بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان دوای تەواوبوونی سەردانەکەی بۆ ئەسیوپیا، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا لە ناو فڕۆکەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وەڵامی پرسیارەکانیانی دایەوە و وتی: "بە وریایی، پێداگریی، سەنگینیی و پتەوییەوە بەرەو ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر بەرەو پێش دەچین. دەستمان بۆ کارێکی خێر بردووە، پشتیوان بە خودا سەرکەوتوو دەبین".
سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا ڕایگەیاند: "سات بە سات چاودێری هەنگاوەکانی پەیوەست بە تێکەڵبوونی تەواو دەکەین. بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکەش ڕێنمایی و پێشنیاری پێویست پێشکەش دەکەین".
لە بارەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەردۆغان ڕایگەیاند: "جەنگێکی نوێ کە ئێران بکاتە ئامانج هیچ سوودێک بە کەس ناگەیەنێت، بەپێچەوانەوە ناوچەکەمان زەرەرمەند دەبێت".
ناوبراو وتیشی: "وەک تورکیا بە هەموو موخاتەبەکانمان ڕاگەیاندووە کە دژی دەستوەردانی سەربازین بۆ سەر ئێران".
سەرکۆماری تورکیا دەربارەی ئەنجوومەنی ئاشتیی غەززە ڕایگەیاند: "ئومێدەوارم ئەنجوومەنی ئاشتیی غەززە ببێتە مایەی بەدیهاتنی ئەو سەقامگیریی، ئاگربەست و ئاشتییە بەردەوامەی لە غەززە خوازیارین. بەلای منەوە پرسی غەززە تاقیکردنەوەی ویژدانی مرۆڤایەتییە".
ڕاشیگەیاند: "بانگهێشتنامە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاشتیی هاتووە. وەک تورکیا بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەین. وەزیری دەرەوەمان، هاکان فیدان نوێنەرایەتی وڵاتەکەمان دەکات".
سەبارەت بە ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا، ئەردۆغان ڕایگەیاند: "وڵاتەکەمان لە زۆر ڕووەوە بەشداری ئەرێنی بۆ یەکێتیی ئەورووپا دەبێت. زۆر دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە تورکیا بخرێتە ناو میکانیزمەکانی بەرگریی و ئاسایشی ئەورووپاوە".
ناوبراو وتیشی: "ئومێدەوارم ئیدی هەمووان تێگەیشتبن لەوەی کە ناتوانرێت بەبێ تورکیا باس لەوە بکرێت ئەورووپا هاوکێشەیەکی ئاسایشی سەقامگیر و پتەو پێکبهێنێت".
ئەردۆغان باسی لە گرنگی پاراستنی ژمارەی دانیشتوان و پێکهاتەی خێزان کرد و، ڕایگەیاند: "وەک دەسەڵات لە ئامادەباشیداین بۆ پاراستنی ژمارەی دانیشتووان و پێکهاتەی خێزان. ئەمە دەپارێزین. هەنگاوی زۆر زۆر جددیمان هەیە کە بۆ پاراستنی ئەمە دەیانگرینەبەر".
سەرکۆماری تورکیا ڕەخنەی توندی لە ئیدارەی جەهەپە گرت و ڕایگەیاند: "لە لایەک باندەکانی گەندەڵی و دزی و بەرتیل، لە لایەکی دیکەشەوە ئەو کەسە بێتوانایانەی بوونەتە سیمای سیاسەتێکی ناکارامە و ناشایستە، جەهەپەیان گەمارۆداوە".
Your Comment