بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فازڵ میرانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر حکوومەتێک بەبێ پارتی پێکبهێنرێت، وەک "مرۆڤێکی خاوەن پێداویستی تایبەت" دەبێت و توانای هەستان و بەڕێوەچوونی وەک پێویست نابێت.
سەبارەت بە هەڵوێستە توندەکانی پارتی و بایکۆتکردنی هەندێک قۆناغی سیاسی، میرانی ڕوونیکردەوە کە ئەمە بە واتای کشانەوە لە پرۆسە سیاسییەکە نایەت. بەڵکو ئامانج لێی گەڕانەوەی هاوسەنگییە بۆ سیستەمی پەرلەمانی و ڕاستکردنەوەی ئەو لادانانەی لە عێراقدا دروست بوون. جەختیشی کردەوە کە پارتی وەک نوێنەری زیاتر لە نیوەی خەڵکی کوردستان، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی لەسەر شانە نەک تەنیا دەستکەوتی حزبی.
بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی و یەکێتی تائێستاش هاوبەشن و جیابوونەوەیان ئاسان نییە. سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار، پێیوایە کێشەیەکی ئەوەندە گەورە نییە لە نێوان هەردوو حزبدا چارەسەر نەکرێت.
نیگەرانی خۆی دەربڕی کە ئەگەر لایەنە کوردییەکان بە یەک لیست بەشدارییان بکردایە، ئێستا پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کورد دەبوو، نەک لایەنەکانی دیکە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، میرانی وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە باس لە "خاکفرۆشی" دەکەن و ڕایگەیاند: "ئێمە خاکمان نەفرۆشتووە و ناشیفرۆشین، بەڵکو بە خوێنی شەهیدان پاراستوومانە." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پارتی پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، چونکە نەمانی ئەم یاسایانە و تێکچوونی دەستکەوتە مێژووییەکانی کوردستان، گەورەترین مەترسییە.
Your Comment