بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویكردەوە، دەستی بە رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەزار و ۳۸۷ تیرۆریستی داعش کردووە، کە ماوەیەک لەمەوبەر لە ناو خاکی سووریاوە گەڕێندراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، "بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لێکۆڵینەوەکان لەلایەن ژمارەیەک دادوەرانی پسپۆڕ لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستیانپێکردوە، کە تێیدا رێوشوێنە یاساییەکان جێبەجێ دەکرێن. مامەڵەکردن لەگەڵ دەستبەسەرکراواندا لە چوارچێوەی یاسایی و مرۆیی پەسەندکراو دەبێت، کە ئەوەش بەپێی یاسا نیشتمانییەکان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق، ئەو رێکارانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراق دێن بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە تێوەگلاون لە تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان، بە هەماهەنگی نێودەوڵەتییە کە ئامانجی چارەسەرکردنی دۆسیەی چەکدارانی داعش و ئەو تاوانانەیە کە دەگەنە ئاستی تاوانی جینۆساید و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی".
کۆتایی مانگی ڕابردوو گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە زیندانەکانی رۆژاڤای کوردستانەوە بۆ عێراق دەستیپێکردوە و تا ئێستا نزیکەی ۵۰۰ زیندانی گواستراونەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت ژمارەکە بگاتە حەوت هەزار چەكدار و بەبێ ئەوەی شوێنێ زیندانیكردنیان ئاشكرابكرێت.
Your Comment