بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولكەریم هاشم مستەفا باڵیۆزی عێراق لە مۆسكۆ، لەگەڵ (ئیكور نیكۆلیاڤیچ زۆبۆڤ) جێگری وەزیری ناوخۆی ڕووسیا كۆ بووەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەم كۆبوونەوەیەدا باڵیۆزەكە بانگەوازی حكوومەتی عێراقی گەیاندوەتە حكوومەتی ڕووسیا؛ سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییە ڕووسییانەی كە ئەندامی رێكخراوی تیرۆرستی داعش و لە گرتووخانەكانی عێراق دەستبەسەرن.
جێگری وەزیری ناوخۆی ڕووسیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ گەڕاندنەوەی گیراوانی داعش نیشانداوە، ئەمە دوای دڵنیابوونەوە لە ڕەگەزنامەكانیان.
لەدوای پرسی گیراوانی داعش، باڵیۆزەكەی عێراق لەبارەی ئاسانكاریكردن بۆ پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیان و پیاوانی خاوەنكاری عێراق و چالاككردنی جووڵەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری قسەی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا كردووە.
ئەمە لەپاڵ قسەكردن سەبارەت بە كێشەی ئەو خوێندكارە عێراقییانەی كە لە زانكۆكانی روسیا دەخوێنن و توشی ئاستەنگی نوێكردنەوەی ئیقامەی خوێندنەكانیان بوونەتەوە، سەرباری ئەوەی رەزامەندی فەرمی زانكۆكانیان هەیە.
جێگری وەزیری ناوخۆی ڕووسیا ئامادەیی نیشانداوە بۆ چارەسەری سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ عێراق و؛ كردنەوەی كەناڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ باڵیۆزخانە بەمەبەستی ئاسانكاری بۆ ئەو ڕێكارانەو خێراكردنیان.
Your Comment