێبوار ئەوڕەحمان، جێگری سەرۆکی جووڵانەوەکە کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر لێکتێگەیشتنی نێوان جووڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا و خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنەکە بە گرنگ بۆ ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان وەسفکرا، نەوەى نوێ هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا واژۆ بکرێت و ئەنجوومەنەکە تەواوی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی پەسەند کرد.
هاوکات لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی عێراق و وەرگرتنی وەزارەتێک لەلایەن نەوەی نوێوە گفتوگۆى لەسەر کرا، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجوومەنی سیاسیی جوڵانەوەکە بەکۆی دەنگی ئەندامان بەربژێرى پۆستی ئەو وەزارەتەی بەغدادی دیاریکرد، کە بڕیار وایە نەوەی نوێ وەریبگرێت.
ئەنجوومەنی سیاسیی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەشى دووپاتکردووەتەوە، کە جارێکیتر پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و پەرلەمانى کوردستان دەربڕی و داواکاربوو بەردەوام بن لە خزمەتی هاونیشتمانیان و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانیان.
Your Comment