کوردپرێس: دهنگی ئهمریکا بڵاویکردهوه، حکوومەتی ئەمریکا دەیەوێت دەست بەسەر کۆشکێکدا بگرێت، لە چوارچێوەی سکاڵایەکی وەزارەتی داد، بە تۆمەتی ئهوهی که پارەی کڕینی کۆشکەکە لە چوارچێوەی فێڵکردن لە سوپای ئەمریکا و بەرتیلدان بە مەنسوور بارزانی بووە.
دەنگی ئەمریکا ئاماژهی بهوهشداوه، تەواوی بەڵگەنامەکانی سکاڵاکەیان دەستکەوتووە. بە گوێرەی پەڕاوی فەرمی سکاڵاکە، لایەنی فەرمی سکاڵاکار حکوومەتی ئەمریکایە.
ئهوهشی خستۆتهڕوو، کەیسەکە لەلایەن ئێف بی ئای و دەزگای خزمەتگوزاری لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرگری و لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی باجدان (IRS) لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە. وەزارەتی دادی ئەمریکا ۲۲ی چواری ۲۰۲۶ بەیاننامەیەکی لەسەر کەیسەکە بڵاوکردەوە.
لە بەیننامەکەدا هاتووە: "وەزارەتی داد ئەمڕۆ سکاڵایەکی دەستبەسەرداگرتنی مەدەنی لە دادگای ناوچەیی ئەمریکا بۆ ناوچەی ناوەندی کالیفۆرنیا تۆمارکرد و داوای دەستبەسەرداگرتنی کۆشکێک دەکات کە دەکەوێتە شاری بێڤەرلی هیڵز لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، کە گوایە بە نزیکەی ۳۰ ملیۆن دۆلار کڕدراوە و نۆژەن کراوەتەوە، لە داهاتی پلانێک بۆ فێڵکردن لە دەزگای لۆجستیکی بەرگری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و بەرتیلدان بە بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانی عێراق و پێشێلکردنی یاساکانی سپیکردنەوەی پارەی ئەمریکا."
سکاڵاکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی دژ بە داعش لە ساڵانی نێوان ۲۰۱۶ بۆ ۲۰۲۰؛ دەڵێت، کۆمپانیایەکی بەڵێندەری ئەمریکایی بەرتیلی ملیۆنان دۆلاری داوە بە مەنسور بارزانی کە ئەو کات فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە بوە و ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە دەستگەیشتن بە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
پەڕاوی سکاڵاکەی حکوومەتی ئەمریکا ناوی ئەو کۆمپانیایەی ئاشکرا نەکردوە، بەڵام ئاماژەی داوە بەوەی بنکەی سەرەکی کۆمپانیاکە لە ویلایەتی ڤێرجینیایە.
بە گوێرەی ژمارەی ئەو بەڵێنە بێت کە لە سکاڵاکەدا بڵاوکراوەتەوە، کۆمپانیاکە بریتییە لە دی جی ج سی ئینتەرناشناڵ کە ساڵی ۲۰۰۵ وەک کۆمپانیایەکی ئای تی دامەزراوە و ساڵی ۲۰۱۰ توانیویەتی یەکەم گرێبەستی حکوومەتی ئەمریکا بەدەست بهێنێت.
لە نێوان ساڵانی ۲۰۱۵ بۆ ۲۰۲۳، کۆمپانیاکە چەند گرێبەستێکی بە بەهای ۷۰۰ ملیۆن دۆلار لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکا ئەنجام داوە، بۆ دابینکردنی وزەی سوتەمەنی بۆ ئەو فڕۆکانەی ئەمریکا کە لە پرۆسەکانی دژ بە داعش لە عێراق و ناوچەکەدا بەکارهاتوون.
حکوومەتی ئەمریکا دەڵێت، کۆمپانیاکە بە نایاسایی هەوڵیداوە کۆمپانیاکانی تر لە کێبڕکێ دوور بخاتەوە، بۆ ئەمەش بەرتیلی بە ڕێژەی ۲۵ سەنتی بۆ هەر لیترێک سوتەمەنی داوە بە مەنسور بارزانی لە بەرامبەر دابینکردنی "دەستڕاگەیشتنێکی تایبەت" بەو بنکانەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
حکوومەتی ئەمریکا هەروەها دەڵێت، لەو ماوەیەدا، کۆمپانیاکە نرخی سووتەمەنییەکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، لە هەمان کاتدا کۆمپانیا ڕکابەرەکان ڕێگرییان لێکراوە لە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ گواستنەوەی سوتەمەنی بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا.
حکوومەتی ئەمریکا ئاماژە دەکات بەوەی که لە ساڵی ۲۰۱۸، نزیکەی ۳۰ ملیۆن دۆلار لەو پارە نایاساییانە لەلایەن سندوقێکی متمانەی سەر بە مەنسور بارزانییەوە خەرجکراوە بۆ کڕین و نۆژەنکلردنەوەی "کۆشکێک" لە شاری بێڤەرلی هیڵزی ویلایەتی کالیفۆرنیا.
بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی تری حکوومەتی ئەمریکا کە دەست دەنگی ئەمریکا کەوتووە، کۆشکەکە دەکەوێتە شەقامی فوت هێڵ.
ماڵپەڕی زێڵۆی ئەمەریکی و چەند ماڵپەڕێکی تری خانوبەرە ئەوەیان دەستنیشان کردوە کە کۆشکەکە لەسەر ڕووبەری زیاتر لە ۴ هەزار و ۱۲۷ مەتر دوجا دروستکراوە، بریتییە لە ڤێلایەک بە دیزاینی فەرەنسی و پێکهاتووە لە شەش ژووری خەوتن، نۆ شۆرگە، شانۆیەک، مەلەوانگەیەک، لەگەڵ چەند باخچەیەکی ئهورووپی.
وهک دهنگی ئهمریکا هێمای بۆ کردوه، ئەم سکاڵایەی حکوومەتی ئەمریکا هەتا ئێستا هەر لە خانەی تۆمەتدایە. ئەرکی سەلماندنی تۆمەتەکان لە سکاڵای مەدەنیدا دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی ئەمریکا.
ئهوهش خراوهتهڕوو، لە ئێستادا هۆبەی سپیکردنەوەی پارە، ماددە هۆشبەرەکان و دەستبەسەرداگرتن لە بەشی تاوانەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا ئەو کەیسە بەڕێوە دەبات.
Your Comment