بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ڕۆژی سێشەممە بانگێشتی "ئەنیل بۆرا ئینان"ی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد، لەسەر پاشخانی ئەو لێدوانە نوێیانەی کە "هاکان فیدان" وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵی "CNN"ی تورکی دابووی.
ئاماژەی بەوەشكرد، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، باڵیۆز "محەمەد حوسێن"، نیگەرانی و ناڕەزایەتی عێراقی بەرامبەر ئەو لێدوانانەی لە میدیاکاندا بڵاوبوونەتەوە دەربڕی و جەختیکردەوە کە ئەو لێدوانانە بێڕێزی بەرامبەر پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا تێدایە، و بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و تێپەڕاندنی عورفە دیپلۆماسییەکان دادەندرێت.
بەرپرسەكەی عێراق جەختی کردەوە کە عێراق دەوڵەتی دامەزراوەکانە و خاوەن سیستمێکی سیاسی دیموکراسی دەستوورییە، و ناکرێت بەو وڵاتانەی تر بەراورد بکرێت کە خاوەن سیستمە سیاسییە جیاوازەکانن. هەروەها جەختی لە ڕەتکردنەوەی هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی بۆ سەپاندنی چارەسەر یان بەکارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ کاریگەری سیاسی یان سەربازی کردەوە.
سەبارەت بە کاروباری ناوخۆییش، بریکاری وەزارەت جەختی لەوەکردەوە کە دۆسیەی شەنگال و سەرجەم ناوچە عێراقییەکانی دیكە بابەتێکی تەواو نیشتمانییە و بەپێی ئەولەویەت و میکانیزمە نیشتمانییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
لایخۆیەوە باڵیۆزی تورکیا ڕوونیکردەوە کە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوە بەهۆی وەرگێڕانی هەڵەوە بە شێوەیەکی نادروست لێگدانەوەیان بۆ کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە قسەکانی وەزیر پەیوەست بوە بە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) کە لە عێراقدا هەیە، و پەیوەندی بە کاروباری ناوخۆیی عێراق یان هاوڵاتیانی عێراقییەوە نییە. جەختیشیکردەوە کە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بە عێراق جێگیرە و ڕێز لە سەروەرییەکەی دەگرێت و دەست لە کاروباری ناوخۆیی وەرنادات.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، باڵیۆزی تورکیا جەختی لە پەرۆشی حکوومەتەکەی بۆ پتەوی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەڵوێست و تێبینییەکانی عێراق دەگەیەنێتە سەرکردایەتی وڵاتەکەی، هەروەها گرنگی پاراستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردو گەلی دراوسێ بکات دەربڕی.
ئەوە لەكاتێكدایە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، پێویستە حكوومەتی عێراق سوود لە ئەزموونی سووریا وەربگرێت و تەواوی خاكی خۆی كۆنتڕۆڵ بكات و دوای سووریا سەرەی عێراقە. وتبووشی: "پێشنیازهكه ئهوهیه كه حهشدی شهعبی لهسهر زهوی هێرش بۆ سەر شەنگال دهستپێبكات و توركیاش له ئاسمانهوه هێرشی سهربازی بكات".
Your Comment