بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وتەبێژێکی حکوومەتی هۆڵەندا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، ۱۵ کەس لە چەکدار و کەسوکارەکانیان کە وڵاتینامەی هۆڵەندایان هەیە، پێشتر لە زیندان و کەمپەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)ـدا بوون، بەڵام لە دوای هێرشەکانی سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە پارێزەرەکانیان نەیانتوانیووە پەیوەندییان پێوە بکەن.
بەوتەی ئەو بەرپرسە، حکوومەتی هۆڵەندا نیازی نییە ئەو کەسانە بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی.
وتەبێژەکەی حکوومەتی هۆڵەندا سەبارەت بە چارەنووسی ئەو چەکدارانە وتی: "ڕوانگەی کابینەی حکوومەت ئەوەیە کە دەبێت دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی لە ناوچەکەدا [لەو شوێنەی تاوانەکەی لێ کراوە] ئەنجام بدرێت".
هاوکات جەختی لەوەش کردەوە: "حکوومەت تەنیا لەو کاتەدا بیر لە گەڕاندنەوە دەکاتەوە کە هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی نەبێت".
دوای ڕووخانی "خەلافەت"ـی داعش لە ساڵی ۲۰۱۹، هەزاران ژن و منداڵی چەکدارە بیانییەکانی ئەو گرووپە لە کەمپەکانی "هۆل" و "ڕۆژ" لە کوردستانی سووریا نیشتەجێ کران، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات بوون، جگە لە هەزاران چەکداری دیکەی گرووپەکە، کە خرانە زیندانەکانەوە.
مانگی ڕابردوو، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بڕیاری دا نزیکەی حەوت هەزار چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بگوازێتەوە. تاوەکوو ئێستا بەرپرسانی عێراق گەیشتنی پێنج هەزار و ۷۰۰ چەکداریان راگەیاندووە کە خەڵکی ۶۱ وڵاتی جیاوازن.
سەرچاوە: ڕووداو
Your Comment