شکستی پرۆسەی ئاشتی، هەرەسهێنانی حکوومەتی لێدەکەوێتەوە

کانی تورون، پەرلەمانتاری تورکیا جەختی لەسەر پێویستیی گرتنەبەری هەنگاوی بەپەلە، بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرد لەوانەش ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و هۆشداری دا کە سستبوونی حکوومەت لە پێشخستنی پرۆسەی ئاشتیدا دەبێتە هۆی ڕاگرتنی پرۆسەکە و لێکەوتەی سیاسیی قورسی لێبکەوێتەوە، لەوانەش ڕووخانی حکوومەت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کانی تورون، دیپلۆماتکار و پەرلەمانتاری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئامارجی، هۆشداریی داوە کە شکستی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و کوردانی ئەم وڵاتە نەک هەر کۆتایی بە هەوڵەکانی ئاشتی دەهێنێت، بەڵکوو دەکرێت ببێتە هۆی ڕووخانی حکومەتیش.

ئەو کە پێشتر باڵیۆزی تورکیا بووە لە سۆماڵی و وەک ڕاوێژکاری باڵاش کاری کردووە، ئاماژە بە پشتگیرییە ڕواڵەتییەکان لە پرۆسەی ئاشتی دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە توخمە ئەمنییەکان لە ناوخۆی پێکهاتەی دەسەڵاتدا سەرقاڵی تێکدانی ئەم پرۆسەیەن. بە وتەی ئەو، حکومەت کاتێکی زۆری لەبەردەستدا نییە بۆ پێشخستنی ئەم پرۆسەیە و پێویستە دەستبەجێ هەنگاوی بەرجەستە و کرداری بنێت.

ئازادکردنی دەمیرتاش؛ هەنگاوی یەکەم

تورون یەکێک لە یەکەمین هەنگاوە پێویستەکان بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی متمانە، بە ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەزانێت (هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە) کە زیاتر لە دە ساڵە لە زیندانی ئەدیرنەدایە. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە جێبەجێکردنی بڕیار لەسەر دەمیرتاش دەکرێت ببێتە نیشانەیەکی جدی لە پابەندبوونی حکومەت بە ئاشتی و گەڕانەوە بۆ سیاسەتی مەدەنی.

ئەم پەرلەمانتارە هۆشداری دەدات کە ئەگەر تا مانگی ئایار (مایس) هەنگاوی یاسایی دیاریکراو لە پەرلەماندا نەنرێت، ڕەنگە پرۆسەی ئاشتی پەک بکەوێت؛ دۆخێک کە بە وتەی ئەو تەنانەت لە شکستێکی تەواویش مەترسیدارترە. تورون بە بەکارهێنانی خوازەی "برینی کراوە" جەخت دەکاتەوە کە هەڵپەساردنی پرۆسەی ئاشتی دەتوانێت ببێتە هۆی توندبوونی قەیرانەکان و پەرەسەندنی بێ متمانەیی.

گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان

تورون لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا، دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی بە جیاواز لە گۆڕانکارییەکانی دوای جەنگ نابینێت. ئەو پێی وایە کە لاوازبوونی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان و گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تورکیای ناچار کردووە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پرسی پەکەکەدا بکات. بە وتەی ئەو، ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانیش لە ئێستادا پێیان باشترە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتاندا ڕێکبخەن، نەک لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا.

گرێکوێرەی دانوستانەکان

بەوتەی تورون، یەکێک لە گرێکوێرە سەرەکییەکانی دانوستانەکان، ناکۆکییە لەسەر لەپێشینەیی 'داماڵینی چەک' یان 'چاکسازیی یاسایی'. حکومەت داوا دەکات پەکەکە پێش هەر هەنگاوێکی سیاسی چەک دابنێت، لە کاتێکدا ئەو گرووپە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت سەرەتا چاکسازیی یاسایی بکرێت. چارەسەری پێشنیارکراوی تورون بۆ ئەم کێشەیە، جێبەجێکردنی هاوکاتی ئەم دوو ڕێڕەوەیە.

تورون پێی وایە ئەم خولەی دانوستانەکانی ئاشتی بەراورد بە هەوڵەکانی ڕابردوو لە دەیەی ٩٠ و هەروەها پرۆسە شکستخواردووەکەی ساڵانی ۲۰۱۳ تا ۲۰۱٥ جیاوازی گرنگی هەیە. لەوانەش ئەوەی کە ئەمجارە دەسەڵات خۆی دەستپێشخەری پرۆسەکەیە و ئۆپۆزسیۆنیش پشتگیری لێ دەکات؛ لە کاتێکدا لە ڕابردوودا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دژی بوون. بە وتەی ئەو، ڕای گشتیش لە ئێستادا ئامادەیی زیاتری هەیە بۆ قبوڵکردنی ئاشتی.

بەردەوامیی دەستگیرکردنەکان و فشاری سەر کورد

لە هەمان کاتدا، تورون ڕەخنە لە بەردەوامیی دەستگیرکردنەکان و فشارەکان دژی سیاسەتمەدارانی کورد دەگرێت و ئەوە بە نیشانەیەک لە دژبەری لە هەڵسوکەوتی حکومەتدا دەزانێت. ئەو ئاماژە بە سزای قورسی سەر سەرۆک شارەوانییە کوردەکان دەکات و دەپرسێت ئەگەر سەرۆک کۆمار بە ڕاستی پابەندە بە ئاشتی، ئەی بۆچی هەنگاوی کرداری نانرێت؟

تورون جەخت دەکاتەوە کە چارەسەرکردنی پرسی کورد تەنها کورت نابێتەوە لە چەکداماڵینی پەکەکە، بەڵکو پێویستی بە چاکسازیی قووڵ هەیە لە دەستووردا، لەوانەش لە بواری زمانی دایک و پێناسەی هاوڵاتیبووندا. بە وتەی ئەو، تەنها لەم کاتەدایە کە تورکیا دەتوانێت ببێتە هێزێکی ناوچەیی سەقامگیر و مۆدێلێکی دیموکراتی.

ئەم پەرلەمانتارە لە کۆتاییدا پێشبینی دەکات کە لە ئەگەری شکستی پرۆسەی ئاشتیدا، حکومەتی ئێستا یەکەمین قوربانی دەبێت و پێدەچێت تا ساڵی ۲۰۲۷ حکومەتێکی نوێ لە تورکیا بێتە سەر کار. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو پێی وایە کە پرۆسەی ئاشتی لە کۆتاییدا — چ لەگەڵ ئەم حکومەتەدا بێت یان لەگەڵ حکومەتێکی تردا — سەردەگرێت.

 تورون لە کۆتاییدا ڕوو لە حکومەت دەکات و دەڵێت: "بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم پرۆسەیە زۆر قورسە و شکستهێنانی نەک تەنها لە کاتی ئێستادا، بەڵکو لە مێژووشدا تۆمار دەکرێت".

News ID 227089

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha