بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «نوورەدین ئەحمەد» پارێزگاری حەسەکە لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکخستنی نێوان بەڕێوەبەریی خۆسەر و حکوومەتی کاتیی سووریادا، پلانێکی گرنگ بۆ وەرگێڕانی پڕۆگرامی فەرمیی خوێندنی ئەم وڵاتە بۆ سەر زمانی کوردی تاوتوێ دەکرێت.
«نوورەدین ئەحمەد» پارێزگاری حەسەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو ئاماژەی بەوە کرد کە لە دۆسیەی تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەگەڵ حکوومەتی کاتیی سوریادا «پێشکەوتنی بەرچاو» بەدەست هاتووە. ناوبراو هەروەها لە نزیکبوونەوەی کاتی ئازادکردنی سەرجەم زیندانیان هەواڵی دا و وتی کە ئامادەکارییە کۆتاییەکان بۆ ئەم هەنگاوە تەواو بوون.
پارێزگاری حەسەکە ئاماژەی دا بە پرۆسەی یەکخستنی پێکهاتە سەربازییەکان و ئاسایشی ناوخۆ و وتی: «ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی نەرم و بێ کێشە بەڕێوە دەچێت و هەنگاوەکانی وەک دیاریکردنی فەرماندەی یەکەکان و ڕێکخستنی ئەفسەرانی چالاک نراون. ژمارەیەک لەو ئەفسەرانە لە ئێستادا لە ئەکادیمیای سوپای سوریادا سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانن.»
ناوبراو زیادی کرد کە لە کەرتی ئاسایشی ناوخۆشدا چەندین دامەزراندن ئەنجام دراون و لێژنەگەلێک بۆ پێداچوونەوە بە دۆخی هێزەکانی ئاسایش پێکهێنراون، تاوەکوو لەسەر بنەمای پسپۆڕی و تواناکانیان لە پێکهاتە نوێیەکەدا جێگیر بکرێن.
نوورەدین ئەحمەد ڕایگەیاند کە دۆسیەی ئازادکردنی بێ مەرجی زیندانیان لە کارە لەپێشینەکانە و بە لابردنی هەندێک بەربەستی ئەم دواییە، ئەم هەنگاوە بەم زووانە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها لە هەبوونی ڕێککەوتنی بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان هەواڵی دا.
پارێزگاری حەسەکە جەختی لەوە کردەوە کە بەڕێوەبردنی هاوبەش لەم پارێزگایەدا لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکان دەبێت، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک هەست بە پەراوێزخستن و دوورخستنەوە نەکات. ئەو دروستکردنی متمانەی نێوان لایەنە جیاوازەکانی بە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە دانا.
ئەحمەد لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لە بابەتی پەروەردە و خوێندن کرد و وتی: «چەندین پێشنیاز لە کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی پەروەردەی سوریا و دەستەی پەروەردەی بەڕێوەبەریی خۆسەردا خراونەتە ڕوو. یەکێک لە گرنگترین ئەو پێشنیازانە، وەرگێڕانی تەواوی پڕۆگرامی خوێندنی فەرمیی سوریایە بۆ سەر زمانی کوردی و پێشکەشکردنیەتی لە ناوچەکانی وەک حەسەکە، کۆبانی، عفرین و گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب.»
ناوبراو ئەم هەنگاوەی وەک «هەنگاوێکی زۆر گرنگ» و یەکێک لە زامنی سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستنەوەکە ناوبرد و وتیشی کە کەشوهەوای گشتی بەرامبەر بەم پڕۆژەیە ئەرێنییە.
پارێزگاری حەسەکە لە کۆتاییدا بە ئاماژەدان بە نەبوونی خشتەیەکی کاتیی ورد بۆ تەواوکردنی پرۆسەی یەکخستنەوەکە وتی: «هەوڵەکان بۆ خێراکردنی ئەم پرۆسەیە بەردەوامن تاوەکو زەمینە بۆ کاراکردنی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و کارگێڕییەکان لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا بڕەخسێت.»
نوورەدین ئەحمەد هەروەها هۆشداریی دا لەبارەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و دووبەرەکی لە هەندێک لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە بابەتانە دەتوانن زیان بە پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بگەیەنن.
Your Comment