لەنێوان عێراق و تورکیا لێکتێگەیشتن هەیە بۆ وەرگرتنەوەی داعشە زیندانییەکان

باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی پێشکەوتوو هەیە لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زیندانییانەی "داعش" کە خاوەنی ڕەگەزنامەی تورکین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ڕایگەیاند: مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لە بەغدا بەڕێوەدەچێت بۆ دانانی دواین ڕێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو داعشانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکیان بە شێوەیەک کە گەرەنتی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و ورد بکات.

باڵیۆزی تورکیا جەختی لەوەشکردووەتەوە، وەرگرتنەوەی هاووڵاتیانی تورکیا کە ژمارەیان زیاتر لە ۱۸۰ تیرۆریستە و ئێستا لە زیندانەکانی عێراقدان، هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی قۆناغی دوای داعش و کەمکردنەوەی فشار لەسەر دامەزراوە ئەمنی و دادییەکانی عێراق، ئەمەش بە پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوە یاساییە ڕوونەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکان و ڕێکخستنی ڕێکارە دادوەرییەکان.

باڵیۆزی تورکیا جەختی لە پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئەو سەقامگیرییەی عێراق بەخۆیەوە دەبینێت کردەوە، ئاماژەی بە باشبوونی باری ئەمنی و گەشەکردنی پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی عێراق کردەوە.

دۆسیەی زیندانییە بیانییەکان گرنگییەکی تایبەتی لە عێراقدا هەیە کە بە هۆیەوە وڵاتەکە ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکی گەورە بووەتەوە لە بەڕێوەبردنی هەزاران ئەندامی تیرۆریست لە ڕەگەزنامە جیاوازەکان، بەو پێیەی بەغدا بەرپرسیارێتی دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنیانی لە ئەستۆدایە، ئەوەش بارگرانییەکی زۆر بۆ دەزگا ئەمنی و دادییەکان دروست دەکات، هاوکات گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی بیانی بۆ وڵاتەکانی خۆیان، وەک هەنگاوێک دەبینرێت بۆ چەسپاندنی بنەمای بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی هاوبەش لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

News ID 226892

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha