کوردپرێس: به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی باره‌گای بارزانی، له پیرمام، مەسعوود بارزانی پێشوازی له تۆم باراک نوێنه‌ری سه‌رۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئه‌مریکا له تورکیا کرد و تۆم باراک وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری له‌گه‌ڵ مەسعوود بارزانی، پێزانینی بۆ ڕۆڵی مەسعوود بارزانی هه‌بوو له ڕێگه‌گرتن له فراوانبوونی شه‌ڕ و توندوتیژی و هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ هێورکردنه‌وه‌ی پێشهاته‌کانی ئه‌م دواییه‌ی سووریا و سه‌رگرتنی ڕێککه‌وتنی نێوان حکوموه‌تی سووریا و هێزه‌کانی سووریای دیموکرات.
تۆم باراک رایگه‌یاندوه، بۆ کێشه و گرفته‌کانی عێراقیش سوود له حیکمه‌ت و ڕێنوێنیی مەسعوود بارزانی وه‌ربگیرێت، ئه‌مریکاش خوازیاری ئه‌وه‌یه عێراق خاوه‌نی سه‌روه‌ریی خۆی بێت و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا گرنگه ئه‌مریکا په‌یوه‌ندی و شه‌راکه‌تی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا هه‌بێت.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا مەسعوود بارزانی ڕۆشنایی خسته‌سه‌ر مێژو و خه‌باتی گه‌لی کوردستان و ئه‌و تاوان و جینوسایده‌ی به‌رانبه‌ر گه‌لی کوردستان کراوه و باسی له‌وه‌کرد، "گه‌لی کوردستان هه‌میشه خوازیاری ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیان بوه و ویستویه‌تی کێشه‌کان دور له توندوتیژی چاره‌سه‌ر بکرێن.
له‌باره‌ی عێراقیشه‌وه، مەسعوود بارزانی رایگه‌یاندووه: "پابه‌ندبوون به ده‌ستوور و بنه‌ماکانی هاوبه‌شی و سازان و هاوسه‌نگی وا ده‌کات که عێراق گه‌شه بکات و به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی عێراقیش هه‌ر له‌وه دایه ده‌ستوور جێبه‌جێ بکرێت و عێراق خاوه‌نی بڕیار و سه‌روه‌ریی خۆی بێت و له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م دراوسێکاندا به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی هه‌بێت و شه‌راکه‌تی نێوان ئه‌مریکا و عێراقیش ڕه‌چاو بکرێت".
مەسعوود بارزانی ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕوو، حکوومه‌تی داهاتووی عێراق پابه‌ندی جێبه‌جێکردنی ده‌ستوور و بنه‌ماکانی فیدڕاڵیزم بێت و هه‌روه‌ها له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان یاسا بۆ ئه‌وه بابه‌تانه ده‌ربچێت که هێشتا چاره‌سه‌رنه‌کراون و بۆ داهاتوی گه‌لانی عێراق گرنگ و پڕبایه‌خن وه‌ک یاسای نه‌وت و گاز و مادده‌ی 140 و ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ستن به جێبه‌جێبونی بنه‌ماکانی فیدڕاڵیزم له ده‌وڵه‌تی عێراق.
له‌باره‌ی بابه‌تی سه‌رۆک کۆماریشه‌وه، مەسعوود بارزانی ئه‌وه‌یخسته‌ڕوو: "مادام ئه‌و پۆسته پشکی گه‌لی کوردستانه پێویسته میکانیزمێکی شاییسته بۆ دیاریکردنی کاندیدی سه‌رۆک کۆمار هه‌بێت که ده‌رخه‌ری ئیراده‌ی خه‌ڵکی کوردستان بێت".
سه‌باره‌ت به بابه‌تی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقیش، مەسعوود بارزانی وێڕای ئاماژه‌دان به پێویستیی پابه‌ندبوون به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی عێراق ڕاشیگه‌یاند، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ده‌ن که کێ کاندیدی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران بێت و به‌لای ئێمه‌شه‌وه گرنگه که سه‌رۆک وه‌زیران پابه‌ندی ده‌ستوور و بنه‌ماکانی هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و سازان بێت.
پڕۆسه‌ی ناوخۆی هه‌رێم و بارودۆخی ناوچه‌که ته‌وه‌ری تری ئه‌و دیداره بوون و مەسعوود بارزانی هیوای خواست که کێشه‌کانی ناوچه‌که به ئاشتی چاره‌سه‌ر بکرێت و ناوچه‌که دوور بێت له شه‌ڕ و توندوتیژی.
دوێنێ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا، لوبنان و عێراق به‌سه‌ردانێک گه‌یشته به‌غدا و دوای کۆبونه‌وه‌ی لەگەڵ محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، تاوتوێی "دروستکردنی ئایندەیەک بۆ پلانەکەی ترەمپ"یان کردوە.
Your Comment